خۆسەر: کۆبانێ لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیی راستەقینەدایە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ دەدات و دەڵێت، بەهۆی گەمارۆی تووندەوە شارەکە گەیشتووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی کە هەڕەشە لە ژیانی سەتان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بانگەوازێکی بەپەلەی" ئاراستەی رای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کۆبانێ بە "هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگری" وەسف دەکات و دەڵێت: "کۆبانێ هێڵی یەکەمی بەرگری بوو لە بەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە رێڕەوی جەنگی دژی توندڕەویی گۆڕی؛ بۆیە بەئامانجگرتنی ئەمڕۆی، بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ئیرادەی گەلانی ئازاد و ئەزموونی دیموکراتیکە."

هەفتەیەکە کۆبانێ لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە و رێگە نادرێت، خواردن، خواردنەوە و پێداویستیی پزیشکی بگاتە شارەکە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا داوا دەکرێت بەپەلە رێگەچازەیەک بدۆزرێتەوە و "رێڕەوی ئارام بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی و چارەسەرکردنی برینداران بەبێ مەرج."

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان لێدەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی کانتۆنی جزیرێ.

هاوکات، ستایشی "بەرخۆدانی جەماوەری" خەڵکی حەسەکە و جزیرێ دەکات و جەخت لە "پێویستیی بەهێزکردنی بەرخۆدانی جەماوەریی رەوا" دەکاتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.

لە کۆتایی بانگەوازەکەدا هاتووە: "بێدەنگی لە ئاست ئەوەی روودەدات هاوبەشییکردنە لە تاوان و دەستوەردانی بەپەلە بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە کە دواخستن هەڵناگرێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار