مارکۆ روبیۆ: ئێمە نەوتی ڤەنزوێلامان ناوێت و خۆمان نەوتمان زۆرە، بەڵام رێگە نادەین پیشەسازی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن رووسیا و ئێران و چین دەستی بەسەردا بگیرێت، ئێمە لە بەشی رۆژئاوای زەوی دەژین و ناهێڵین بکەوێتە دەست نەیارەکانمان. لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆ ڤەنزوێلا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ دەلێت: بەشێک لە ئیدارەی ترەمپ قایل بوون لەسەر ئەوەی سەما و جووڵە ئاشکراکانی دیکەی مادورۆ لە چەند هەفتەی رابردوودا وەک گاڵتەکردن بووە پێیان. ئەوەشى خستوەتەڕوو مادورۆ هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپی بەهەند وەرنەگرتووە و وەک تاکتیکێکی چاوبەستکردن لێی روانیون. ڕۆژنامەکە ئەوەشى باسکردووە بۆیە کۆشکی سپی پلانەکەی جێبەجێکرد بەناردنی تیمی دەلتا فۆرس بۆ شوێنی مانەوەی مادورۆ. لە 23ـی مانگی رابردوو مادورۆ داوایەکی ترەمپی رەتکردووەتەوە کە واز لە پۆستەکەی بهێنێت و بچێتە تورکیا و تا کۆتایی ژیانی لەوێ بمێنێتەوە. هاوکات ڤلادمیر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا: بە تووندی ئیدانەی رفاندنی سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی دەکەین لەلایەن ئەمریکاوە. دەشڵێت: لە هێرشەکەی ئەمریکا بەشێکی زۆر لە پاسەوانەکانی سەرۆک، سەرباز و ژن و پیاوی سڤیل کوژراون. دەبێت ئەمریکا دەستبەجێ و بەزوویی سەرۆک مادورۆ و هاوسەرەکەی ئازاد بکات.
هەردوو ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی "نیویۆرک تایمز" و "واشنتن پۆست" پێشوەختە زانیارییان هەبووە لەسەر ئەوەی ئەمریکا بە نیازی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی نهێنییە بۆ سەر ڤەنزوێلا، بەڵام بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان دواخستووە. بەپێی گوتەی دوو سەرچاوە کە ئاگاداری پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی ئەمریکا و ئەم دەزگا میدیاییانەن، بە میدیای وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە: بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکە لەبەر پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکا بووە و هەروەها بۆ ئەوە بووە تاوەکوو هێرشەکە دووچاری مەترسی نەبێتەوە. بڕیاری "نیویۆرک تایمز" و "واشنتن پۆست" بۆ پاراستنی نهێنییەکانی دەوڵەت، وەک پابەندییەک بە نەریتە مێژووییەکانی ڕۆژنامەگەریی ئەمریکی دادەنرێت. ئەم هەماهەنگییەش لە کاتێکدایە کە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپی، سەرۆکی ئەمریکا و میدیا گەورەکان لەوپەڕی گرژیدایە، بەڵام میدیاکان لەبەر بەرژەوەندیی وڵات زانیارییەکەیان لای خۆیان پاراستووە و نەیاندرکاندووە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبووە. دوای 12 ساڵ ناکۆکی و چەند مانگێک لە هەڕەشە و گرژیی تووندی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا، ڕۆژی شەممە 3-1-2026، ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی وڵاتەکە و هاوسەرەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت دەستگیر کرد، ئێستا براونەتە نیویۆرک و بڕیارە "بەتۆمەتی هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر و چەک" بۆ ئەو وڵاتە دادگایی بکرێن.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاشکرای کردووە، "سیخوڕێکی واشنتن لەناو حکوومەتی ڤەنزوێلا" هاوکاری وڵاتەکەی کردووە بۆ دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردووە، هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکا "دەلتا فۆرس"، بە هاوکاری سەرچاوەیەکی نێو دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا "سی ئای ئەی" کە لە ناو حکوومەتی ڤەنزوێلادا کاریکردووە، توانیویانە لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بن و مادۆرۆ دەستگیربکەن. ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کە ئەو سەرچاوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاودێری شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆی کردووە تاوەکو ئەو کاتەی دەستگیرکراوە. شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆی کردووە، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە مادۆرۆ لە قەڵایەک دەربهێنن کە بەشێوەیەکی توند پاسەوانی دەکرا. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "فۆکس نیوز"، ترەمپ گوتی، "هیچ کاتێک شتێکی لەو جۆرەم نەبینیوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ڕووداوکەم کردووە، وەک ئەوەی سەیری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بکەم". ئاماژەی بەوەشکردووە، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیان بۆ ناو کەشتییەکی ئەمەریکی گواستوەتەوە، لەوێشەوە دواتر دەبرێنە نیویۆرک بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاریی پەیوەست بە تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە و دادگایی بکرێن. ترەمپ جەختی لەوەشکردووەتەوە، چوار ڕۆژ پێش ئێستا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هەڵکردووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا دواخرا. ئاماژەی بەوەشکردووە، مادورۆ کاتێک دەستگیرکراوە لە قەڵایەکدا بووە، هاوکات لەو ئەرکەدا هیچ کام لە پیاوەکانمان نەکوژراون، ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک لە پیاوەکان برینداربوون، بەڵام گەڕاونەتەوە و تەندروستییان زۆر باشە". ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن. ترەمپ لە بارەی دەستگیریکردنەکەی گوتی: مادۆرۆ و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە نیویۆرک و لەوێ دادگایی دەکرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنێكی نا ئاساییەمان لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو، تا قۆناغێکی گواستنەوە تەواو دەبێت، کۆنتڕۆڵی ڤەنزوێلا دەکەین، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، جیهانی هێرشى وەك ئەوەی ڤەنزوێلاى بەخۆوە نەبینیوە. سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جەختى کردەوە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە بەشێوەیەكی نایاب ئەنجامدرا، هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و بەغدادی و لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو. بەشێکى دیکەى قسەکانى دۆتاڵد ترەمپ.. ـ ئێستا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی روبەڕوی دادپەروەری ئەمریکا دەبنەوە. ـ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڤەنزوێلا لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە ئەنجامدرا. ـ مادۆرۆ و هاوسەرەکەیمان گرت و سوپای ڤەنزوێلا سەلماندی بێ سوودە. ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە نیویۆرک بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆر روبەڕوی دادپەروەری دەبنەوە. ــ هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆشدا هیچ کەرەستەیەکی سەربازیمان لەدەست نەدا. ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان لە ڤەنزوێلا یەکێکە نمایشە سەرنجڕاکێش و كاریگەرەكان بۆ ئاستی هێز و توانای سوپای ئەمریکا. ــ لە 97%ی مادەی هۆشبەرمان نەهێشت کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگەیشتە ئەمریکا، زۆربەیان لە ڤەنزوێلاوە دەهاتن. ــ ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریمان دەوێت بۆ گەلی گەورەی ڤەنزوێلا. ــ ڕێگە نادەین ڤەنزوێلا لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی بکرێت کە کار بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی نەکات. ــ توانا سەربازییەکانی ڤەنزوێلا پەكخران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ. ــ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەچنە ڤەنزوێلا و ژێرخانی نەوت چاک دەکەنەوە و داهات بەدەستدێنن. ــ ئامادەین بۆ شەپۆلی دووەمی هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا ئەگەر پێویست بوو، هەرچەندە وا گریمانە دەکەین کە پێویست نەكات. ــ ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین و کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانمان دەچنە ئەوێ. ــ دیکتاتۆر مادۆرۆ پادشای تۆڕێکی بازرگانی نا یاسایی ماددە هۆشبەرەکان بوو كە بە قاچاغ رەوانەی ئەمریكای دەكرد. ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە کەشتییەکی ئەمریکیدان و دەگەنە نیویۆرک بۆ ئەوەی روبەڕوی دادپەروەری ببنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوژمنكاری ئەمریکای بۆ سەر ڤەنزوێلا ئیدانە دەكات و لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: دەستدرێژی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێسا بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتییە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاندووە: مافی رەوای ڤەنزوێلایە بەرگری لەسەروەری نیشتمانی و سەلامەتی خاكەكەی بكات، بە بەرپرسیارێتی یاسایی سەرجەم حكومەت و رێكخراوە نێودەوڵەكانیشی زانیووە، بەتایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش بۆ راگرتنی دەستبەجێی دوژمنكاری بۆ سەر ڤەنزوێلاو، گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە پێویستەكان بۆ لێپرسینەوە لە پلاندانەران و ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە لەمیانی ئەو دوژمنكارییە سەربازییەدا. رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیەڵ پەیامێکی لەبارەی هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ڤەنزوێلا بڵاوکردەوە. ترەمپ لەوبارەیەوە نووسی، "ئەمریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ڤەنزوێلا و تێیدا سەرکردەکەی، سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوژینەکەی دەستگیرکران و برانە دەرەوەی وڵات." وەکو سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە "بە پشتبەستن بە هێزی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا ئەنجامدراوە." راگەیاندنەکەی ترەمپ دوای چەند کاژێرێکی پڕ لە گرژی و نادڵنیایی هات کە تێیدا بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز کاراکاسی پایتەختی هەژاند. بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی کاژێر 2:00 بە کاتی ناوخۆ واتە 09:00ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکاندا، فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شارەکەدا بە نزمی سووڕاونەتەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو دانیشتوواندا دروستکرد. وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند کە جگە لە کاراکاس، دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگاکانی میراندا، ئاراگوا و لا گوێلاریش کراونەتە ئامانج. وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی "هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکای رەتکردەوە و بە زۆر مەترسیدار" ناویبرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهانی، بەتایبەتی لە ناوچەی ئەمریکای لاتین و کاریبی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشێکی بەرفراوانی سەرکەوتوومان کردەسەر ڤەنزوێلا و دەڵێت: سەرۆک مادورۆ و هاوسەرەکەیمان دەستگیرکردووە و لە ڤەنزوێلا براونەتە دەرەوە. ئەمڕۆ شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی دژی ڤەنزوێلا ئەنجام داوە. بەپێی پۆستەکەی ترەمپ، لە ئەنجامی هێرشەکەدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەستگیرکراون و لە وڵاتەکە براونەتە دەرەوە. ترەمپ دەڵێت، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوکاریی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکا ئەنجام دراوە و دواتر وردەکاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ (بە کاتی ئەمەریکا)، لە مارالاگۆ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەوبارەیەوە بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی ڤەنزوێلا، ڕایگەیاند، ئامادەین بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی ڕێککەوتنی دژە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، هاوکات ئەگەر ئەمەریکا نەوتی دەوێت پێی دەدەین. هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2025، نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا، ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لە سەر ڕێککەوتنی دژە بازرگانیکردن بە ماددد هۆشبەرەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بارەی نەوت و ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوانیان دەیانەوێت ئەو لەگەڵ واشنتن بگەن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بەو وەیرانەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکادا تێیکەوتووە. جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەمەریکا لە بارەی ئەم قسانەوە دەزانێت و ئاگاداری ئەوەن کە ئێمە دەمانەوێت ڕێکبەکەوین، چەند جارێکیش ئەم پرسەمان لەگەڵ ڕاوێژکار و نوێنەرەکانی ئەمەریکا باسکردووە، ئەگەر واشنتن دەیەوێت لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕێکبەکەوێت ئێمە ئامادەین. مادۆرۆ لە بارەی نەوتی وڵاتەکەی گوتویەتی،"ئەگەر ئەوان نەوتیان لە ڤەنزوێلا بوێت، ڤەنزوێلا ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکان، وەک ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیای "شۆڤرۆندا" هەیە، ئێمە ئامادەین هەرکاتێک و لە هەر شوێنێک و بە هەر شێوەیەک بێت کە ئەوان بیانەوێت". قسەکانی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کاتێکدایە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا بە وەیرانێکی سەختدا تێدەپەڕێت، پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی نێوانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت، هاوکات لە ڕووی سەربازیشەوە ئەمەریکا فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ڤەنزوێلا و بەوە تۆمەتباری دەکات کە حکوومەتی ڤەنزوێلا لە کارتێلەکانی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان کاردەکات و ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ڤەنزوێلاوە بۆ ئەمەریکا. دوایین بڕیاری حکوومەتی ئەمەریکا لە بارەی ئەو دۆخەی لەگەڵ ڤەنزوێلادا هاتوەتە ئاراوە سەۆاندنی چەند سزایەکی توند بوو بە سەر ئەو وڵاتە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بۆ سەر حکوومەتی کاراکاس، زنجیرەیەک سزای نوێی ڕاگەیاند؛ تێیدا چوار کۆمپانیای گواستنەوە و چوار کەشتیی نەوتهەڵگری کردووەتە ئامانج. سزاکانی واشنتن تەنیا لە ئاستی کەسایەتییەکاندا نەمیناوەتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ستراتیژی کەرتی وزەی ڤەنزوێلای کردووەتە ئامانج. بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەشەکی بەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا، ئەمەریکا هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی داهاتی وزەی ئەو وڵاتە وشک بکات، تا ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی ئەو داهاتانە بۆ پشتگیریکردنی چالاکییەکانی حکوومەت. پەرەسەندنی ئەم گرژییانە کاریگەریی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێش؛ بۆ نموونە دەوڵەتی "ترینیداد و تۆباگۆ" ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی لۆجستی و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی بەڕووی هێزەکانی ئەمەریکادا، ئەمەش ململانێی نێوان واشنتن و کاراکاسی بردووەتە قۆناغێکی نوێی ناوچەییەوە. لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی ڤەنزوێلا ئەم ڕێوشوێنانەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند؛ ئەمە "هێرشێکی بە ئەنقەستە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەیان". لەم مانگەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی دەرکرد، مامەڵە لەگەڵ ڤەنزوێلا دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا و لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، ڕێگرییان لە چەندین کەشتی کردووە؛ گومانی گواستنەوەی نەوتیان لێ دەکرێت. ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتن دوای ئەوە دێت لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حەوت کەسایەتیی نزیک لە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیدا سەپاندبوو. ئەمەریکا ئامانجیەتی لە ڕێگەی ئەم سزایانەوە فشارەکان بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە زیاد بکات کە واشنتن بە ڕژێمێکی ناپاک و تێوەگلاو لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە وەسفی دەکات.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە پێنچ رۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران، شەش خۆپیشاندەر کوژران، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانس یمیهری ئێرانی، 12 ئەندامی بەسیج و سوپای پاسدارن بریندار بوون. بەڵام خۆپیشاندەران بە هەنگاویان راگەیاندووە، ژمارەی کوژرا و بریندار وز ۆر لە ژمارانە زیاترە. هەر ئەمرۆ لە بەخاكسپاردنی "ئەمیر حوسامی خودادیاری" ئەو گەنجەی لوڕستانی رۆژهەڵاتی كوردستان، کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا، هێرشکرایە سەر هێزە ئەمنییەكان. عەلی شەمخانی، راوێژکاری خامنەیی لە وەڵامی پەیامەکەی ترەمپ: خەڵکی ئێران لە قسەی تۆ تێدەگات، کە باسی رزگاری کردن دەکەیت، نمونەی عێراق و ئەفغانستان، غەزەمان بینیوە. وتیشى: هەر دەستوەردانێک لە ئاسایشی ئێران بکرێت، زۆر بە توندی وەڵام دەدەینەوە. پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران: ئەگەر ئێران خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی وڵاتەکەی بکوژێت، ئەمریکا ئامادەیە بۆ رزگارکردنیان. ئێمە خۆمان پڕچەک کردووە و ئامادەین. قەیرانی وزە، بێئاوی، مەترسی جەنگ و ئێستاش بێبەهابوونی تمەن؛ هەموو ئەمانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە و چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نییە، هەربۆیە چەند رۆژێکە هاتوونە سەر شەقامەکان و تووڕەی خۆیان دژی حکومەتی وڵاتەکە دەردەبڕن. خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ داواکردنی نانە، چونکە بەهای تمەن هێندە دابەزیوە کە تەنانەت بازرگانان و دوکاندارانیش زیانی گەورەیان کردووە. سەرەتا رۆژی یەکشەممە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران و زێرێنگەرانی ناوەندی بازاریی عەلادین دوکانیان نەکردەوە و هەموویان روویان لە گۆڕەپانەکانی ئیمام خومەینی و جمهوری و جەوادی کرد، دژی دابەزینی بەهای تمەن و بێبازاڕی. نرخی تمەن لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018 دەستی بە دابەزینی گەورە کردووە، بەڵام ئەم دابەزینەی مانگی 12 داڕمانێکی مێژووی نرخی تمەن بوو، بە خۆرێک لە ساڵی 2018 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر یەک ملیۆن 500 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 13 هێندەی ئەو کاتەیە و گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن تمەن بەرامبەر 100 دۆلار.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند، لە ساڵی 2025دا، 41 هەزار و 472 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم گەیشتوونەتە ئەودیوی کەناڵی ئینگلیزی. پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ئاماری ساڵی ڕابردووی 2025ـی لە بارەی ئەو کەسانەوە ئاشکراکرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، بە گوێرەی ئامارەکە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا، 41 هەزار و 472 کەس بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2024 کە نزیکەی 36 هەزار و 800 کۆچبەر ڕوویان لە بەریتانیا کردووە بە ڕێژەی ١٣% زیادی کردووە. بە گوێرەی ئاماری نوێی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ئەم ژمارەیە دووەم گەورەترین ژمارەی پێوانەیی کۆچبەرانە لە مێژوودا کە ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2018، نزیکەی 46 هەزار کەس کەناڵی ئینگلیزیان بەزاند و خۆیان گەیاندە بەریتانیا. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان 15ـی تشرینی دووەم و 12ـی کانوونی دووەمی 2025 هیچ پەڕینەوەیەک تۆمارنەکراوە، ئەمەش تاڕادەیەک ئاساییە، چونکە لە مانگی کانوونی دووەمدا بە شێوەیەکی ئاسایی هەوڵەکانی پەڕینەوە کەمدەبێتەوە بەهۆی کەشوهەوای سارد و بارودۆخی سەختەوە. هاوکات دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە بەهۆی تێچووی جێگیرکردنی کۆچبەران، ڕۆژانە ملیۆنان پاوەن خەرج دەکەن بۆ نیشتەجێکردنیان لە هۆتێلەکاندا. ئەمە لە کاتێکدایە پێش مانگێک، شەبانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڕایگەیاندووە، بەم زووانە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پرۆژە یاسایەک پەسەند دەکرێت، تایبەتە بەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا دەکەن، بە گوێرەی پرۆژە یاساکە، ئەو کۆچبەرانەی ڕەزامەندی مانەوەیان پێدەدرێت، مافی پەنابەرێتیان پێ نادرێت تەنیا مانەوەی کاتی دەبێت. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لەوەتەی پارتی کرێکاران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست نزیکەی 50 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەریتانیا دەرکراون. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە گۆڕانکارییە نوێیەکانیدا لە سیستەمی کۆچبەری و پەنابەریدا سوود لە ئەزموونی دانیمارک وەردەگرێت، کە یەکێک لە توندترین سیستەمەکانی پەنابەری هەیە لە کیشوەری ئەورووپا و توانیویەتی ژمارەی پەنابەران بگەیەنێتە نزمترین ئاست لە 40 ساڵی ڕابردوودا.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل سوورە لەسەر بڕیاری داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و ساڵی 2026ـی بە "ساڵێکی چارەنووسساز" بۆ ئاسایشی دەوڵەتی جووەکان وەسف کرد ئایال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەبۆنەی سەری ساڵ هێزەکانی وڵاتەکەی لە غەززە بەسەرکردەوە و بە سەربازەکانی ڕاگەیاند، ساڵی 2026 ساڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە ڕووی داڕشتنی واقیعی ئەمنی دەوڵەتی ئیسرائیل زامیر جەختی لە داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و تەواوی'' گرووپە تیرۆرستەکانی'' دیکە کردەوە و دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن حەماس تواناکانی خۆی بوونیاد بنێتەوە و نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل. لەم هەفتەیەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوویەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی دەستبەرداربوونی حەماس لە چەکەکانی کردەوە. هاوکات لە بارەی چەکدادانی حەماس ترەمپ وتی، ئەگەر دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن، کە لەسەری ڕازی بوون، دەبێت باجێکی قورس بدەن، دەبێت لەماوەیەکی کورتدا دەستبەرداری بن.
بەبۆنەی ساڵی نوێ وە مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی نوێدا کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، بەقاچاخبردن و تاڵانیی سامان، نایەکسانی، گەندەڵی، دڵەڕاوکێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کۆتاییهێنان بە میلیشیا چەکدارەکان. لە پەیامەکەیدا، سەرەڕای پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بەبۆنەی ساڵی نوێ وە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، دەڵێت "ئەم گوتانەم ئاڕاستەی ئەو کەسانەیە کە لە خاکی عێراق گەندەڵی بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵێم: "سەردەمی ئێوە کۆتاییهات و ئێستا سەردەمی عێراق و عێراقییەکانە". مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، عێراق و ئاڵاکەی بەرز دەبن و دەبنە سەرچاوەی شانازیی هەموو عێراقییەکان، دەشڵێت: "هێشتا لە سەرەتای رێگاکەداین". نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ دا چەند خاڵێک دەخاتەڕوو و دەڵێت، کار لەسەر کۆتاییهێنانیان دەکەین، ئەوانیش زوڵم، نایەکسانی، هەژاری، نەزانی، بێکاری، لاوازیی خزمەتگوزاری، فێڵی یاسایی، پارە سپیکردنەوە، گرێبەستی وەهمی، قاچاخچێتی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و چەندین خاڵی دیکەن. ساڤایا بە گەلی عێراق دەڵێت، هێز و خۆڕاگریی ئێوە، سەرچاوەیەکی هیوابەخشن بە جیهان، دووپاتیدەکاتەوە کە ساڵی نوێ هەلی باشتر و سەقامگیری و داهاتوویەکی گەشاوەتریان بۆ سەرجەم عێراقییەکان پێدەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ساڵی نوێدا لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی عێراق، داهاتوویەکی گەشاوە بۆ عێراق و عێراقییەکان دابیندەکەن.
كەناڵی (12)ی ئیسرائیلی، لەزاری بەرپرسێکی باڵاو دوو سەرچاوەی ئەمریکی ئاگادار لە وردەکارییەکانی کۆبونەوەکەی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، بڵاویكردووەتەوە: ناتانیاهۆ و ترەمپ باس لە ئەگەری دەستپێکردنی "گەڕی دووەم"ی هێرشە سەربازییەکانيان کردووە بۆ سەر ئێران لە ساڵی 2026 دا. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ناتانیاهۆ نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی رژێمی ئێران لە دوای شەڕی 12 ڕۆژەیی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا سەریهەڵدا، خستووەتە بەردەم ترەمپ، ئەنجامدانی هێرشی زیاتری بە پێویست زانیوە بۆ رێگریکردن لە بونیادنانەوەی تواناکانی تاران، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی. لەگەڵ ئەوەی کۆشکی سپی رەتیکردەوە بە فەرمی هیچ لێدوانێک لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بدات، بەرپرسێکی ئەمریکی دووپاتی کردووەتەوە، ئەگەری کردەوەی سەربازی دژ بە ئێران لە بەرنامەی کاردایەو ترەمپ پێی وایە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕووی دەبێتەوە، لە هەمان کاتیشدا پێی باشترە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، نیگەرانی وڵاتەکەی لەبەرانبەر هەڕەشەکان و ئەگەری وەشاندنی گورزێکی نوێی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دەربڕی و ڕایگەیاند، داوا لەو سەرگەرمانە دەکەین، خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دژ بە ئێران بە دوور بگرن. زاخارۆڤا لە بارەی نیگەرانییەکانی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەو لێدوانە شەڕانگێزەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێی سەربازیی دژی ئێران و بە تایبەت بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەتۆمی، جێگەی نیگەرانییە. دەشڵێت: ئەو جۆرە لێدوانانە و تۆمەتی ئایدیۆلۆژی دژە ئێرانی، بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندینجار و بێ دوو دڵی ئەو جۆرە خواستانەی ڕەتکردووەتەوە، کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرە و کارەساتێکی گەورە دەبات و ئەگەری کاردانەوە و لێکەوتەی خراپی دەبێت. لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەوڵدان بۆ ناچارکردنی وڵاتان بە قبووڵکردنی ئەگەری چارەسەرکردنی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە، جێگەی ناڕەزاییە، بەتایبەت هەوڵی بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەکاتێکدا، کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان. ماریا زاخارۆڤا دەڵێت: سەرکێشییەکی نابەرپرسانەی لەم جۆرە، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ڕێککەوتنی جیهانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت، کە بەردی بناغەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT)یە. چونکە ئەو هەڕەشانەی پێشتر ئاماژەیان بۆ کرا، لەلایەن وڵاتێکەوەیە کە هەرگیز پەیوەندی بەو پەیماننامەیە نەکردووە، لە دژی دەوڵەتێک کە لایەنێکە لەناو ڕێککەوتنەکە و بەردەوام پابەندبوونی خۆی بە مەرجەکانی دووپات دەکاتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هۆشداری دەداتە نەیارانی ئێران، خۆیان لە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی بەدوور بگرن و دەڵێت، " داوا لەم سەر گەرمانە دەکەین کە بە تەواوی قەبارەی زیان و وێرانکارییەکانیان بزانن و خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دەورووبەری ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدوور بگرن، واز لە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵە کوشندانەی حوزەیرانی 2025 بێنن، کە بووە هۆی تێکدانی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێراندا. هەروەها زاخارۆڤا دەڵێت، ئەزموون پێمان دەڵێت، ڕووبەڕووبوونەوە تەنیا کارەسات دەخولقێنێ و هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گەیشتن بە چارەسەرەکان دوور دەخاتەوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا ئەوەی خستووەتەروو، ڕووسیا بەردەوام لەو باوەڕەدایە کە تاکە بژاردەی دروست، ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانە بە ئامانجی پەرەپێدانی ڕێگەچارەی درێژخایەنی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی ئێران، لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە ڕەچاوکردنی پێویستی و بەرژەوەندییە یاساییەکانی تاران. ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کاتێکدایە، دوێنێ 30ی کانوونی دووەمی 2025، بەشی ڕاگەیاندنی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا" کرێمل" بڵاویکردەوە، هەریەک لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد، کە بەشێکی قسەکانیان بە بەرنامەی ئێران پەیوەست بوون.
لویس ساکۆ لەبارەی ئەو هەڵمەتەی ماوەی هەفەتەیەکە لە عێراق لەدژی دەستیپێکردووە لەسەر گوتنی وشی [ئاساییکردنەوە] کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لێکدراوەتەوە، دەڵێت: دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو قسەکانی منیان لە چوارچێوەی خۆیان دەرهێنا و بەشێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد، دەشڵێت: رووبەڕووی هەڕەشە بوومەتەوە و دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. بەشێکى دیکە لە قسەکانى.. ـلە دوای قەیرانەکەوە دەسەڵاتدارانی حکومەت پەیوەندییان پێوە نەکردوم و مەرجەعیەتیش بێدەنگی هەڵبژارد، ئەمە ئازاربەخش بوو، سەرەڕای هەڵوێستەکانم، لەنێویاندا هێنانی پاپا بۆ عێراق. ـ ژمارەی ئەو مەسیحیانەی عێراقیان بەجێهێشتووە دەگاتە یەک ملیۆن مەسیحی، 1500 مەسیحیش كوژراون و هەزار و 200 موڵکیشیان لە بەغداد دەستی بەسەردا گیراوە. ـ تەنها لە بەغداد 750 هەزار مەسیحی کلدانیمان هەبوو، پێش ساڵی 2003 ملیۆنێک و 500 هەزار مەسیحی لە عێراق بوون، ئەمڕۆش کەمتر لە 500 هەزار مەسیحی هەیە. ـ ئاڵوگۆڕی پیرۆزبایی لە نێوان ئایینەکاندا بە مانای گۆڕینی ئایینی کەسێکی دیکە نییە و قەدەغەکردنی پیرۆزبایی لە مەسیحییەکان هەڵگری رق و کینەیە. 🔹دەیانەوێت کەنیسەکە بێدەنگ بکەن دوای ئەوەی دەنگی ئایەتوڵا سیستانیان بێدەنگ کرد. 🔹دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. 🔹قسەکانی منیان لە چوارچێوەی سروشتی خۆیان دەرهێناو بە شێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد. 🔹تەنها بیرۆکەیەکم خستەڕوو، بەڵام لایەنێک بیرۆکەكەمى شێواند. 🔹یاوەری پاپا فرانسیس بووم بۆ ئوردن بەڵام ڕەتمکردەوە لەگەڵیدا بچم بۆ ئیسرائیل. 🔹 ئاساییکردنەوە بەرپرسیارێتی ئێمە نییە، حکومەت بڕیاردەدات چی لە بەرژەوەندیدایە. 🔹روبەڕوی هەڕەشە بوومەتەوەو دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. 🔹من نوێنەرایەتی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کاسۆلیک دەکەم لە سەرانسەری جیهاندا و تەنیا نیم. 🔹عێراق مەسیحی بووە، باوباپیرانم لە کوفە بە خاک سپێردراون. 🔹نەجەف و کەربەلا گرنگترین شوێنە پیرۆزەکانی شیعەن، بەڵام هیچ گرنگییەکیان پێنادرێت، تەنها لە زیارەت كردندا كورتكراوەتەوە. 🔹موقتەدا سەدر، وەڵامی نامەكەی دامەوە، ئەو لە کۆی هەزار و 250 موڵکی مەسیحی كە دەستی بەسەردا گیراوە، 100 موڵکی گەڕاندووەتەوە. 🔹مەسیحییەکان بە هاوبەش نازانن بەڵکو بە تابوری پێنجەمی دەزانن، هەرچەندە ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەین. 🔹مەسیحییەکان وا هەست دەکەن عێراق وڵاتی دزراوی خۆیانە. 🔹پەرلەمانتارانی كۆتای مەسیحی بە رەوشت و رەفتاریان ئاینەكەیان شێواندووە.
