هەموو نهێنییەک لەسەر هێرشی سەر رۆژاڤا ئاشکرابوو
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمریکا و ئیسرائیل چۆن لەسەر مێزی گفتوگۆ رۆژاڤایان پێشکەشی سوریا کرد؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی
لە رێککەوتنی پاریس لە شەشی ئەم مانگە کە تێیدا سوریا باشوری وڵاتەکەی دایە دەست ئیسرائیل و ئێستا ئیسرائیل هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای بەدەستەوەیە، هەر لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لە چارەنووسی رۆژڤا درا، بە رەزامەندی ئەمریکا و ئاگاداری ئیسرائیل.
چی روویدا؟
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی، ئیسرائیلی، سوری و کوردەوە باسی دەکات، لەو کۆبوونەوەیەی شەشی مانگ کە نوێنەری ئیسرائیل و ئەمریکا تێیدا ئامادەبوون، شاندی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبارکردووە پشتگیری لە هەسەدە دەکات و داوایان لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە واز لە کوردەکان بهێنن و هانیان نەدەن بۆ دواخستنی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی سوریا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سنورداریان کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەک کە بەدەست هەسەدەوەیە و لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەمریکا هیچ بەرهەڵستییەکیان نەنوواندووە.
لایەنی ئیسرائیلیش هەرچەندە پێشنیازەکەیان گوێ لێبووە، بەڵام دژایەتییان نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە پشتگیری هێرشەکەیان نەکردووە، چونکە یەخیل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا دەڵێت: لە تەواوی کۆبوونەوەکە بەشداربووم، ئیسرائیل هەرگیز هێرشی سوریای بۆ سەر کورد پەسەند نەکردووە و گڵۆپی سەوزی بۆ دیمەشق هەڵنەکردووە، هەر قسەیەک جگە لەمە بکرێت ڕاست نییە.
رۆیتەرز دەڵێت، پێش لەشکرکێشییەکە، تورکیا پەیامێکی بۆ سوریا ناردووە و گوتوویەتی:، واشنتن ئۆپەراسیۆنەکە دژی هەسەدە پەسەند دەکات ئەگەر خەڵکی سڤیلی کورد پارێزراوبن.
هەر ئێوارەی هەمان رۆژی و دوای کۆبوونەوەکە، سوریا هێرشی دەستپێکرد و سەرەتا لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبەوە دەستیپێکرد دواتریش دەستی بەسەر پارێزگای دێرەزوور، شاری رەققە و تەبقادا گرت و ئێستا تەنها کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ بەدەست کوردەوە ماوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەشی ئاشکرا کرد کە 17ـی ئەم مانگە لە پیرمام بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، لە نێوان تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا تۆم باراک بە مەزڵوم عەبدی گوتووە، بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ شەرعە، نەک هەسەدە و دڵنیایی پاراستنی بە هەسەدە داوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئەحمەد شەرع زیان بە هاووڵاتییانی سڤیلی کورد بگەیەنێت یان ناسەقامگیری لە بەندیخانەکاندا دروستبکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی زیندانیی داعشی تێدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارانی شەرع چەندین پشێویان دروستکردووە لە نێو زیندانەکان و چەندەها زیندانیی داعش ئازادکراون، بەڵام ئەمریکا هیچ هەڵویستێکی نەبووە.
لە 18ـی مانگ کە رێککەوتنە 14 خاڵییەکە واژۆکرا لەسەر چارەنووسی کورد کە هەمووی دژی کورد بوو، بەتایبەتی تێکەڵبوونی هەسەدە بە تاک نەک بە فیرقە، کە مانای ئەوەیە دەبێت هەسەدە هەڵبوەشێتەوە؛ ئەحمەد شەرع بەتەواوی ویستی شارە کوردییەکانیش داگیر بکات، بەڵام رۆیتەرز دەڵێت، ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزاکانی سەر سوریای کردووەتەوە بۆیە ئەحمەد شەرع ڕازیبوو بە ئاگربەستێکی چوار رۆژی، کە رۆژی شەممە کۆتایی دێت.
ئەوە بوو لە 20ـی ئەم مانگە تۆم باراک بەتەواوی دەستبەردانی ئەمریکای لە هەسەدە ڕاگەیاند و گوتی، رۆڵی هەسەدە بەسەرچووە و ئەمریکا پشتگیری لە قەوارەی سەربەخۆ ناکات، بەرژەوەندی کوردیش لەوەدایە بچێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێی سوریا.
بەم شێوەیەش، ئەمریکا و تا رادەیەکیش ئیسرائیل رۆژاڤایان پێشکەشی سوریا و تورکیا کرد و پاداشتی زیاتر لە 11 هەزار شەهیدی ڕۆژاڤایان بەمجۆرە دایەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو تێکشکانی داعش و نەهێشتنی مەترسی تیرۆر لەسەر هەموو جیهان بەختکرد.
