چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی لێدوانەکانی ترەمپ کۆدەبێتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لە وەڵامی هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی، ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی مالیکی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات و بۆ ڕێگریکردن لە هەر پەرچەکردارێکی نەخوازراو و بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەڵامی دەستوەردانەکانی واشنتن بدەنەوە.

چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر 7 ئێوارە لە ماڵی نووری مالیکی کۆبوونەوە دەکرێت و تاوتوێی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی دا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پشتگیری و دەستگرتنی چوارچێوەی هەماهەنگی بە کاندیدکردنی مالیکی دەکرێتەوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی دیکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، ڕێنماییەکی توند دەرکراوە کە تێیدا ڕێگری لە سەرجەم سەرکردە و ئەندامانی چوارچێوەکە دەکرێت هیچ جۆرە لێدوانێکی میدیایی بدەن سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، کە دژایەتی خۆی بۆ کاندیدبوونی نوری مالیکی دەربڕیوە.

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، ئەم بڕیارە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردنە لە هەر هەڵوێستێکی تاکەکەسی کە ڕەنگە لە ڕووی میدیایی یان سیاسییەوە بەشێوەیەکی نەرێنی بەکاربهێنرێت. ئاماژەی بەوەش دا، چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە و گەیشتن بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو بەرانبەر بەم پێشهاتە.

هەروەها سەرچاوەکە جەختی کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لێدوانەکانی ترەمپ بە دەستوەردانی قبووڵنەکراو و ڕاستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی عێراق و هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئیرادەی دەرەکی دەزانێت. ئاشکراشی کرد، وەڵامدانەوەیان بە شێوازێکی سیاسی و دیراسەکراو دەبێت و دوور دەبێت لە لێدوانی بەپەلە، بڕیارە دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆکان هەڵوێستی فەرمی ڕابگەیەنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق؛ پەیامێکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، بڵاوکردبووە؛ بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند خولەکێک پەیامەکەی سڕییەوە؛ دواتر جارێکی دیکە پەیامەکەی بە هەندێک گۆڕانکارییەوە داناوە.

لە پەیامە نوێیەکەی مالیکیدا هاتووە: ئێمە بە تەواوی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەت دەکەینەوە. ئەم کارە بە پێشێلکردنی سەروەری و پێچەوانەی سیستەمی دیموکراتیی عێراق لەدوای ساڵی 2003 دەزانین، هەروەها بە دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دایدەنێین.

دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ،، هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەستبەکاربوونەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: گەڕانەوەی مالیکی بۆ لووتکەی دەسەڵات، هەڵەیەکی کوشندە دەبێت و واشنتن ناچار دەکات تەواوی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ عێراق ڕابگرێت، ئەمەش وڵاتەکە بەرەو شکستێکی هەمیشەیی دەبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار