پاشای بەریتانیا لەسەر گرتنى براکەى هاتە دەنگ

3 كاتژمێر لەمەوپێش



شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا، لەیەکەم لێدوانیدا لەبارەى دەستگیرکردنى براکەى رایگەیاند: "پێویستە دادپەروەرى رێڕەوەى خۆى بگرێت"

پاشای بەریتانیا دەشڵێـت، دەمەوێت بە ڕوونی جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە یاسا ڕێڕەوی خۆی بگرێتەبەر، لە کاتێکدا  رێوشوێنەکان  بەردەوامن، گونجاو نابێت بۆ من لێدوانی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بدەم، لەم نێوەندەدا من و خێزانەکەم بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان و خزمەتکردنی هەمووتان".

ئەمرۆ پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 66 ساڵەی لەدایکبوونی شازادە ئەندرو، پۆلیسی "تەیمز ڤالی" رایگەیاند، پیاوێکیان لە ناوچەی نۆرفۆلک دەستگیرکردووە، کە لە 60ـەکانی تەمەنی دایە. هەرچەندە پۆلیس بەپێی یاسا ناوی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا پشتڕاستیان کردەوە، ئەو کەسە شازادە ئەندرویە.

ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو بەڵگەنامەی نوێ ئاشکرا بوون، گوایە ئەندرو لە کاتی کارکردنی وەک نێردەی بازرگانیی بەریتانیا، زانیاری و بەڵگەنامەی نهێنی بۆ جێفری ئێپستین ناردووە. 
 
لە ئیمەیڵێکی ساڵی 2010دا، ئەندرو راپۆرتی نهێنی دەربارەی ڤێتنام، هۆنگ کۆنگ و سەنگاپوور بۆ ئێپستین ناردووە. هەروەها تۆمەتبارە بەوەی زانیاری دەربارەی هەلی وەبەرهێنان و وردەکاری گەشتە فەرمییەکانی بۆ ئەو بازرگانە ئەمریکییە گواستووەتەوە.

 شا چارلزی سێیەم "نیگەرانی" خۆی بەرامبەر کارەکانی براکەی دەربڕیوە. هەفتەی رابردووش کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند، ئەوان "ئامادەن هاوکاری پۆلیس بکەن" لە لێکۆڵینەوەکانیاندا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شازادە ئەندرو پێشتر لە هەموو نازناو و ئیمتیازاتە شاهانەییەکانی بێبەشکراوە. ئەو هەنگاوەش دوای بڵاوبوونەوەی چەندین بەڵگەنامەی نوێ دێت لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، کە تیایدا دەردەکەوێت ناوبراو تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێکسی و بازرگانی بە مرۆڤ و چەندین بابەتی دیکەی نایاسایی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار