لە ڕووماڵەوە بۆ بووقی جەنگ؛ چۆن میدیای کەنداو ئەجێندای "ئەحمەد شەرع" دەچەسپێنێت؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



پەنجەرە

لەو کاتەوەی چەرخی شەڕ لە سوریا بە ئاراستەیەکی نوێدا سووڕایەوە و هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی "شێخ مەقسود" و "ئەشرەفییە" لە حەلەب دەستیپێکرد و دواتر پەلهاوێشتنی هێزە چەکدارەکان بۆ ناوچەکانی وەک "دێر حافر" و دەوروبەری، میدیا زەبەلاحەکانی کەنداو، لە ئەرکی خۆیان کە ڕووماڵە، داماڵراون. 

کەناڵە زەبەلاحەکانی وەک ئەلجەزیرەی قەتەری، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسی سعودی، لە ڕووماڵکارێکی هەواڵییەوە بوونەتە "بووقێکی پڕۆفیشناڵ" بۆ شەرعییەت دان بەو گروپانەی کە ئێستا بە "ڕژێمی ئەحمەد شەرع" و جاران بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" دەناسرێن.

شەڕی شاشەکان؛ کاتێک جیهان لە سوریا کورت دەبێتەوە

تێبینییەکی سەرنجڕاکێش کە چاودێرانی میدیایی ئاماژەی پێدەدەن، ئەوەیە کە ئەم کەناڵانە بەشێکی زۆری کارنامەی ڕۆژانەی خۆیان بەتەنها تەرخانکردووە بۆ گواستنەوەی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن "سەرکەوتنە مەیدانییەکانی" گروپە چەکدارەکانی سوریا. ڕووداوە گرنگەکانی تری جیهان، لە شەڕی ئۆکرانیاوە بگرە تا دۆزی فەڵەستین "کە کەناڵێکی وەکو ئەلجەزیرە و وڵاتێکی وەکو قەتەر بە دۆزیی ویژدانیی و ئەخلاقی خۆیانی دەزانن"، خراونەتە پەراوێزەوە.

ئەم میدیایانە وەک "ژووری ئۆپەراسیۆنی دەروونی" کار دەکەن؛ بە جۆرێک ڕووماڵەکان تەنها گواستنەوەی هەواڵ نین، بەڵکو "ئاراستەکردنی ڕای گشتیین".

ئەوان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و لایەندارانە، تیشکدەخەنە سەر هەر پێشڕەوییەک بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بە زمانێکی زبر و پڕ لە دنەدان، خەڵکی ناوچەکە دژی کورد و پێکهاتەکانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هان دەدەن.

هەسەدە لە نێوان بەرداشی ڕژێم و میدیای "شەرع"ـدا

ئەوەی جێی تێڕامانە، نزیکبوونەوەی گوتاری ئەم کەناڵانەیە لەگەڵ گوتاری فەرمی گروپەکەی ئەحمەد شەڕع. لە کاتێکدا پێشتر جۆلانی وەک "تیرۆریست" ناودەبرا، ئێستا لە شاشەی ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیەوە وەک "سەرکردەیەکی ڕزگاریخواز" یان "بەدیلێکی سیاسی" نمایش دەکرێت.

لە بەرامبەردا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە شەڕی داعشدا، لەم میدیایانەدا وەک "هێزێکی داگیرکەر" یان "گرێبەستکار" نیشان دەدرێن.

ئەم لایەنگیرییە تەنها هەڵەیەکی میدیایی نییە، بەڵکو وەک شیکەرەوەکان ئاماژەی پێدەدەن، جەنگێکی میدیاییە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی شەرعییەتی سیاسی ئەو قەوارانەی کە لەگەڵ کارنامەی قەتەر و سعودیەدا یەکناگرنەوە.

بەرژەوەندیی قەتەر و سعودیە؛ پارە و سیاسەت لە پشت پەردەوە

ئەوەی مایەی پرسیار و تێبینییە، ئەوەیە بۆچی قەتەر و سعودیە، سەرەڕای ناکۆکییە مێژووییەکانیان، ئێستا لە پشتگیریی ئەم بزووتنەوە نوێیە لە سوریا یەکدەگرن؟

وەڵامەکە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە:

١. خەتی سوننی و عەرەبی:
سوریا ئەگەرچی بەشی زۆری پێکهاتەکەی سوننە مەزهەبە، بەڵام دەیان ساڵ لەلایەن عەلەوییەکانەوە کە لە بنەماڵەی ئەسەددا خۆی بەرجەستە دەکات، حوکم دەکرا. ئێستا و دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ئەو دوو وڵاتە کە خۆیان بە ڕابەری تەوژمی ئیسلامی سوننی دەزانن، دەیانەوێت ڕووبەرێکی تر بۆ ئەو پانتاییەیان زیاد بکەن.

٢. دژایەتی ئێران:
هەردوو وڵات دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت هەژموونی ئێران جارێکی لە سوریا سەرهەڵنەدات، بۆ ئەم مەبەستەش گروپەکەی ئەحمەد شەرع بە ئامرزێکی کاریگەر دەبینن.

٣. دیزاینکردنەوەی ناوچەکە:
قەتەر لە ڕێگەی ئیخوان موسلیمین و گروپە ئیسلامییەکانەوە دەیەوێت پێگەی خۆی قایم بکات، سعودیەش دەیەوێت لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و سیاسییەوە، ڕێڕەوێکی نوێ لە سوریا دروست بکات کە لە بەرژەوەندی هاوسەنگییە هەرێمییە نوێیەکان بێت بە ئاراستەی خۆیان.

٤. لاوازکردنی کورد:
هەژموونی هێزە کوردییەکان و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی، مۆدێلێکی تەواو جیاوازە لەوەی پێشتر پیادە کراوە، چونکە مۆدێلێکی دیموکراسی و جیاواز پێشکەش دەکات کە لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی و داپڵۆسێنەرانەی ئەواندا ناگونجێت.

میدیا وەک چەکێکی کوشندە

ئەوەی ئێستا لە شاشەکانی ئەلجەزیرە، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسـەوە دەبینرێت، تەنها ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو بە "بەکارهێنانی میدیا بۆ پاکتاوی سیاسی" ناوزەد دەکرێت.

پاڵپشتی دارایی، دیپلۆماسی و میدیایی ئەم دوو وڵاتە بۆ گروپە توندڕەوەکان و دنەدانیان دژی هەسەدە، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە سوریا بەرەو قۆناغێکی تاریکتر دەبرێت، کە تێیدا ڕاستییەکان لە ژێر پێی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا دەکرێنە قوربانی.

بەمشێوەیە، ئەحمەد شەرع و گروپەکەی، نەک تەنها بە چەک، بەڵکو بەو باڵە میدیاییە بەهێزەی قەتەر و سعودیە بۆیان ڕەخساندوون، خەریکی سەپاندنی ڕژێمێکی نوێن. ڕژێمێک کە مەترسییەکەی کەمتر نییە لەوەی پێشوو، یەکەم ئامانجیشیان تێکدانی ئەو سەقامگیرییە ڕێژەییەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا هەبووە و هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار