کێشەی هەڵبژاردنی رابەری  باڵای کۆمای ئیسلامیی ئێران ماڵی ئێرانی پەرتەوازە کردووە، سوپای پاسداران فشار دەکات دەستبەجێ موجتەبا خامنەیی وەک رابەری باڵا، هەڵبژێردرێت بەڵام بەشێک لە ئەندامەکانیش دژی سەرکردایەتیی بۆماوەیین.  کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو مەجلیسی شارەزایانی ئێرانەوە ئاشکرای کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران فشارەکانی بۆسەر ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران چڕکردووەتەوە و داوایان لی دەکات دەستبەجێ بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی بدەن و وەک جێنشنی خامنەیی باوک دانی پێدا بنێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێران ئینتەرناشناڵ، موجتەبا خامنەیی لەنێو ئەنجومەنی شارەزایان کۆدەنگی لەسەر نییە و لانیکەم هەشت ئەندامی ئەنجومەنەکە دژی ئەوەن موجتەبا خامنەیی ببێتە رابەری باڵا و دژی سەرکردایەتیی بۆماوەیین.  سەرچاوەکان بە کەناڵەکەیان وتووە، عەلی خامنەیی پێش کوژرانی بە بیرۆکەی هەڵبژاردنی کوڕەکەی وەک جێنشینی ئەو دڵخۆش نەبووە و هەرگیزیش رێگەی نەداوە ئەم بابەتە بوروژێنرێت.  پێدەچێت ئەم رۆژانە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر سەختتر ببن. هێرشە بەردەوامەکان ئەمریکا و ئیسرائیل و ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی رابەری نوێی ئێران، رەنگە قەیرانەکانی وڵاتەکە قووڵتر بکاتەوە و ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتەکەکدا بخاتە بەردەم تەحەدای جدییەوە.

سەرەڕای ئەوەی هەریەك لە ئەمریكا و ئیسرائیل جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران دەستی پێكردووە، چەند هەفتەیەك دەخایەنێت، بەڵام راپۆرتێكی رۆژنامەوانی دەڵێت، پێدەچێت ململانێكان درێژە بكێشێت بۆ چەند مانگێك درێژ بێتەوە. ماڵپەڕی رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پنتاگۆن) پێشبینی دەكات، ئەم جەنگەی لەگەڵ ئێران دەست پێكردووە، زیاتر لە 100 رۆژ دەخایەنێت و ئەگەرییش هەیە درێژ بێتەوە، بۆ مانگی ئەیلولی داهاتوو، هەروەها پنتاگۆن دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیی هەواڵگری سەربازیی بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە کەوتووە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا داوای لە پنتاگۆن کردووە، ئەفسەری هەواڵگری سەربازیی زیاتر بنێرێت بۆ بارەگاکەی لە شاری تامپا لە ویلایەتی فلۆریدا، بۆ ئەوەی لانیکەم بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بکەن، کە ئەگەری هەیە تا مانگی ئەیلولیش بەردەوامی هەبێت. رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) باسی لەوە كردووە، ئەمە یەکەمین جارە ئیدارەی ئەمریکا داوای پشتیوانیی هەواڵگریی زیاتر بکات، بۆ جەنگەكەی لەگەڵ ئێران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پنتاگۆن لە ئێستاوە دەستیکردووە بە تەرخانکردنی بودجە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، کە ئەگەری هەیە ماوەكەی زیاتر درێژببێتەوە لە ماوەی ئەو چوار هەفتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیاریکردبوو، بۆ كۆتاییهانی جەنگەكەی لەگەڵ ئێران. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، داواكردنی زیادکردنی خێرای کارمەند و كەرەستەكان لەلایەن پنتاگۆنەوە بۆ پشتیوانیکردن و درێژە پێدانی پرۆسە سەربازییەكان،  بۆماوەیەكی دوورمەودا، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی  تیمی ترەمپ پێشبینی دەرئەنجامە دوور مەوداکانی ئەو شەڕەی نەکردووە، کە ئەمریکا شان بەشانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممەی رابردوو دەستیپێکرد. رەخنەگران ترەمپ تۆمەتبار دەکەن، بەوەی بەبێ پلانێکی روون و بەبێ ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس، وڵاتەکەی خستووەتە ناو جەنگێکەوە کە نازانرێت چۆن و كەی کۆتایی دێت. رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) لە زاری بەرپرسانیی ئەمریكیەوە ئەوەشی خستۆتەڕوو، پنتاگۆن هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر بۆ ناوچەکە رەوانە بکات، بەتایبەتی ئەو سیستمەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک و هەرزان دروست كراون. هەروەها رۆژنامەكە رونیكردوەتەوە، واشنتن بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەكی بێفڕۆکەوانی ئێرانی كە نرخێكی زۆر هەرزانی هەیە،  مووشەکێك بەکاردەهێنێت، کە تێچووی ملیۆنان دۆلارە، هاوکات ئەو سیستمی دژە فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا هێشتا لە شەڕدا تاقی نەکراونەتەوە. دوای ئەوەی لە 28ی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، لەسەرەتای ئەو شەڕەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ماوەی دوو تا سێ ڕۆژدا ئامانجەکانیان بەدی دێنن، پاشان دوای یەک ڕۆژ لە شەڕەکە ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە شەڕەکە تا چوار هەفتە بەردەوام بێت بەهۆی قەبارەی فراوانی ئێرانەوە. هاوكات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەرچەندە ماوەیەکی دیاری نەکرد بۆ كۆتاییهاتنی شەڕەكە بەڵام ڕایگەیاند، بەشداری شەڕێکی درێژخایەن ناکات، بەڵام شەڕەکە ڕاناگرێت تا ئەو کاتەی هەڕەشەكانی ئێران لەسەر وڵاتەکەی نەهێڵێت. لەلایەكی ترەوە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، واشنتن هەرگیز چوارچێوەیەکی کاتی بۆ ئۆپەراسیۆنی ئێران دیاری ناکات، وتیشی، ئێران عێراق نییە و ئەمە شەڕێکی بێکۆتاییش نییە، ئەمە بە شەو و رۆژێكیش کۆتایی نایەت، گۆڕەپانێكی جەنگی فراوانمان هەیە، جگە لەوەش ئێران خاوەنی توانای هێرشی دوور مەودایە، بۆیە کاتی پێویستی خۆمان وەردەگرین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێمە سەرکەوتوو بووین.

لە رۆژی دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە ئێران، پریشکی ئاگری جەنگەکە عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام دووکەڵی چڕی جەنگی ئێران، رووداوەکانی عێراقی داپۆشیوە. ناوبەناو، مووشەک و فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجێک لە نێو خاکی عێراق دەپێکێت، بەڵام هێشتا ئەو دوو وڵاتە، بە وشەیەک باسی هێرشەکانی سەر عێراقیان نەکردووە.  میدیا جیهانی و تەنانەت نێوخۆییەکانیش زیاتر سەرقاڵی دۆخی ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداون. شەوی رابردوو، ئەبو حەسەن فەریجی، فەرماندەی دیاری کەتائیبی حزبوڵای عێراق لە ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەی جورف سەخر لە بابل کرایە ئامانج. ئەوەش سێیەمین هێرشی لەو شێوەیە بۆسەر سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق. پێشتریش لە دیالە و قائیم دوو سەرکردەی دیکەی گرووپەکان بەئامانجگیرابوون. سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی وتووە، لە دوو رۆژی رابردوودا ئەنجامدانی هێرشی نێوخۆیی و دەرەکی و بەئامانجگرتنی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەوەش عێراق بەرەو کێشەی ئەمنی گەورە دەبات. بەشێوەیەک لە چەند رۆژی رابردوودا، هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لە قائیم، بابل، دیالە، موسەنا، کەربەلا و چەند ناوچەیەکی دیکە روویانداوە. لەبەرامبەردا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق رایگەیاندووە، تەنها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٩ هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عێراق و ناوچەکە،لە نێویشیاندا فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی ڤیکتۆریا لە نێو فڕۆکەخانەی بەغداد.  هاوکات گرووپە چەکدارەکان، هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هەر وڵاتێک دەکەن کە لەجەنگی دژ بە ئێران بەشدار بێت. تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆڵی جوڵەی ئەو گرووپانە بکات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران دوێنێ تەواوی بەرپرسانی  دەزگای هەواڵگری لە نەینەوا دوورخستەوە، لەبەرامبەر کەمتەرخەمییان بۆ رێگری لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان. پسپۆڕێکی ئەمنی بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، ئەمریکا پرۆسەی لەناوبردنی سەرکردە مەیدانییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بەچڕی دەستپێکردووە، ئەوەش وادەکات گرووپەکان بەرەو جەنگێکی کراوە دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڕۆن، چوونکە دوای نەمانی سەرکردەکانیان، هیچیان نامێنێت لەدەستی بدەن.  

ئێران ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای "چەندێتی مرۆیی" و "پێگەی جوگرافی" داڕشتووە؛ خاوەنی سوپایەکی گەورە و هێزێکی یەدەگی زۆرە کە لە کاتی شەڕی وشکانیدا دەبنە هێزێکی کاریگەر. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پشت بە "جۆرایەتی تەکنەلۆژی" دەبەستێت؛ سوپاکەی بچووکترە بەڵام بە پێشکەوتووترین چەکی جیهانی وەک F-35 پڕچەک کراوە، کە رێگەی پێدەدات بەبێ تێوەگلانی راستەوخۆ، گورزی کوشندە بوەشێنێت. هێزی ئاسمانی و بەرگریی موشەکی: لەم بوارەدا جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە: • ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە خاوەنی هێزێکی ئاسمانی کۆنە، بۆیە ئەم بۆشاییەی بە دروستکردنی گەورەترین جبەخانەی موشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژ لە ناوچەکەدا پڕکردووەتەوە. لە کاتێکدا ئیسرائیل خاوەنی باڵادەستیی رەهای ئاسمانییە. هەروەها خاوەنی تۆڕێکی بەرگریی چەند چینییە، لەوانە: • قوبەی ئاسنین: بۆ موشەکە بچووک و نزیکەکان. • فلاخەی داود: ئەمە وەک "نێوەندگیر" وایە؛ ئیشی ئەوەیە ئەو موشەکانە بپێکێت کە قوبەی ئاسنین پێی ناوێرێت (چونکە گەورەتر و خێراترن) و سیستەمی "تیر"یش کاتی بۆ سەرف ناکات (چونکە هێشتا نەگەیشتوونەتە بۆشایی ئاسمان). وەک راوچییەکی زیرەک وایە بۆ موشەکی مامناوەند و فڕۆکە. • تیر (Arrow): بۆ ئەو موشەکانەی لە دوورەوە و لە بەرزایی زۆرەوە دێن. شەڕی ناڕێکخراو و بریکارەکان: ئێران لە رێگەی ستراتیژی "بەرگریی پێشوەختە" و پشتگیری هێزە وەلائییەکانی لە ناوچەکەدا (وەک حیزبوڵا و گروپەکانی تر)، شەڕەکە لە سنوورەکانی خۆی دووردەخاتەوە. ئەمە وایکردووە ئێران توانایەکی زۆری هەبێت لە بەڕێوەبردنی شەڕی ناڕێکخراو (Asymmetric Warfare). لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پشت بە هەواڵگرییەکی قووڵ (وەک مۆساد) و جەنگی سایبەری دەبەستێت بۆ تێکدانی ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران لە ناوخۆدا. پشتیوانیی نێودەوڵەتی و رێگریی ئەتۆمی: ئیسرائیل سوودمەندە لە پشتیوانیی بێسنووری سەربازی و دارایی ئەمریکا، هەروەها وەک هێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی (ڕانەگەیەندراو) دەبینرێت کە ئەمە وەک گەورەترین هێزی رێگری کاردەکات. له‌ به‌رامبه‌ردا ئێران، هەوڵدەدات لەڕێگەی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ روسیا و چین، هاوسەنگییەکە رابگرێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌ جه‌نگه‌كه‌ نابه‌رامبه‌ر و كۆتاییه‌كه‌ى ناڕوونه‌.

ساڵانێکە پرسی هەڵبژاردنی جێنشینی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک چرکەساتێکی ستراتیژی بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە لێکدەدرێتەوە. زۆرینەی شارەزایانی کاروباری ئێران پێیان وابووە، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییوە چیتر ئێران ئێرانی پێشوو نابێت. ئەم تێڕوانینە لەسەر بنەمای ئەو میکانیزمە بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری پێکردووە. بەشێوەیەک رابەی باڵا (عەلی خامنەیی) بڕیاردەری یەکەمی بڕیارە ستراتیجی و گرنگەکانی وڵات بووە. هەر بۆیە نەمانی ئەم پایە گرنگەی کۆمارەکە وەک بوومەلەرزەیەک تەماشا کراوە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی فارسی، مەبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی هەر لە سەرەتاکانی جەنگەکەوە بۆ ئەوە دەگڕێتەوە هەردوو وڵات دەیانەوێت لە رێگەی لەنێوبردنی رابەری باڵاوە سیستمە مەرکەزییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی بوومەلزەیەک بکەن کە چیتر نەتوانێت خۆی بە پێوە رابگرێت.  بەڵام پێدەچێت هاوکێشەکە بە جۆرێکی دیکە بێت، بی بی سی دەڵێت، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییەوە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی لەگەڵ نەمانی عەلی خامنەییدا خۆی بگونجێنێت و بە توانایەکی زۆرەوە بەردەوام بێت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رێگەی بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکە و ئیسرائیل. لێرەوەیە ئاڵۆزیی رژێمەکە ئاشکرا دەبێت. بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، لە کاتێکدا عەلی خامنەیی بەشێوەیەکی تاکڕەوانە رژێمەکەی بەڕێوەدەبر، کۆمەڵێک دامەزراوەی بیناکردبوو، ئێستا لە غیابی ئەودا درێژە بە پاراستنی سیستمەکە دەدەن. ئەو سیستمە تاکڕەهەندەی کە ساڵانێکە هۆکاری داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئێستا ئەم دامەزراوانە بوونەتە فریادڕەسی. ئایا ئەم خۆڕاگرییە رژێمی کۆماری ئیسلامیی بەربەستی جدی بۆ دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ دروست دەکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟  وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ئێستادا ئەستەمە. پێدەچێت چاوەڕوانییەکانی واشنتن و تەلئەبیب بۆ ئەم خۆڕاگرییە رژێم لە دوای نەمانی خامنەییەوە کورتبینانە بووبێت. هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەشی زۆری بنکە و سەکۆ مووشەکییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، زیانی زۆری بە توانای رژێمەکە گەیاندووە، بەڵا بۆ بردنەوەی گرەوەکە رەنگە واشنتن و تەلئەبیب ناچاربن هێزێکی زیاتر و توانایەکی زیاتر بخەنە کار بۆ بردنەوەی گرەوەکە و هەڵوەشندنەوەی پلانەکانی خامنەیی بۆ دوای نەمانی خۆی.

مانگی سووری ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەوە دەستیان پێکردووە، 105 دامەزراوە و ناوەندی مەدەنیی وڵاتەکەیان کردۆتە ئامانج و زیانیان پێگەیشتووە. مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوەشدا، "لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە 174 شاری ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کراوەتە سەر"، باسی لەوەشکرد، "هەزار و 332 هێرش کراوەتە سەر 636 شوێنی ئێران." مانگی سووری ئێران لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، هێرشەکان "زیان بە 14 بنکەی تەندروستی"ش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە سەرەتای شەڕەوە وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج. ەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا هێرشیان کردە سەر پێگە سەربازی و سەکۆ مووشەکییەکان و بارەگاکانی ئێران، کە لەئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران کوژران. دواتر ئێران هێرشی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و سعوودیە و عێراق.

هێزێکی تایبەتی ئەمریکی لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژیی بیابانەکانی ئەنبار، کەربەلا و نەجەف دابەزیون؛ لە کاتی نزیکبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش پێکدادان روویداوە و بەهۆیەوە سەربازێکی عێراقی کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی قەزای روتبە بۆ رووداو، هێزە ئەمریکییەکە لە دوو شوێنی جیاوازی قەزای رووتبە نیشتوونەتەوە و جێگیرن. یەکەم: ناوچەی "شنانە" کە 40 کیلۆمەتر لە ناحیەی نخێب و سنووری پارێزگای کەربەلاوە دوورە. دووەم: ناوچەی "چلابات"ـە لە سنووری قەزای روتبە، کە 100 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان روتبە و سعودیە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی چوارشەممە، هێزێکی پاسەوانی سنووری عێراق هەوڵیانداوە لە شوێنی دابەزینی هێزە ئەمریکییەکان نزیک ببنەوە، بەڵام رووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەک کارمەندی پاسەوانی سنوور بریندار بوون و 4 ئۆتۆمبێلی پاسەوانی سنووری عێراق سووتان. قەزای روتبە لە رووی رووبەرەوە گەورەترین قەزای عێراقە، پێگەیەکی جوگرافیی هەستیاری هەیە. ئەو قەزایە لە ناحیەکانی وەلید و نخێب پێکدێت ئەوی دواییان هاوسنوورە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە. سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە پارێزگای کەربەلا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزی تایبەتی ئەمریکی لە  ناوچەی شنانە دابەزیوە کە دەکەوێتە دەکەوێتە سنووری نێوان نخێب و  نەجەف، هەروەها کەربەلا. هەروەها شەڕ و پێکدادانیش لەگەڵ ئەو هێزە دروست بووە و کوژرا و بریندار لە ریزەکانی سوپای عێراقی کەوتووەوە.   ئەم ناوچەیە دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی "فیرقەی ئیمام عەلی - لیوای 2" لە بیابانی نەجەف و "فیرقەی عەباس" لە بیابانی نخێب.   حەسەن فەدعەم جەنابی، بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمە و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو هێزانە ئەمریکین و لە ناوچە بیابانییەکانی نێوان نەجەف و کەربەلا دابەزیون. کاتێک هێزێکی عێراقی بە دووری دوو کیلۆمەتر لێیان نزیک بوونەتەوە، لەلایەن ئەمریکییەکانەوە تەقەیان لێکراوە، بەهۆیەوە سەربازێک شەهید بووە و دووی دیکە بریندار بوون، دوو هامەری سوپای عێراقیش سووتاون." فەدعەم ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا روون نییە ئامانجی دابەزینی ئەو هێزانە بۆ شەڕە یان کۆکردنەوەی زانیاری، بەڵام جەختی کردەوە کە دڵنیان هێزەکان ئەمریکین نەک ئیسرائیلی. لە برووسەیەکی ئەمنی عێراقی لە ناوچەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، زانیاریان لەلایەن شوانێکی ناوچەکە دەستکەوتووە،  هێزێکی نەناسراو لە ناوچەی شنانە کە 40 کم لە قووڵایی ناحیەی نخێب دوورە، ژمارەیەک هێلیکۆپتەر کە ژمارەیان لە نێوان 5 بۆ 7 فڕۆکە دەبێت، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری هەمەر بینراون.  لەلایەکی دیکەوە، فەریق روکن عەبدولکەریم خەلەف، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی مەڕدارەکانەوە لە بوونی ئەو هێزە "نامۆیانە" ئاگادار کراونەتەوە کە بە ئاسمان دابەزیون. خەلەف گوتیشی: "بابەتەکە لە بەرزترین ئاست لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت." شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سەر هێزەکانی عێراقی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "هێزێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا لە کاتی ئەرکێکی پشکنیندا لە بیابانەکانی نێوان کەربەلا و نەجەف، رووبەڕووی بۆردوومانی ئاسمانی و تەقەکردن بوونەتەوە." شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەو هێرشەی بە "پێشێلکاری و کارێکی بێ پاساو" ناوهێنا و رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە پێکهێندراوە. ئەم دابەزینە ئاسمانییەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا - ئیسرائیل لە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و بیابانەکانی عێراق بەهۆی پێگەی جوگرافییانەوە بوونەتە جێگەی بایەخی هێزە نێودەوڵەتییەکان.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوکەسەیە کە بڕیاره‌ ببێته‌ جێگرەوەى عەلى خامنەیی، رابەرى پێشووى باڵاى ئێران، به‌پێى سەرچاوە ئێرانی و ئیسرائیلییەکان موجتەبا خامنەیی ئەو کەسەیە کە دەچێتە سەر کورسییەکەى باوکى و دەبێتە رێبەری باڵاى نوێى ئێران. موجتەبا خامنەیی کێیە؟ موجتەبا کوڕی دووەمی عه‌لى خامنه‌یى رێبەری كوژراوى ئێرانه‌. بە یەکێک لە کاریگەرترین و نهێنیترین کەسایەتییەکان لە سیستەمی سیاسیی ئێران دادەنرێت، چونکە زۆربەی کات لە پشت پەردەوە کاردەکات. موجتەبا زۆر لە باوکی دەچێت، عەمامەیەکی ڕەش لەبەر دەکات وەک نیشانەی ئەوەی سەییدە، واتە خێزانەکەی پەیوەندی و نزیکایەتیان بە پێغەمبەرى ئیسلام محەمەد (د. خ) ەوە هەیە. لە ئەیلولی ساڵی 1969 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە. لە ژینگەیەکی سیاسی و ئایینی پارێزگاردا گەورە بووە و خوێندنی لە قوتابخانە تایبەتی و ناودارەکان وەک قوتابخانەی "عەلەوی" لە تاران تەواوکردووە. لە کۆتایییەکانی شەڕی ئێران و عێراق (1987–1988) لە ریزەکانی سوپای پاسداران خزمەتیکردووە. هەروەها زانستە ئایینییەکانی لە تاران و قوم لای ژمارەیەک لە ئایەتوڵڵاکان خوێندووە و، لە ساڵی 2022 ناونیشانی "ئایەتوڵڵا"ی وەرگرتووە، کە ئەمەش شایستەییەکانی بۆ گرتنی پۆستی ڕێبەری باڵا بەهێز ده‌كات. بە "پیاوی سێبەر" ناسراوە و لە ئۆفیسی باوکی دا هێزی زۆری هەبووە. کاریگەرییەکی فراوانی هەبووە لەسەر دانانی کاربەدەستان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هەیە لەگەڵ سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج.  تا ئێستا هیچ پۆستێکی سیاسى فەرمی نەبووە، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى چاودێرانى كاروبارى ئێران لە پشت پەردەوە وەک پاسەوانی باوکی نفوزی خۆی بەکارهێناوە. هەڵبژاردنی ئەو وه‌ك رێبه‌رى باڵاى نوێى وڵاته‌كه‌ى رەنگە ببێتە هۆی "شەرمەزاری"، چونکە تاران لە مێژە رەخنەی لە حوکمڕانیی بۆماوەیی گرتووە و خۆی وەک بەدیلێکی "دادپەروەرتر" پیشان دەدات. راپۆرتە رۆژئاواییەکان تۆمەتبارى ده‌كه‌ن بەوەى دەستى باڵاى هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی پێشوو لە ئێران (وەک خۆپیشاندانەکانی ساڵانى 2009 و 2022)، کە بووە هۆی سەپاندنی سزا و گەمارۆی ئەمریکی. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا سزای بەسەر موجتەبادا سەپاند و رایگەیاند کە بە فەرمی نوێنەرایەتی سەرۆکی باڵا دەکات. هاوسەری موجتەبا، کچی یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە توندڕەوەکانە، ئەویش غولام عەلی حەداد عادل سەرۆکی پێشووی پەرلەمانە. ناوی بەردەوام وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ جێگرتنەوەی باوکی وەک رێبەری باڵا باسکراوە، بەڵام بیرۆکەی "میراتگرتنی سیاسی" لە ناوخۆی ئێران جێگای مشتومڕی فراوانە، چونکە لە رووی تیۆرییەوە سیستەمەکە پشت بە هەڵبژاردنی مەجلسی شارەزایان دەبەستێت.  بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی سەرچاوە ئێرانییەکان شەوی سێشەممە بڵاویانکردووەوە، موجتەبا خامنەیی بە بڕیاری مەجلسی شارەزایان و بە فشاری سوپای پاسداران وەک رێبەری باڵا و جێگرەوەی باوکی هه‌ڵبژێردراوه‌. عەلی خامنەیی لەگەڵ ژمارەیەک لە راوێژکارە باڵاکانی و ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە یەکەم خولەکەکانی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی شەممەى رابردوو 28ى شوبات لە نووسینگەی خۆی لە تاران کوژران. ئەگەر رێبەرى نوێ دیاری بکرێت ئەمە تەنها دووەم جارە لە دوای شۆڕشی 1979ەوە کە رێبەری باڵاى نوێ هەڵدەبژێردرێت. رێبەر لەسەر هەموو بڕیارە گەورەکان لەوانە پرسی شەڕ و ئاشتی و بەرنامەی ناوەکیی مشتومڕاوی، قسەی کۆتایی هەیە، به‌ڵام نازانرێت له‌ داهاتوودا و له‌سایه‌ى ئه‌م جه‌نگه‌ى ئێستا قسه‌ى كۆتایى كێ ده‌یكات؟!

سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک بەهێزترین هێزی چەکدار لە جیهاندا دەناسرێت. ئەم پێشەنگییە تەنها لە ژمارەی سەربازەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی راوەستاوە كه‌ بریتین لە بودجەی بێڕکابەر، تەکنەلۆژیای تێکشکێنەر و بڵاوبوونەوەی ستراتیژی لەسەر ئاستی جیهان. بودجه‌یه‌كى بێ كۆتا بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (Pentagon)، بودجەی بەرگریی ئەم وڵاتە گەیشتووەتە زیاتر لە 850 ملیار دۆلار. بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی ئەم ژمارەیە، ئەم بودجەیە لە کۆی بودجەی سەربازیی 10 وڵاتەکەی دوای خۆی پێکەوە زیاترە. ئەم سەرمایە زەبەلاحە دەکرێتە سووتەمەنی بۆ: ١• پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد (AI) لە کایەی سەربازیدا. ٢• بەهێزکردنی تۆڕە لۆجستییەکان بۆ گواستنەوەی هێز لە کەمترین ماوەدا. ٣• پێشخستنی چەکە زیرەکەکان و جەنگی ئەلیکترۆنی. پێگەی جوگرافی.. جیهان لەژێر چاودێری بنکەکاندایە ئەمریکا خاوەنی تۆڕێکی فراوانی سەربازییە کە نزیکەی 750 بنکەی سەربازی لە زیاتر لە 80 وڵاتدا لەخۆدەگرێت. ئەم بڵاوبوونەوەیە وایکردووە هیچ شوێنێکی سەر زەوی لە دەستی سوپای ئەمریکا بەدوورنەبێت، ئەمەش توانای "گەیشتنی جیهانی- Global Reach"ى پێدەبەخشێت. باڵادەستیی هێزەکان: • هێزی دەریایی: بە بوونی 11 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و زیاتر لە 70 ژێردەریایی پێشکەوتوو. ئەمریکا کۆنترۆڵی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی کردووە. • هێزی ئاسمانی: پێشەنگی نەوەی پێنجەمی فڕۆکە جەنگییەکانە بە فڕۆکەکانی F-22  و F-35. هەروەها نوێترین دەستکەوتی تەکنەلۆژییان فڕۆکەی B-21 Raiderـە، ئەم فڕۆکەیە وەک "شێوە تەکنەلۆژیایەکی نادیار" دەناسرێت کە رادارەکان ناتوانن بیبینن و توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەیە. • هێزە تایبەتەکان: یەکەی زۆر مەشقپێکراو بۆ ئۆپەراسیۆنی ورد و ئاڵۆز لە پشت هێڵەکانی دوژمن. • هاوپەیمانییەکان: ئەمریکا تەنها پشت بە ماسولکە سەربازییەکانی خۆی نابەستێت، بەڵکو لەڕێگەی هاوپەیمانی ناتۆ (NATO) و رێککەوتنە بەرگرییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا، چوارچێوەی هێزەکەی فراوانتر کردووە. بەپێی ماددەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ، هەر هێرشێک بۆ سەر ئەندامانی هاوپەیمانییەکە وەک هێرش بۆ سەر ئەمریکا دەبینرێت، ئەمەش هێزێکی سیاسی و سەربازیی گەورەی پێبەخشیووە.

عێراق بە دیارنەمانی عەلى خامنەیى، پێ دەنێتە قۆناغێکى نوێوە، بەو پێیەى  ساڵانێکى زۆرە خامنەیى بۆتە مەرجەعى باڵا بۆ ئەو هێزانەی هاوپەیمانن لەگەڵیدا و پەیوەندى توندیان لەگەڵ ویلایەتى فەقیهدا هەبووە، هاوکات پابەندى تەواویان هەبووە بۆ بڕیار و راسپاردەکانى ئەو کەسایەتییە، بەڵام بە گۆرانى کەسایەتییەکانى نێو خۆى ئێران، بە ئەگەرێکى زۆرەوە کاریگەرى لەسەر گرووپ و هێزە سیاسییەکانى عێراق دەبێت، ئایا بەردەوام دەبن لەسەر ئەو مەنهەجەى پێشوو، یان بە لەبەرچاوگرتنى دۆخەکە پاشەکشە دەکەن. موجاهید سومەیدعی، لێکۆڵەری کاروباری ئەمنی عێراق دەڵێت، کوشتنی ڕێبەری باڵای ئێران و غیابى سەرکردە باڵاکان، لێکەوتەى دیارى دەبێت، لەسەر رەوتى سەرکردەى گرووپەکانى عێراق، بەو پێیەى ئەوان وەک هەڵۆى نێو گروپەکان لەو سەرکردانەیان دەروانى کە ئێستا نەماون. سومەیدعی دەڵێت، بوونى رێبەرێک کە بۆ چەندین ساڵ  تاک جەمسەر بووە، بۆ راگرتنى هاوسەنگى لە عیراق و سەپاندنى دەسەڵاتى خۆى لە نێو شیعەدا بەگشتى، بێگومان دیارنەمانى پاڵنەر دەبێت بۆ پاشەکشەکردنى پابەندبوونى گرووپەکان بەتاکە یەک جەمسەرەوە. بەوتەى ئەو لێکۆڵەرە، راستە بەمردنى کەسێک دامەزراوە و گرووپەکان کۆتاییان نایەت و رەنگە سەرەتا گۆرانکارییەکانیش بەخێراى روونەدات، بەڵام لەدواى هێوربوونەوەى دۆخەکە، هێدى هێدى پابەندبوونەکە خاو دەبێتەوە و جیاوازییەکان سەر هەڵدەدەن لەسەر پابەندبوون بە تاکە یەک کەسەوە، بۆیە پێشبینى دەکرێت، بەشێکى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى لەو پابەندبونەیان بە خامنەیی پاشەکشە بکەن لای خۆیەوە، شرۆڤەکاری سیاسی ڕەمەزان بەدران، دەڵێت، غیابی خامنەیی، دەبێتە هۆی ناهاوسەنگییەکی ڕوون لە سیستمی پەیوەست بوون بە ویلایەتى  فەقیهی لە ڕووی سیاسی، ئایدۆلۆژی و سەربازییەوە، چونکە ئەو کەسایەتییە لە چوار دەیەدا فاکتەرێکى چارەنووسساز بوو لە داڕشتن و چەسپاندنی سروشتی پەیوەندیی ئەو گرووپانە بە ڕژێمی ئێرانەوە و بەدیاریکراویش بە کەسایەتى خامنەیى خۆیەوە. ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، سیستمى ئەو وڵاتە لە دواى خامنەیی دووچارى بۆشایی هاتووە، بەتایبەتى لەم دۆخەى ئێستا تارانى پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئیتر چۆن کاردانەوەى لەسەر گرووپ و هێزە سیاسییەکانى عێراق نابێت، کە بەشیکى زۆر شەرعیەتى بیروباوەڕ و رێکخستنەکانیان لەو کەسایەتیە وەرگرتووە. لای خۆیەوە عەلی ناسر، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لە قۆناغى دواى خامنەیی گۆرانکارى روون بەدەى دەکرێت، لەنێو گرووپەکانى عێراق، بەتایبەتى دیاریکردنى سروشتى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران. هاوکات کەمال تائی، شرۆڤەكاری ئەمنى دەڵێت، دیارنەمانى خامنەیى بۆشاییەکى گەورە بۆ گرووپەکانى عێراق دروست دەکات، لەم قۆناغەى ئێستاشدا هەر گۆڕانێک لە ئێران رووبدات رەنگدانەوەى دەبێت لەسەر گرووپەکان، بەنمونە هەر دابەشبوونێک لەتاران لێکەوتەکەى درێژ دەبێتەوە بۆ نێو گرووپەکانى عێراق. شارەزایان پێیان وایە هەر ململانێیەک لەناو ڕژێمی ئێراندا رووبدات، گرووپەکانى نێو عێراق  هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستەکانیان دەکەنەوە، چ لە ڕووی هاوپەیمانییە ناوخۆییەکان و چ لە ڕووی ئاستی تێوەگلانیان لە ململانێی ناوچەکە، بە تایبەتیش بە لە بەرچاوگرتنی فشارەکانی ئەمریکا و هۆشدارییەکانى لە ئەگەرى هێرشەکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، جگە لەوەش، نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە کە عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەى ململانێکان.

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 100 کاژمێردا، زیاتر لە 2,000 ئامانجمان بە بەکارهێنانی زیاتر لە 2,000 مووشەک پێکاوە. بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەکارخراوە، سەدان مووشەکی بالیستی، سەکۆی هاوێشتن و درۆنی ئێران لەناوبراون، 17 کەشتیی ئێرانی تێکشکێنراون، لەوانە ژێردەریاییە سەرەکییەکەی ئێران کە ئێستا بە تەواوەتی لەکارکەوتووە. فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 4ى ئادارى 2026،  زیاتر لە 50,000 سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی و 2 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەشدارن لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ئەمەش گەورەترین بڵاوکردنەوەی هێزە لەلایەن ئەمریکاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە 24 کاژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، قەبارەی هێرشەکان دوو هێندەی ئەو هێرشە مێژووییانە بووە، کە لە ساڵی 2003 کراونەتە سەر عێراق.  (سێنتکۆم)  جەختی کردەوە، بۆ چەندین دەیە رژێمی ئێران بارزگانیی دەریایی هەراسان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای عەرەب، گەرووی هورمز یان کەنداوی عوممان لە رێگەدا نییە و هەموویان ناچارکراون بگەڕێنەوە ناو بەندەرەکانی خۆیان.  فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا باسى لةوةشكرد، لە ماوەی جەنگەکەدا ئێران 500 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 2000 درۆنی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە.  سێنتکۆم دەشڵێت ، ئامانجی سەرەکییان، تێکشکاندنی توانای هاوێشتنی بەردەوامی مووشەکە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی تاران چیدیکە نەتوانێت مووشەکی بالیستی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەکاربهێنێت، لە هەموو قۆناغێکی ئەم جەنگەدا پێش پلانی پێشبینیکراوی خۆمانین و لە قووڵایی ئێران دا ئۆپەراسیۆن دەکەن و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە ئاسمانی تاران کۆنتڕۆڵ دەکەن.

قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت: پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەلی باقری، جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە پێگەیشتووەو تیایدا رایگەیاندووە، تاران دەوڵەتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا، باڵیۆزخانە، کێڵگە نەوتییەکان، یان هیچ شوێنێکی مەدەنی نەکردووەتە ئامانج و نایکاتە ئامانج و هێرشەکان تەنها لە بنکەکانی ئەمریکادا سنوردارە.  ئەعرەجی لە سەكۆی "ئێكس" نوسیوتی: باقری داوای لە عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی هەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو سنوری نێوان هەردوو وڵات، پاڵپشت بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران. ئەعرەجی رایگەیاندووە: عێراق بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و راگرتنی پەرەسەندنەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.  پابەندبوونی تەواوی عێراقیشی بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و رێگرتن لە دزەکردنی هەر گروپێک یان بەزاندنی سنوری ئێران یان ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە خاکی عێراقەوە دووپاتكردووەتەوە.  ئاماژەی بەوەشداوە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزی زیاتری پێشمەرگەی رەوانەی پشتێنەی سنوری کردووە بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵكردنی کەرتی سنوری لەبەری هەولێرەوە.

ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی ڕومەیلە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆى لێکەوتەکانى شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ، عێراق ڕۆژانە 128  ملیۆن دۆلار زیانى لێ دەکەوێت. ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق ، ئەمڕۆ سێشەممە 3ى ئادارى 2026 ڕایگەیاند، کێڵگەی ڕومیلە ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، هاوکات توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەوەش کۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانى نەوتى عێراق، نزیکەى یەک ملیۆن و  600 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا . ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پشتبەستن بە نرخى ئێستاى نەوت کە ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، رۆژانە عێراق نزیکەی ١٢٨ ملیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێت، ئەو دامەزراوە ئابوورییە، پێشبینیش دەکات، لە ئەگەرى فراوان بوونى پرۆسەى راگرتنەکە، زیانە داراییەکان زیاتر بەرز دەبنەوە. ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەستانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی یەک هەفتە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار لە زیان لە خەزێنەی عێراق دەدات و ئەگەر بێت و دۆخەکەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆ یەک مانگ  عێراق سێ ملیار و  800 ملیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێت. ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق، رونیکردەوە، ئەم پێشهاتە فشارێکی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر بودجەی گشتی عێراق، بەو پێیەى بۆ دابینکردنى بودجەکەى بەڕێژەى زیاتر لەسەدا 90  پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش مەترسی فراوانبوونی کورتهێنانی بودجە زیاد دەکات ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت. هاوکات هەر ئەمڕۆ سێ شەممە 3ى ئادارى 2026 کۆمپانیای نەوتی باکوور کە بارەگاکەی لە پارێزگای کەرکوکە، ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە وبڕیاری ڕاگرتنەکەش  دوای ئەوە هات، کۆمپانیا نەوتییەکان کارەکانیان لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان ڕاگرت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قەبارەی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا هەبوو. کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەوەشى خستەڕوو، قەبارەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، پێش ڕاگرتنەکە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ناتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە کارەکانیان رادەگرن. فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی سووتەمەنی و زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر پچڕانی دابینکردنی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە. مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایىی رایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز ئاڵۆزییەکی قورسە بۆ ئابووریی عێراق، بەوپێیەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو رێڕەوە ئاوییە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت و 94% نەوتەکەی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرێت.  حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنى پارەى مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی وەزارەتەکان و پرۆژەکان، پێویستە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار  بەرمیل نەوت هەناردە بکات.  هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە تاوەکو 25 رۆژی دیاکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و نەوت هەناردە نەکرێت، ئەوا کارەساتی ئابووری روودەدات.

بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەکتر نرخی نەوت بەرزبووەوە، کاریگەرییەکەشی زیاتر بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوەیە لەلایەن ئێرانەوە، چونکە تا ئێستا نزیکەی 750 کەشتیی گیریان خواردووە و ناتوانن لە گەرووەکە بپەڕنەوە. نرخی نەوتی خاوی برێنت تا کاتژمێر 01:07 بە کاتی گرێنتش بە 78 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام  رۆژی دووشەممە گەیشتە، 82.37 دۆلار، کە بەرزترین ئاست بووە لە مانگی یەکی ساڵی 2025ەوە. هەروەها نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا 74 سەنت بەرزبووەوە کە دەکاتە 1% بۆ 71.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پەرەیان سەندووە، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان ئێران ژێرخانی وزەی لە وڵاتانی کەنداو و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی گەرووی هورمز کردۆتە ئامانج. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاودێری پەرەسەندنە سەربازییەکان لەسەر وزەی جیهانی دەکەن، ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە لەوەی فشاری سەر بازاڕەکان بەردەوام دەبن. لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان رایگەیاند، تێچووی بەکرێگرتنی کەشتی گازی سروشتی شل (LNG) لە دەریای ئەتڵەسی بە رێژەی 100% زیادی کردووە و بۆ هەر کەشتییەک رۆژانە 200 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە. بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی کۆریای باشوور بە بلومبێرگی راگەیاند، "سیئۆل کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی گاز، چونکە قەتەر بەرهەمهێنانی راگرتووە."

زۆرترین کاریگەریی لەسەر چ ووڵاتێک دەبێت؟ گەرووی هورمز، ناوچەیەکی بچوکى 33 كیلۆمه‌ترییه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئێران، عەممان و ئیمارات.  رێڕەوێکی باریکە کە 20%ى كۆى نەوتی جیهانی پیادا تێپەڕده‌بێت. رۆژانه‌ 17 ملیۆن بەرمیل نەوتى هه‌شت وڵاتى پیایدا تێپەڕدەبێت له‌وانه‌ ئێران، عێراق، كوه‌یت، بەحرەین، قەتەر، سعودییە و ئیمارات، كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ى 90%ى هه‌نارده‌ى نه‌وت بۆ وڵاتانى جیهان. داخستنى گه‌رووه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، زۆرترین زیان به‌م وڵاتانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت: هیندستان:  بۆ ده‌ستخستنى نه‌وتى پێویست به‌رێژه‌ى 85% نه‌وت هاورده‌ ده‌كات، كه‌ له‌و بڕه‌ 60%ى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌ و له‌ وڵاتانى وه‌ك عێراق، سعودییە، کوێت و ئیمارات-ه‌وه‌یه‌. داخستنی گەرووی هورمز واتە بەخێرایی بەرزبوونەوەی نرخەکان، پەککەوتنی پیشەسازی، بێکارییەکی فراوان و داڕمانی ئابووریی ئەم ووڵاتە. چین: به‌ دووه‌م وڵاتى زه‌ره‌رمه‌ند داده‌نرێت، رۆژانه‌ 15 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت كه‌ ده‌كاته‌ 40% هاورده‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات. چین نه‌وت له‌ روسیا و ناوه‌ڕاستى ئاسیاوه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ش ته‌نها 20%ى وزه‌ى پێویستى وڵاته‌كه‌ پڕده‌كاته‌وه‌. به‌ داخستنى گه‌رووى هورمز زیانێكى زۆرى پێده‌گات. ئەگەر ئابووریی چین-یش کێشەی تێبکەوێت، کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت.  ژاپۆن:  ده‌بێته‌ سێیه‌م وڵاتى زه‌ره‌رمه‌ندى داخستنى گه‌رووه‌كه‌. ژاپۆن به‌ڕێژه‌ى 90% نه‌وت هاورده‌ ده‌كات، كه‌ 75%ى له‌ڕێى گه‌رووى هورمزه‌وه‌یه‌. سعودیه‌: چوارەم وڵاتی زیانلێکەوتوو سعودییە دەبێت، چونكه‌ به‌ڕێژه‌ى 80 تا 90%ى نه‌وتى هه‌نارده‌كراوى له‌ڕێگه‌ى هورمزه‌وه‌یه‌، ته‌نها 10%ى به‌ ده‌ریاى سووردا ره‌وانه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا ده‌كات.  وێناى بكه‌ وڵاتێك رێژه‌ى 80 تا 90%ى وزه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ده‌ستبدات، چى به‌سه‌ردێت؟! پاكستان: %90ى نه‌وتى پێویست له‌ گه‌رووى هورمزه‌وه‌ هاورده‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات. بۆیه‌ تێكچوونى ئه‌و دۆخه‌ زۆر به‌خێرایى ده‌بێته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ له‌ وڵاته‌كه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ردوو حكومه‌تى پاكستان و ئێران هاوپه‌یمانن، ئیسلام ئاباد له‌ئێستادا 35%ى سووته‌مه‌نى له‌ تارانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌دواى داخستنى هورمز پاكستان بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێویستییه‌كانى به‌ته‌واوى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران. ئیمارات: ئیمارات یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ وڵاته‌ زیان لێكه‌وتووه‌كان كه‌ 72%ى هه‌ناره‌كانى له‌ڕێگه‌ى هورمزه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ رێگه‌ى جێگره‌وه‌ى هه‌یه‌ و له‌دواى خستنى گه‌رووه‌كه‌ ده‌توانێت رێژه‌ى 12%ى ئه‌و بڕه‌ له‌و رێگا جێگره‌وه‌یه‌وه‌ هه‌نارده‌ بكات. دواى سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌، وڵاته‌ ئه‌وروپپه‌كانى وه‌ك فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا دێن كه‌ 10%ى هاورده‌ى نه‌وتیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. بەپێی راپۆرتی ئابووریی جیهانی به‌هۆى داخستنى گه‌رووى هورمز نرخى به‌رمیلێك نه‌وت بۆ 100 تا 150 دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه‌. کەواتە ئەم گەرووە کە تەنها ٣٣ کیلۆمەترە هێزی هەژاندنی تەواوی جیهانی هەیە.