بەهۆی سەركوتی خۆپیشاندانەكان، سزا بەسەر بەرپرسانی ئێراندا سەپێندرا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دیپلۆماتكارانی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكە سزای نوێیان دژ بە ژمارەیەك كەسایەتی و قەوارەی ئێراندا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و پەیوەندییان بە پاڵپشتییەكانی ئێرانەوە بۆ روسیا.

یەكێك لەوانەی تایبەت بە سەركوتی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییە سزادراوە، وەزیری ناوخۆی ئێرانە. 

بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، پێشبینی دەكرێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی بۆ ئەوەی (سوپای پاسدارانی ئێران) بخەنە لیستی یەكێتیی رێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە، ئەمەش وادەكات سوپای پاسداران بچێتە ناو هەمان خانەی رێكخراوەكانی وەكو "داعش"و قاعیدەوە، كە ئەمەش گۆڕانكارییەكی رەمزییە لە سیاسەتەكانی ئەوروپادا بەرامبەر بە سەركردایەتی ئێران. 

ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا، لەسەروو هەمووشیانەوە فەرەنسا بۆ ماوەیەكی زۆر دوودڵ بوون لەوەی سوپای پاسداران بخەنە ناو ئەم لیستەوە، بەڵام دوێنێ پاریس رایگەیاند پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەكات، ئەمەش رێگای كردەوە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدات. ئەم جۆرە بڕیارانەی پێویستیان بە كۆدەنگی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا هەیە كە ژمارەیان 27 وڵاتە. 

سوپای پاسداران كە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 بۆ پاراستنی دامەزراوەی شیعەی دەسەڵاتدار دروستكراوە، خاوەنی قورساییەكی گەورەیە لە ئێراندا، كۆنترۆڵی كەرتێكی بەرفراوانی ئابوری و هێزە چەكدارەكانی كردووە، هەروەك بەڕێوەبردنی پرۆگرامی موشەكە بالستییەكان و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی لەئەستۆدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار