دوای ئەوەی پنتاگۆن بڕیاری کەمکردنەوەی سەربازەکانی دا لە عێراق، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا بلۆکی چیمەنتۆ و کەرەستەی هەڵکەندنیان گواستوەتەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە باکوری حەسەکە، گواستنەوەکەش لە ڕێگەی دەروازەی سنوری ئەلوەلیدوە بوە کە هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ پێنچشەممە، روانگەی سوری ئاشکرای کردوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە حەسەکە، لە هەوڵی بەهێزکردنی بنکەکانیایەتی و ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی سنوری هێزەکانیان لە ناوچەکەدا ئەمە یەکەم کاروانی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی نییە بۆ ئەو بنکەیە، ڕۆژی 29ی ئەیلولیش، 25 بارهەڵگری تری سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتنە بنکەی قەسرەک لە حەسەکە، کە بە هەمانشێوەی لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە پێداویستیەکانیان گواستبوەوە. بەپێی زانیارییەکان، بارهەڵگرەکان کەرەستەی سەربازی و لۆجستییان تێدابوە، مەبەست لێی بەهێزکردنی بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەمە لە کاتێكدایە، دوێنێ پنتاگۆن رایگەیاند؛ هیزەکلانیان لە عێراق کەمدەکەنەوە و لە پێنج هەزار سەربازەوە بۆ دوو هەزار سەرباز.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، دوو دەروازەی نوێی سنووری لەگەڵ هەریەک لە ئێران و شانشینی عەرەبی سعوودیە دەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەنگاوە پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ ئابووری دەڕەخسێنێت. عەلائەدین قەیسی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی دەستەکە لە کۆبوونەوەی دواییدا ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کردووە و دەنگی لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی دەروازەی عوێقلە لەگەڵ سعوودیە و دەروازەی جەلات لەگەڵ ئێران داوە". ئاماژەی بەوەدا "ئەم هەنگاوە پێگەی بازرگانی و هەرێمیی عێراق بەهێزتر دەکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاوکاری ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەڕەخسێنێت." لە عێراق و هەرێمی کوردستان 18 دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە 14 ـیان دەکەونە پارێزگاکانی عێراق و چواریشیان دەکەونە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە جیا لە چەندین دەروازەی دیکەی نیمچە فەرمی. عەلی سەعدوون لامی، پەرلەمانتاری پارێزگای میسان، لەبارەی گرنگی کردنەوەی دەروازەی جەلات لە پارێزگاکە لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، "ئەم دەروازەیە خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژییە، چونکە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە و دەکەوێتە قەزای عەلی غەربی لە باکووری پارێزگای میسان. هاوکات کردنەوەی دەروازەکە گۆڕانکارییەکی گرنگی ئابووری بۆ پارێزگای میسان دەبێت، بەهۆی نزیکی شوێنەکەی لە شاری ئیلامی ئێران، ئەمەش گواستنەوەی گەشتیاران و جووڵەی کاڵا ئاسانتر دەکات.
بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک و دامەزراوەکانی گازی عێراق بە فەرمی گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیای BP بەریتانی کاراکرد. حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتى عێراق، پابەندبوونی وەزارەتەکەی دووپاتکردەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غاز لە کەرکوک بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی پێویستی سووتەمەنی. ئەو وتانەى حەیان عەبدولغەنی لەمیانەى لە واژۆکردنی گرێبەستی نەوتیدا هات لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى نەوت کە دەست سبەى کەوتووە. وەزیری نەوت وتی "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بە بۆنەی کاراکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک، کە یەکێکە لەو گرێبەستە ئومێدبەخشانەی ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک (ئاڤانا، جەمبور، بای حەسەن، خەباز) جگە لە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای غازی باکوور بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا". ئاماژەی بەوەشدا جێگیرکردنى رێژەی بەرهەمهێنانی سەرەتایی بە ٣٢٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێکی گرێبەستەکەیە، پرۆسەکانى پەرەپێدانیش لە ئێستاوە دەستیپێکردووە. لاى خۆیەوە، زەید یاسری بەڕێوەبەری بی پی لە عێراق رایگەیاند کاراکردنی گرێبەستەکە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی باکور و غازی باکور بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک. هاوکات عامر خەلیل بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکور جەختیکردەوە، کاراکردنی گرێبەستەکە بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیاکە سودێکی بەرچاوی بۆ پارێزگاکە دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەحمەد عەبدولمەجید بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای غازى باکوور رایگەیاند، دوای نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانی غاز زیاد دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، جگە لە دابینکردنی غاز بۆ پیشەسازییە ناوخۆییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا. لە مانگی ئاداری ڕابردوودا عێراق گرێبەستێکی 25 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای بی پی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک. ئەگەر گرێبەستى فرۆشتنى کۆمپانیاکە سەربگرێت، نازانرێت چارەنووسی گرێبەستەکەى کەرکوک چی دەبێت، یان دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای شێڵ. قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە بۆ بەرهەمهێنانی بڕی سێ ملیار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی بابە گوڕگوڕ و هاڤانە، بای حەسەن، جەمبور و خەباز کە لە ئێستادا سەرجەمیان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن. بەپێی خەمڵاندنەکان لە داهاتوودا رەنگە هەر بەپێی گرێبەستەکە بەرهەمی کۆمپانیا بەریتانییەکە بگەیەنرێتە 20 ملیار بەرمیل نەوت.
حکومەتی هەرێم بۆ ناردنى مووچەی مانگی هەشت نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات، هاوکات لیستى موچەى مانگى نۆشى ڕادەستى بەغدا کردووەو چاوەڕوانى وەڵامى وەزارەتى دارایی عێراقە. سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد، هەرێم بۆ مووچەی مانگی هەشت رۆژی یەکشەممە نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات. لە نوسراوەکەدا بڕی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات کە بڕەکەی 281 ملیار دینارە و لەگەڵ چەند وردەکارییەکی دیکەی پەیوەست بە دەست کەوتنی ئەو پارە. بەوتەى سەرچاوەکە خاڵێکی دیکەی نوسراوەکە داواکردنی بودجەی تەشغیلییە لە بەغدا و روونکردنەوە لەسەر پارەی پێویست بۆ ناوخۆی هەرێم. دوێنێ چوارشەممە 1-10-2025 راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا". لەو بارەیەوە بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان وتى: "ناوی 894 خانەنشینی لەدایکبووی ساڵی 1965 بۆ لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول زیادکراوە و کۆی گشتیی مووچەکانیان دەگاتە 3 ملیار و 949 ملیۆن و 173 هەزار دینار". ئەو بەرپرسەی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان گوتی: "25ـی ئەیلوول کارەکانی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول تەواوبوون و بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نێردرا". لەلایەکى دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و رێكکەوتنێکی هاوبەش لەبارەیەوە بکرێت. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو حکومەت پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و دەڵێت، بە تێکڕايی رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.
ميدياكانى توركيا بڵاویانکردەوە بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە ژمارەیەک کەشتى بەرەو فەلەستین ڕۆشتون، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا هێرشیانکراوەتەسەرو تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس کە ٣٠ کەسیان تورکن لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کراون. بەگوێرەی هەواڵەکان کەشتیی میکینۆ گەمارۆی ئیسرائیلی شکاندووە و چووەتە ناو ئاوە خاکییەکانی غەززەوە، یەکێک لەوکەسانەى لەسەر کەشتیەکەیە بەسی ئێن ئێن تورک ڕایگەیاندوە، دەتوانین بە جیهان ڕابگەیەنین کە گەمارۆکە شکێنراوە. سەیف ئەبوکەشێک، وتەبێژی فلۆتیلا گڵۆباڵ سومود فلۆتیلا، لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، ئەم لیستەی چالاکوانانی ئەو کەشتیانەی کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر، بڵاوکردەوە: "30 ئیسپانی، 22 ئیتاڵی، 30 تورک، 12 مالیزی، 11 تونس، 11 بەڕازیلی، 10 فەرەنسی، 9 ئێرلەندی، 8 جەزائیری، 7 ئەمریکی، 7 ئەڵمانی، 6، بەریتانی". 4 نەرویجی، 4 سویدی، 3 نیوزلەندی، 3 مەغریبی، 3 ئوردنی، 3 پۆڵەندی، 3 پورتوگالی، 3 مەکسیکی، 2 کوەیتی، 2 کۆڵۆمبی، 2 ئەرجەنتینی، 2 سویسری، 1 چیک، 1 مۆریتانی، 1 نەمسایی، 1 بولگاری، 1 ئوسترالی، 1 سربی، 1 بەلجیکی، 1 بەحرەینی، 1 دانیمارکی، 1 هۆڵەندی، 1 فینلەندی، 1 ئەفریقای باشوور و 1 سلۆڤاکی”. یەکێک لە بەشداربووانی ناوکەشتى فلۆتیلاکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەشتییە سەرەکییەکانی فلۆتیلا و چالاکوانانی سەر کەشتییەکان دەستبەسەر کراون. ئەو ڕایگەیاندووە کە نۆ لەو چالاکوانانەی ئیسرائیل دەستبەسەرکراون تورکن، وتی "ئەوان شلەیەک بەسەر هەموو بەلەمەکاندا دەڕێژن، یەک بە یەک. ئێمە پێمان وایە ئەوە کیمیاییە، چونکە کەمێک کەفی سپی دەبێت". ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، ئەو کەشتیانەی ئیسرائیل هێرشی نەکردووەتە سەریان بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن بەرەو غەززە و دەڵێت "ئێمە بە هێواشی دەڕۆین. بۆ 57 میل دابەزیوین. ئەمە نزیکترین کەشتییە کە تا ئێستا بەلەمەکە هاتبێت".گورپنار داوای کردەوەی کرد و وتی، "هیچ کەسێک کە عەقڵێکی ساغ و ویژدانی هەبێت، نابێت چیتر باوەڕ بە درۆکانی ئیسرائیل بکات". وەزارەتی دەرەوەى تورکیا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کەشتى فلۆتیلای گڵۆباڵ سومود کە بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵکی غەززە دەستی پێکردبوو، کردەوەیەکی تیرۆریستییە کە قورسترین پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت و ژیانی خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەوەش دەلێت: ئەم هێرشە کە خەڵکی مەدەنی کردە ئامانج کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە دەکەن بەبێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببەن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو سیاسەتە فاشیستی و میلیتاریستیانەی کە لەلایەن حکومەتی جینۆساید ناتانیاهۆوە جێبەجێکراون، کە غەززەی بە برسێتی مەحکوم کردووە، تەنها لە فەڵەستینییەکان سنووردار نییە بەڵکو هەموو ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە لە دژی ئەو ستەمانەی ئیسرائیل سەپاندووە تێکۆشان دەکەن.هیوادارین ئەم هێرشە زیان بە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە نەگەیەنێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەی بنکەیەکی بەهێزی جەماوەری هەیە و دەتوانێت زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بۆیەش دوای هەڵبژاردن هەوڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەدات تا درێژە بە پڕۆژە بەردەوامەکانی حکومەتەکەی بدات. محەممەد شیاع سوودانی لەڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداریی لە کارەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی تایبەت بە عێراق کرد کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی نێودەوڵەتیی بەناوبانگی بەریتانی "چاتام هاوس"ـەوە ڕێکخرابوو و ئاماژەی بەوەكرد، حکومەتەکەی لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی چەندین دەستکەوتی خزمەتگوزاریی لەسەرجەم بوارەکاندا هەبێت و بەهۆیەوە متمانەی شەقامی بە پرۆسەی سیاسیی، حکومەت و دامەزراوەکانی گەڕاندووەتەوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوپەیمانێتییەکەی؛ هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بنکەیەکی جەماوەری فراوانی هەیە و بەهۆی بوونی ڕوانگەیەکی ڕوونیش بۆ درێژەدان بە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان، وایکردووە دەرفەتی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنی داهاتوو هەبێت، دوای هەڵبژاردنیش "هەوڵ دەدەم من حکومەتی داهاتوو پێکبهێنم تا بتوانین درێژە بە پڕۆژەکان بدەین کە خەڵک لەسەرجەم بوارەکاندا هەستیان پێکردووە". ڕۆژی هەینی، 2025-10-03 بە بەشداریی حەوت هەزار و 768 کاندید لە چوارچێوەی 145 هاوپەیمانی، حیزب و لیستی تاکە کەسی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، هەرچەندە هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی لە شەقامی شیعییدا چاوی لە بەدەستهێنانی زۆرترین کورسییە تا دووبارە ببێتەوە سەرۆکی حکومەت، بەڵام ئەزموونی هەڵبژاردنی لە عێراق سەلماندوویەتی مەرج نییە ئەوەی زۆرترین دەنگ و کورسی هەبێت ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵکو هاوپەیمانییەکانی دوای هەڵبژاردن و کۆدەنگی ناو ماڵی شیعە زیاتر ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە.
شاندێکی فەرمی وەزارەتی بەرگری سووریا بە سەرۆکایەتی عەلی نەعسان، سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، گەیشتنە مۆسکۆ و لەلایەن یونس بیک یڤکورۆڤ، جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا پێشوازییان لێکرا. لەوبارەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاوکاریی سەربازیی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتە. ئەم سەردانە لەچوارچێوەی داڕشتنەوەی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆیە، دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییەوڵاتەکە و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هەروەها مۆسکۆ و حکوومەتی نوێی سووریا هاوڕان لەسەر داڕشتنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان، کە بوونی ڕووسیا لە بنکە سەربازییەکانی سووریا و ڕۆڵی بەردەوامی لە هاوکێشەی ئاسایشی ناوچەکەدا لەبەرچاو بگیرێت. چاودێران دەڵێن: ئەم هەنگاوە هەوڵێکە بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاریی بەرگریی و گرنگیدان بە دووبارە داڕشتنەوەی پلانی دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا. لە کۆتایی مانگی تەممووزی ڕابردوودا، شاندێکی باڵای سووریا بەسەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سووریا چوونە ڕووسیا و زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی ڕووسیا کرد.
ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پەروین بوڵدان لە پەرلەمانی تورکیا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ڕایگەیاند بەم نزیکانە دەچنە ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدەن. پهروین بوڵدان، ئهندامی وهفدی ئیمراڵیی دهم پارتیو ئهمڕۆ چوارشهممه، لهدوای كۆبونهوهی بهشێك له پهرلهمانتاری حزبهكهیان و پهرلهمانتارانی ئاك پارتی و ههروهها كۆبونهوهی پهرلهمانتارانی دهم پارتی و بهشێكی دیكه له پهرلهمانتاران لهگهل رهجهب تهیب ئهردۆغان، لێدوانی بۆ رۆژنامهنوسان دا. پهروین بوڵدان وتی، بهم نزیكانه جارێكی دیكه وهفدهكهیان سهردانی ئمیراڵی دهكات بۆ كۆبونهوه لهگهڵ عهبدوڵا ئۆجهلان. لهبارهی دیدارهكهیشیان لهگهڵ ئهردۆغان، پهروین بوڵدان وتی، ئهو دیداره لهگهڵ گیانی پڕۆسهی چارهسهری دێتهوهو جارێكی دیكهش له رێوڕهسمی كردنهوهی دانیشتنهكانی پهرلهمانی توركیادا، لهگهڵ ئهردۆغان دیداریان دهبێت. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی داواى ئازادکردنى ئۆجەلانى کردو وتى: "دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان ئیدی هەمواربکرێتەوە. ئەوەی گوترا، گوترا. دینامیک و ئەکتەری سەرەکی ئەم پرسە لە ئێستادا لە زیندانی ئیمراڵیدایە. لە ژوورێکی ١٢ مەتر چوارگۆشە دیپلۆماسییەکی زۆرگرنگی ئاشتی بەڕێوەدەبات. ماوەی ٢٦ ساڵە زیندانی کراوە، ٢٦ ساڵە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگادا پچڕاوە. بەڕێز ئۆجالان لە پرسی دیپلۆماسی ئاشتییدا بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە دەکات و ئەمەش زۆر بەهادارە. دەبێت ئیدی هەلومەرجی پەیوەندی ئازاد و کاری ئازاد بۆ بەڕێز ئۆجالان درووست بکرێت. "دەبێت لە پەرلەمان یاساکانی ئاشتی بخرێنە بەرنامەی کارەوە. یاسایەکی وەها دەربکەن کە یاساکانی ئاشتی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە دەربازی بووینە. بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە سەرکەوتن بگەیەنێت، دەبێت یاسا دەربکات و ژێرخانی بۆ بنیات بنرێت."
بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە 116 هەزار و 540 تومەنی ئێرانی و نرخی یەک مسقاڵ زێڕی 18 عەیاریش بە 109 ملیۆن تومەن مامەڵەی پێوە دەکرێت. چوارشەممە، 1ی تشرینی یەکەم 2025، ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی نرخی دراو و زێڕی ئێران، بڵاوی کردەوە "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمەریکی بە 116 هەزار و 540 تومەنی ئێرانی لە بازاڕەکانی تاراندا مامەڵەی پێوە کراوە و بەهای یەک یۆرۆش گەیشتووەتە 137 ملیۆن 90 تومەن." ماڵپەڕەکە، هەروا ڕایگەیاندووە، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی 18 عەیار گەیشتووەتە زیاتر لە 109 ملیۆن تومەنی ئێرانی. پاش کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، بەهای تومەنی ئێرانی بەرانبەر دراوە جیهانییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو نزم بووەتەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی چوارشەمە جارێکى دیکە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە که وڵاتەکەى ڕێگەنادات سوریا پارچه پارچه بکرێت و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاته پێشێل بکرێت. بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانى تورکیا، ئێوارەى ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا، وتی: ئێمە هەموو کەناڵە دیپلۆماسییەکانمان بەکارهێناوە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و ڕێگریکردن لە پێکهێنانی قەوارەیەکی (تیرۆریستی) لەسەر سنوورەکانمان، بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی ئەو کەناڵانە بە سەبر و دڵسۆزی و حیکمەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بێ وەڵام بمێننەوە، سیاسەت و هەڵوێستی تورکیە ڕوونە، تورکیە ڕێگە نادات ئەو ئەزموونە لە سوریا دووبارە ببێتەوە". لە کاتێکدا زێکی ئەکتورک وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ دیمەشق تۆمەتبار کرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لێدوانی لەسەر چی ڕوودەدات ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکگرتنەکە شکستی هێنا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەفتەی ڕابردوو زکی ئاکتورک وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ دیمەشقدا تۆمەتبار کرد. لەبەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای کورد پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ مەترسییەک بۆ سەر تورکیە دروست ناکات. بەدران جیا کورد، جێگری کاروباری سیاسی سەرۆکایەتی هاوبەشی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕەخنەی لە ڕۆڵی تورکیا لە قەیرانی سوریا گرت و ئاماژەی بەوەدا کە "ئەنقەرە هەوڵی هەناردەکردنی قەیران و ململانێ ناوخۆییەکانی دەدات لەسەر پرسەکانی ئاشتی و دیالۆگی ناوخۆیی بۆ سوریا". ناوبراو بۆ ئەلعەرەبییە/ئەلحەداس.نێت جەختی لەوە کردەوە کە "ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ مەترسییەک بۆ وڵاتێکی دراوسێ دروست ناکەن". لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لەدۆزى فەلەستین کرد، ئەردۆغان وتى: بە دڵەوە سوپاسی ئەو پارت و ئەندامانی پەرلەمان دەکەم کە هاودەنگییان لەگەڵ فەلەستینییە ستەملێکراوەکان نیشانداوە. ئێمە لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەست پێدەکات، لە هەموو پلاتفۆرمێکدا دەنگێکی دەنگدار بووین بۆ دۆزی فەلەستین. ئێمە هەڵوێستی شەرەفمەندانەمان لە دژی هەڵمەتەکانی چەواشەکاری کە ئێمە و وڵاتەکەمان دەکەنە ئامانج، پاراستووە. ئێمە هەرگیز وازمان لە ڕۆڵە ئازاکانی غەززە نەهێناوە کە قارەمانانە بەرەنگاری هێزە داگیرکەرەکان بوونەتەوە. ئێمە بە ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، پچڕانی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل ساڵ و نیوێک پێش ئێستا و دەستوەردان لە دۆسیەی جینۆسایددا، بە توندی لەگەڵ فەلەستینییەکان وەستاوین.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی نەوت، "سرووشتێکی تەکنیکی و یاساییان هەبوو و دووربوو لە کێشەی سیاسی"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، "زەوینەیەکی گرنگ بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز دەڕخسێنێت و قۆناخێکی نوێ دادەمەزرێنێت." محەممەد شیاع سوودانی لە گوتەیەکدا بۆ چاتم هاوسی بەریتانی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەردەمی ناکۆکیشدا روون بوون و کێشەکان پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی هەبووە و گوتی: "هیچ بڕیارێکی سیاسی نەبووە بۆ راگرتنی ناردنی پارە یان دروستکردنی کێشە لەگەڵ هەرێم[ی کوردستان]. بۆیە گرنگە کرۆکی کێشەکە وەک کێشەیەکی تەکنیکی-یاسایی وێنا بکەین، نەوەک کێشەیەکی سیاسی." سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ناکرێ پارێزگایەک پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، بەڵام هەرێمی کوردستان چاوپۆشی لێبکرێ کاتێک هەمان پابەندبوونی نەبێ و رایگەیاند: "ئەمە کەموکوڕییەکی دەستوورییە و لە پرەنسیپی یەکسانی و دادپەروەریدا نییە لەنێوان خەڵکی عێراق." سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکی هاوپەیمانییە و هەموو پێکهاتەکانی عێراقی تێدایە و دۆسییەکان بە شێوەیەکی کراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و گوتی: "برایانی وەزیرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیرانن و بێگومان پێداگیرن لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و یاسا." بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە. سوودانی ستایشی رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کرد و بە "براوە" بۆ هەمووان ناوی برد و رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکات و لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان پارەی پێویست بە گوێرەی یاسای بودجە وەردەگرێت. سوودانی گوتی: "کاتێک حکومەت پابەند دەبێ بە رادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەمە وادەکات حکومەتی فیدراڵی ماف و پارەی پێبدات". سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، رێککەوتنەکە "زەوینەیەکی گرنگ" دەڕەخسێنێت بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کە بە پێویستییەکی سەرەکیی دانا بۆ دیاریکردنی رۆڵی حکومەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان لە ژێر رۆشنایی دەستووری نوێدا. سوودانی رێککەوتنەکەی بە گرنگ دانا بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان و پاراستنی مافی کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانی عێراق. لە ئاداری 2023ەوە لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل. سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە گرنگە، قۆناخێکی نوێ دادەمەزرێنێت، بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی نەوت لە عێراق، ئینجا لە هەرێم[ی کوردستان] بێت یان لە پارێزگاکان، ئابووری نیشتمانیمان دەپارێزێ."
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، ڕایگەیاند، کێشەی مووچە لە رەگەوە چارەسەر نەبووە و ئێستا بابەتی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بووەتە کێشەی سەرەکی. هۆشداریش دەدات لەوەی بەغداد کەمکردنەوەی ئەو بڕە رەتدەکاتەوە و پێویستە هەرێم پابەند بێت، ئەگەرنا بەغداد دەیکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە. تاوبراو ئەوەشى خستەڕوو هێنانە پێشەوەی بابەتی کەمکردنەوەی 120 ملیار دینار بۆ 80 یان 90 ملیار، دوو مەترسیی هەیە: "یەکەم، حکومەتی عێراق دەڵێت پێویستە وردبینی لە داهاتەکانتدا بکەم، کە ئەمەش دەستوەردان دروست دەکات. دووەم، پێویستە ئەم بابەتە زۆر بەپەلە یەکلابکرێتەوە، ئەگەرنا دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو". ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێی وایە بەغداد بە کەمکردنەوەی بڕی داهاتە نانەوتییەکە رازی نابێت و دەڵێت: "ئەوانیش کێشەی کەمیی داهاتیان هەیە، بودجەی سێ ساڵەیان داناوە و تەنها لە ساڵی 2023 بڕی 64 تریلیۆن دینار کورتهێنانیان هەبووە، بۆیە ئێستا 6 هەزار پڕۆژەیان راگرتووە و ناتوانن پارەی بەڵێندەر و پارێزگاکان بدەن". جەمال کۆچەر هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر بەغداد رازی نەبوو و هەرێمیش پابەند نەبوو بە ناردنی 120 ملیار دینارەکەوە، ئەوا دەبێتە بیانوو بۆ بەغداد و دەڵێن هەرێم پابەند نییە. یان هەنگاوی دووەم دەنێن و بەرەو 'مەقاسە' دەڕۆن، واتە راستەوخۆ 120 ملیار دینارەکە لەو 956 ملیارەی مووچە دەبڕن". سەبارەت بە توانای دارایی هەرێم، کۆچەر دەڵێت: "مەنتیقی نییە حکومەتێک بڵێت من 120 ملیار دینارم نییە بیدەم بە بەغداد بۆ ئەوەی مووچەمان بۆ بنێرن. نە داهاتەکانمان ئەوەندە کەمە و نە لە بنەڕەتدا ئەمە پارەیەکی زۆرە کە ملیۆنێک و 150 هەزار کەسی لەسەر سزابدەیت". جەمال کۆچەر پێی وایە رێککەوتنەکە بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە بووە و دەڵێت: "هەردوو حکومەت پێویستیان بەیەکە. حکومەتی داهاتووی بەغداد پێویستی بە پشتیوانیی لایەنە کوردییەکانە، بۆیە ئامادەیە مووچە بنێرێت ئەگەر هەرێم پابەند بێت. لەبەرامبەریشدا هەرێم پێویستی بە بەغدادە، چونکە ناتوانێت بە تەنها 956 ملیار دینار مووچە دابین بکات". لە کۆتاییدا، کۆچەر ئاشکرای دەکات کە لە بەغداد پرسیار لەسەر چارەنووسی پڕۆژەی "هەژماری من" دەکرێت و دەڵێت: "پرسیار دەکەن بۆ تا ئێستا 'هەژماری من' رادەست نەکراوە و ناخرێتە سەر سیستمی فیدراڵی؟ ئەوان دەڵێن ئەگەر بابەتەکە بۆ چارەسەری لێبڕین و بندیوار نییە، بۆچی رادەستی ناکەن؟".
لە کاتێکدا حەماس تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە نەداوە، بەڵام تاهیر نونو یەکێک لەسەرکردەکانى بزووتنەوەکە "ئامادەکارییەکان بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن لە کەرتی غەززە" پشتڕاستکردەوە. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاند: ئێمە ئامادەین بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە کە دەتوانێ ساڵانێک درێژ بێتەوە. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە "ئازادکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی جەنگ و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە". ئەو بەرپرسەى حەماس جەختیشی لەوە کردەوە کە بزووتنەوەکە "جددییە لە ئازادکردنی دیلەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل مسۆگەر دەکات". بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە "چەکەکانی بەرخۆدان پەیوەستن بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینەوە"، وەک خۆی دەڵێت. ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە ترەمپ سێ بۆ چوار ڕۆژی مۆڵەتی بە حەماس دا تا ڕۆژی سێشەممە وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریکا پێشکەش بکات ، ئەگەرنا وەک خۆی وتی "ڕووبەڕووی چارەنووسێکی تاریک دەبێتەوە". لەلایەکی دیکەوە، قەتەر و میسر و تورکیا چالاکانە لۆبییان بۆ بزووتنەوەکە کردووە بۆ ئەوەی ڕێکبکەون و جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ئێستادا باشترین دەرئەنجامی مومکینە، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان کە قسەیان لەگەڵ ئەکسیۆس کردووە.
هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنن پیلانێکی شانە بەکرێگیراوەکانی داعشیان پووچەڵکردەوە و سێ ئەندامی شانەکەیان لە گوندەکانی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر دەستگیرکردوە. هەسەدە بەیاننامەیەکی گشتی بڵاوکردەوە و پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی شانە بەکرێگیراوەکانی داعش لە ئەلتەکیحی، لە لادێی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ وتیشی: "بەهۆی هەوڵە ئەمنی و سەربازییە بەردەوامەکان، هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکرات، توانیان شانەیەکی تیرۆریستی کە پێکهاتبوون لە سێ ئەندامی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە شارۆچکەی ئەلتەکیهی لە ڕۆژهەڵاتی لادێی دێرەزۆر دەستگیربکەن". دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پیلانی تیرۆریستی داعش پوچەڵکرایەوە، سێ ئەندام لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیرکران بەهۆی هەوڵە ئەمنی و سەربازییە بەردەوامەکان، هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکرات، توانیان شانەیەکی تیرۆریستی کە لە سێ ئەندامی داعش پێکهاتبوون لە شارۆچکەی ئەلتەکیهی لە لادێی دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیر بکەن. ئەو ئۆپەراسیۆنە دوابەدوای چاودێری وردی جموجۆڵی ئەندامانی شانەکە بوو، کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بە ئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. هێزەکانمان گەمارۆیەکی توندی ئەمنییان بەدەوری شوێنەکەیاندا سەپاند و بەبێ هیچ زیانێکی گیانی دەستگیریان کرد. لە میانی ئۆپراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چەک و بەڵگەنامەیەکدا گیرا کە سەلماندنی پەیوەندیی ئەو ئەندامە دەستگیرکراوانە بە داعش و پشتڕاستکردنەوەی تێوەگلانیان لە پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە. ئێمە هێزەکانی سوریای دیموکرات، پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بۆ بەدواداچوونی پاشماوەکانی داعش و شانە نووستووەکانی و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دووپاتدەکەینەوە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی خۆمان بۆ پاراستنی گەلەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنی 3ـی 10ـی 2025 وەک یەکەم ڕۆژ بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد. كۆمیسۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستەی کۆمسیاران لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی عێراق پەسەند دەکات. دەستەی کۆمسیاران ڕۆژی 3ی ئۆکتۆبەر وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکات. بڕیارە رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 7900 کاندید ناوی خۆیان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن تۆمارکردووە. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان زۆربەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە. تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تەواوکراوە. ژمارە دراوەتە قەوارە و هاوپەیمانی و کاندیدەکان. پڕۆسەی وردبینیکرنی ناوی کاندیدەکان دەستیپێکردووە. دەنگدانی ئەزموونی ئەنجامدراوە. رێکار و رێوشوێنەکانی دیکە بەردەوامە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە . بەپێی ئامارەکان 21.404.291 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە 20.063.773 ملیۆن دەنگدەرانی گشتییە و 1.313.980 دەنگدەرانی تایبەته. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا. كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە. لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە 5 كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 4 كورسی بۆ ژنانە. دهۆك 12 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 3 كورسی بۆ ژنانە. بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 21 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە سەرتاسەری عێراق تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نوێ کردوەتەوە و لەکۆی زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر کە مافی بەشداریی کردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا، کەسانی لە دایکبووی ساڵی 2007 کە ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە ژمارەیان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 50 هەزار کەس، رێژەی 40%ـی ئەو کەسانەش تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە و بڕیارە مانگی ئەیلول کارتی دەنگدانەکانیان تەواو بێت و رادەستیان بکرێتەوە. جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆن بەکارهێنانی پەنجەمۆری دەنگدانی هەڵوەشاندوەتەوە. رۆژی (16ـی تەمموزی 2025) کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەکارهێنانى پەنجەمۆرى دەنگدانى هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بۆ پاراستنى تایبەتمەندى دەنگدەران لەکاتى دەنگداندا، بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن کە دەست "سبەى" کەوتووە، ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیاریداوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى بەکارهێنانى پەنجەمۆرى دەنگدان. جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە "سبەى" راگەیاند: بەپێی یاساى هەڵبژاردن کۆمسیۆن بەفەرمى وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن دیارى دەکات، ئەوەش بەپێی خشتەى هەڵبژاردن و دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن لەلایەن کاندید و لایەنەکانەوە پێویستى بە مۆڵەتى فەرمى کۆمسیۆنە و هێشتا بەفەرمى هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە. حەسەن هادى ئەندامى تیمى راگەیاندنى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند: بەپێی خشتەى هەڵبژاردن، چاوەڕواندەکرێت بانگەشەى هەڵبژاردن لە 10ـى تشرینی یەکەم دەستپێبکات و تا هەشتى تشرینى دووەم و 24 کاتژمێر پێش دەنگدانى تایبەت بخایەنێت. وتیشى: "سزاى پێشێلکاریی بانگەشەى هەڵبژاردن، سەرەتا بە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تا سەپاندنى ملیۆنێک بۆ 25 ملیۆن دینار پێبژاردن و دورخستنەوەى کاندیدەکە، ئەوەش بەپێی جۆرى پێشێلکارییەکە".
