ئایشەگوڵ دۆغان: ناتوانین تەماشاکەری ڕەقبوونەوەی منداڵان بین لەبەر سەرما
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، پارتەکەیان "مێزی قەیران"ـی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەست بە جموجووڵێکی چڕی دیپلۆماسی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە گەورە مرۆییەی لە ناوچەکەدا دروست بووە.
گوتەبێژی دەم پارتی بە وەبیرهێنانەوەی 11یەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە دەستی داعش لە 26ی کانوونی دووەمی 2015، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێستا شارەکە دووبارە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراوە. دۆغان جەختی کردەوە کە پرسی کۆبانێ پرسێکی مرۆییە و ئازادیی ئەو شارە بە ئازادیی گەلان دادەنرێت.
سەبارەت بە ڕێکارە پێویستەکان، ئایشەگوڵ دۆغان داوای لە حکومەتی تورکیا کرد دەروازە سنوورییەکانی "مورشدپنار" و "نسێبین" بەڕووی هاوکارییە مرۆییەکاندا بکاتەوە. ناوبراو هۆشدارییدا کە ناتوانن وەک سیاسەتڤان تەنیا تەماشاکەر بن کاتێک منداڵان لەبەر نەبوونی سووتەمەنی و سەرما ڕەقدەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە شارەوانییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەن بۆ گەیاندنی کۆمەک، بەڵام داخستنی دەروازەکان ڕێگرە.
دۆغان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەکارهێنانی هێز دژی ئەو چالاکییانە دەربڕی کە بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا ڕێکدەخرێن، بەتایبەتی برینداربوونی پەرلەمانتار جەلال فرات لە ئیستەنبووڵ. هەروەها ڕەخنەی لە سزادانی ئەو ژنانە گرت کە وەک ناڕەزایەتی پرچی خۆیان بڕیوە و ئەو هەنگاوەی بە بەرگریی ڕووناکی دژی تاریکی وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی دەم پارتی داوای لە ئەنقەرە کرد واز لە تاکتیکی کات بەفیڕۆدان بهێنێت و ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لە سووریا بگێڕێت. دۆغان پرسیاری ئەوەی ئاراستەی بەرپرسانی تورکیا کرد کە ئایا دەستکەوتەکانی کورد وەک هەڕەشە دەبینن یان وەک دەستکەوتی خۆیان، جەختیشی کردەوە کە بە عەقڵییەتێکی سەربازی سەقامگیری لە سووریا مسۆگەر نابێت.
