بۆچی ئیسرائیل بێدەنگە لە هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیسرائیل بەنیازی چییە؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی
لەکاتێکدا دەنگۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە هەموو کاتێک زیاترە و ترەمپ ڕۆژ نییە بۆ خۆی یان بە کەسە نزیکەکانیدا پەیام و هەڕەشە بۆ ئێران نەنێرێت، کەچی نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی لە هەموو کاتێک بێدەنگترن و نقەیان لێوەنایەت.
بەڵام ئەم بێدەنگییەی ئیسرائیل مانای ڕاوەستانی نییە، بی بی سی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە ئیسرائیل بە ئاشکرا بێدەنگە، بەڵام لە ژێرەوە سەرقاڵی پلانە لەگەڵ واشنتۆن، چونکە پێیانوایە لەم کاتەدا ناتوانێت بە تەنها ڕژێمی ئێران بگۆرێت. گۆڕینی ڕژێم ئامانجی یەکەم و سەرەکیی ئیسرائیلە، بۆیە ڕێگەکەی بۆ ترەمپ کردووەتەوە کە ئەو کارەی بۆ بکات چونکە توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل سنوورەدارە.
لێکۆڵەرێکی باڵا لە کاروباری ئێران لەو بارەیەوە بە بی بی سی گوتووە: نەتانیاهۆ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بۆ ڕاگرتنی پڕۆگرامی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێران، تەنها یەک ڕێگە هەیە ئەویش گۆڕینی ڕژێمە، ئەمەش تەنها بە ئەمریکا دەکرێت.
سەرچاوەیەک بۆ بی بی سی ئاشکرای کردووە، شلۆمی بیندەر، سەرۆکی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل، لە واشنتۆن لەگەڵ ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کۆبووەتەوە بۆ دیاریکردنی "ئامانجە سەربازییەکان" لەناو خاکی ئێراندا.
لەبارەی بێدەنگی ئیسرائیلیش، ئاساف کۆهین جێگری پێشووی یەکەی هەواڵگریی ئیسرائیل دەڵێت: ئیسرائیل ئێستا بە ئەنقەست بێدەنگە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات ئەمریکییەکان سەرکردایەتی بکەن، چونکە ئەوان بەهێزترن و شەرعییەتی نێودەوڵەتییان زیاترە، تاوەکو بتوانن ڕژێمی ئێران بە تەواوەتی بخەن و کۆتایی بە حوکمی خامنەییی بهێنن.
لەبارەی کاتی گونجاویش کۆهین دەڵێت: ئێستا باشترین کاتە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؛ چونکە کلکەکانی وەک حزبوڵا و حەماس و حوسییەکان لاواز بوون و لەناوخۆی ئێرانیشدا پشێوی هەیە کە یارمەتی ئیسرائیل و ئەمریکا دەدات زووتر بتوانن ڕژێمی ئێران بڕوخێنن.
پرسی هێرشکردنە سەر ئێران لە ناوخۆی ئیسرائیل بووەتە بابەتێکی گشتگیر. پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هێرشی توند و دەستەبەجێدان بۆ سەر ئێران. مۆشێ تورپاز، ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت: لە بەرەنگاربوونەوەی "شەڕی ڕەها"دا نابێت هێرشی سنووردار بکەیت.
ئەمە بۆچوونێکی گشتییە و هەمووان لە ئیسرائیل پێیانوایە کە دەبێت هێرشێکی تووند بکرێتە سەر ئێران، نەک وەک جاری پێشوو تەنها لە ڕێی هێزی ئاسمانییەوە.
بەگوێرەی چەند ڕاپرسییەک، لەدوای شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، زۆرینەی دانیشوانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەدان هێرش بکرێتە سەر ئێران و بەتەواوی ڕژێمەکە لەناو ببرێت، چونکە پێیانوایە ئێران هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر تەلئەبیب و لە هەرکاتێکدا بێت ئێران بە مووشەک هێرش دەکاتە سەریان.
