کورد لەگەڵ فەڵەستینییەکان یان ئیسرائیل پەیوەندی هەیە؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
پێشتر هاوکاری لە کام لا وەرگرتووە؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی
زۆرجار و بەتایبەتی لەدوای دروستبوونی شۆرشی سوریاوە و بە دیاریکراویش لە کاتی ئەم گرژییانەی ئێستای رۆژاڤا، لەلایەن نەیارانی کوردەوە، ناوی ئەم نەتەوەیە دەبەسترێتەوە بە ئیسرائیلەوە، بەتایبەتی پەکەکە و هەسەدە.
بەڵام ئایا دەزانیت لە سەرەتای دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، گرووپە جوداخوازەکانی فەڵەستین و لوبنان، مەشق و ڕاهێنانیان بە پەکەکە دەکرد و جێگەیان بۆ کردبوونەوە؟ تەنانەت بۆ چەند ساڵێکیش پەکەکە هاوشانی گرووپەکانی لوبنان و فەڵەستین شەڕی سوپای ئیسرائیلی کردووە. ئەمە جگە لەوەی تاکە شانازی عەرەب کە ڕزگارکردنی قودسە لەسەر دەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی کوردەوە بووە.
من باسی ئەو مێژووەتان بۆ دەکەم. لە دوای کودەتای ساڵی 1980ـی تورکیا. پەکەکە، کە تا ئەو کاتە پارتێکی سیاسی بوو، بڕیاریدا خەباتی چەکداری دژی تورکیا دەستپێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری پارتەکە بڕیاریدا تورکیا بەرەو سوریا جێبهێڵن، لەوێشەوە چوونە نێو خاکی لوبنان و بە دیاریکراوی لە دۆڵی بیقاع جێگیربوون، کە ئەوکات لەژێر هەژموونی سەربازیی سوریادا بوو.
پەکەکە لە کەمپی هەریەکە لە بەرەی دیموکراتی بۆ رزگاری فەڵەستین، بەرەی جەماوەری بۆ رزگاری فەڵەستین و بزوتنەوەی فەتح جێگیرکرا و لەلایەن ئەو گرووپانەوە مەشقی سەربازی پێدەکرا. حافز ئەسەدی سەرۆکی ئەوکاتی سوریا بە ئامانجی دژایەتی تورکیا ڕێگەی پێدەدان لە ژێر هەژموونی ئەواندا خۆیان بەهێز بکەن.
تەنانەت مانەوەی پەکەکە تەنها بۆ مەشق نەبوو، بەڵکو لە ساڵی 1982 کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەمپەکانی گرووپە فەڵەستینییەکان لە نێو خاکی لوبنان، بە دیاریکراوی لە شەڕی قەڵای شەقسرین، پەکەکە بڕیاریدا هاوشانی گرووپە فەڵەستینییەکان شەڕ دژی ئیسرائیل بکات و لەو شەڕەشدا چەندین کوژراو و دیلی هەبوو.
مانەوەی پەکەکە لە لوبنان بۆ چەند ئامانجێک بوو. سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو گروپە چەکدارانەی لەوێ بوون، هەروەها خۆناساندنیان بە جیهانی دەرەوە وەک گرووپێکی داکۆکیکار لە مافی نەتەوەکەیان، ئەوەش بوو لەساڵی 1984 توانیان لە خاکی سوریاوە بپەڕنەوە بۆ باکووری کوردستان و یەکەم چالاکی سەربازی کە ناسرابوو بە داستانی (دهێ و شەمزینان) دژی حکومەتی ئەوکاتی تورکیا ئەنجام بدەن.
پەیوەندی پەکەکە و گرووپە فەڵەستینییەکان هەتا ساڵی 1993 بەردەوامبوو، دواتر کاتێک یاسر عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لەو کاتەدا ڕێککەوتننامەی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کرد، ئاڕاستەی سیاسی فەلەستینییەکان گۆڕا.
هەروەها، لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، هەژموونی گرووپە چەپ و مارکسییەکانی فەلەستین (وەک بەرەی دیموکراتی و بەرەی جەماوەری) کە هاوپەیمانی نزیکی پەکەکە بوون، پاشەکشەیان کرد. لە بەرامبەردا گرووپە ئیسلامییەکان (وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی) گەشەیان کرد.
لە لایەکی دیکەوە تورکیا پەیوەندییەکی مێژوویی و دیپلۆماسی بەهێزی لەگەڵ فەلەستینییەکان هەبوو. تورکیا بە ڕاشکاوی بە سەرکردایەتی فەلەستینی ڕاگەیاندبوو کە ناکرێت هەم داوای پشتگیری لە ئەنقەرە بکەن و هەمیش مەشق و ڕاهێنان بە پەکەکە بکەن. ئەم فشارە وایکرد فەلەستینییەکان دوورکەوتنەوە لە پەکەکە هەڵبژێرن بۆ پاراستنی پشتگیرییە دارایی و سیاسییەکانی تورکیا.
هەروەها هێرشەکانی پەکەکە لەنێو خاکی سوریاوە بۆسەر تورکیا تەواو ئەنقەرەی بێزارکردبوو، بۆیە تورکیا لە ساڵی 1998 زۆرینەی سوپای وڵاتەکەی لەسەر سنوری سوریا کۆکردەوە و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دیمەشقی دەکرد ئەگەر سوریا عەبدوڵڵا ئۆجالان دەرنەکات.
سوریا کە لەو کاتەدا لە ڕووی سەربازییەوە توانای بەرەنگاربوونەوەی تورکیای نەبوو، بۆیە ناچار بوو پاشەکشە بکات. لە 20ی ئۆکتۆبەری 1998، هەردوو وڵات ڕێککەوتننامەی ئەدەنەیان واژۆ کرد. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە: سوریا پەکەکەی وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند، هەموو چالاکییەکانی پەکەکەی لە خاکی خۆیدا قەدەغە کرد و بڕیاریدا عەبدوڵا ئۆجەلان لە خاکی سوریا دەربکات.
لەدوای رۆشتنی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە خاکی سوریا، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) بڕیاریدا وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە پەکەکە هاوکاری تورکیا بکات بۆ دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان.
پاش ئەوە ئۆجالان کۆچی کرد بۆ هەریەکە لە روسیا، یۆنان و ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی فشاری تورکیاوە هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادەنەبوو وەریبگرن، بۆیە بەناچاری روویکردە، کینیا و لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا خۆی حەشاردا. لە ساڵی 1999 تیمێکی هەواڵگری کە پێکهاتبوو لە میتی تورکیا و سی ئای ئەی ئەمریکی و مۆسادی ئیسرائیلی؛ توانیان ئۆجەلان دەستگیر بکەن و رەوانەی تورکیای بکەنەوە.
ئەمەش چیرۆکی نێوان کورد و ئیسرائیل بوو کە هەمیشە کورد بەوە تۆمەتبار دەکرێت لایەنگیری ئیسرائیلە و لەلایەن ئەو وڵاتەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەکاتێکدا زیاتر لە فەڵەستینییەکانەوە نزیک بوو نەک ئیسرائیل.
