عێراق لە مانگی یەکدا زیاتر لە 6 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی هەبوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئامارە بەراییەکانی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 ڕاگەیاند، کە تێیدا داهاتەکەی 6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتەکە، کە پشت بە ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەبەستێت، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو (بە کۆندێنسێتیشەوە) لەو مانگەدا بڕی 107 ملیۆن و 651 هەزار و 61 بەرمیل بوە. داهاتی بەدەستهاتوو لەو بڕەش گەیشتووەتە 6 ملیار و 388 ملیۆن و 429 هەزار دۆلار.
دەربارەی سەرچاوەی هەناردەکردنەکە، وەزارەتەکە وردەکارییەکانی بەم شێوەیە خستووەتەڕو:
کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور: 100 ملیۆن و 420 هەزار و 48 بەرمیل.
هەرێمی کوردستان (لە ڕێگەی بەندەری جەیهان): 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیل.
هەروەها ئەو بڕەی هەناردە کراوە بۆ ئوردن بڕی 309 هەزارو 712 بەرمیل بوە وە بڕی هەناردەکراو لە کێڵگەی قەیارە: 923 هەزار و 774 بەرمیل بوە.
