مالیکی لەژێر فشار دەکشێتەوە یان دەبێتە سەرۆکوەزیران؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



شیعە دەیەوێت دەستە چەورەکانی بە کورد بسڕێت

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

هەرچەندە پارتی و یەکێتی تا ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ڕێکنەکەوتوون، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت ئەمە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بڵێت کورد ڕێگرە لە پێکهێنانی حکومەت، لەکاتێکدا لەدوای هەڕەشەکانی ترەمپ، نێوماڵی شیعە تەقەی تێکەوتووە و بە مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕازی نین.

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەڵێت، پێدەچێت ناکۆکی نێو ماڵی شیعە لەوە زیاتر تەشەنەی سەندبێت کە دواکەوتنی ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیرانیان پەیوەندی بە ناکۆکی کوردەوە هەبێت و ئەوان خۆیان ئێستا ڕای جیاوازیان بۆ دروستبووە.

ڕۆژنامەکە دەڵێت، ئیستا چوارچێوەی هەماهەنگی بەتەواوی دابەش بووە و لەکۆی 12 هێز و هاوپەیمانی شیعەی نێو چوارچێوەکە، نیوەیان تێبینیان لەسەر مەترسیی کاندیدکردنی نوری مالیکی هەیە یان بێلایەنییان هەڵبژاردووە.

هەڕەشەکانی دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری دروستکردووە کە لە مانگی ڕابردوودا گوتی، دانانەوەی نوری مالیکی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بژاردەیەکی خراپە و ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران چیدیکە یارمەتی عێراق نادەن، ئەگەر واشبکەن ئەوا چانسی سەرکەوتنی عێراق سفر دەبێت.

شەرقلئەوسەت باس لەوە دەکات، یەکێک لەوانەی ڕازی نییە بەوەی مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، قەیس خەزعەلییە لەگەڵ عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی کە هەرسێکیان پێش پەیامە تووندەکەی ترەمپ هۆشداریی ئەمریکایان لەوباریەوە دابوو.

واشنتن مالیکی بە کەسایەتییەکی زۆر نزیکی ئێران دەزانێت، بەڵام لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا، نوری مالیکی وەک ئەوەی پاکانە بۆ خۆی بکات لای ئەمریکا گوتی: ترەمپ بە هەڵە تێگەیەنراوە و لەلایەن رکابەرە عێراقی و هەرێمییەکانەوە بەلاڕێدا براوە. چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە مالیکی بە میدیای ئەمواجیان گوتووە، مالیکی چاوی لە رووبەڕووبونەوەی ئەمریکا نییە و لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ واشنتن بگاتە لێکتێگەیشتنێک.

ئێستا واشنتن چوارچێوەی هەماهەنگی و مالیکی خستووەتە دۆخێکی ئیحراجکەرانەوە، چونکە ناتوانن مالیکی بکشێننەوە، بۆیە بە ئاشکرا چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەوە دەکات مالیکی لە کاندیدبوون ناکێشێتەوە و نوری مالیکی خۆیشی ئەوەی گوتووە کە ئەوەی ئەمریکا دەیکات دەستوەردانە و تەنها بە بڕیاری چوارچێوەی هەماهنەگی بەردەوام دەبێت یان دەکشێتەوە.

کەواتە چارەسەر چییە؟

ئەمواج میدیا چەند سیناریۆیەکی خستووەتە ڕوو کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەو ئیحراجییە ڕزگاری بێت. یەکەمیان ئەوەیە کە چوارچێوە دەتوانێت خۆی بڕیار نەدات، تا نەڵێن بە فشاری ئەمریکا کاندیدەکیان لابرد، بەڵکو مالیکی خۆی بکشێتەوە و ئەوانیش پێی ڕازیی ببن. دووەم سیناریۆ ئەوەیە، مالیکی رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڵام دواتر لە پەرلەمان متمانەی لێ بسەنرێتەوە و کەسێکی دیکە بکرێتە سەرۆکوەزیران یان بەبێ ئەوەی متمانەی لێ بسەنرێتەوە خۆی لە پۆستەکە بکشێتەوە.

بە یەکێک لەم ڕێگایانە مالیکی دەتوانێت کشانەوەیەکی ستراتیجی بکات و چوارچێوەی هەماهەنگیش لە ئیحراجبوون ڕزگار بکات، بەجۆرێک دەتوانێت دواتر بانگەشەی ئەوە بکات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لەبەرچاوگرتووە بەبێ ئەوەی سازش لەسەر سەروەریی عێراق بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار