زیاتر لە 10 رۆژە پوتین دیارنییەو هیچ دەرکەوتنێکى نەبووە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانى ئەوروپا ڕایدەگەیەنن زیاتر لە 10 رۆژە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا هیچ دەرکەوتنێکى ئاشکراى نەبووە، ئەمەش ژمارەیەک پرسارو گومانى بەدواى خۆیدا هێناوە، بەتایبەتى گومانکردن لەدۆخى تەندروستى، لەکاتێکدایە دواین دەرکەوتنى رۆژى 5ى شوبات بووە لەمیانى پیشکەشکردنى وتارێکى فەرمیدا.
هەرچەندە لەچەند رۆژى رابردوودا میدیاى فەرمى روسیا چەند گرتەیەکى ڤلادیمیر پوتینى لەگەڵ چەند بەرپرسێکى وڵاتەکەى بڵاوکردەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەوگرتانە تۆمارکراوبووە، ئەمەش وایکرد هێندەى تر دەنگۆکان زیاتربن سەبارەت بە تێکچوونى دۆخى تەندروستى، بەو پێیەى لەرابردوودا ژمارەیەک راپۆرت باسیان لەوەکردووە چەند نیشانەیەکى نەخۆشى لەسەر جەستەى پوتین دەرکەوتووە، وەک لەرزینى هەردوو دەستى، دەرکەوتنى وەرەم لەسەر دەمووچاوى، جوڵەى نائاسایى لە هەردوو قاچى.
لەماوەى رابردووشدا چەندینجار و بەشێوەى کاتى ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا دەرنەکەوتووە، بەنمونى لە مانگى 4ى ساڵی 2025 بۆ ماوەى 8 رۆژ دەرنەکەوتووە، بەهەمان شێوە لەساڵى 2024 چەند رۆژێک دیارنەبووە، ئەمەش دەرگاى بەرووى چەندین پرسیارو ئەگەردا کردوەتەوە، گومان دەکرێت دووچارى نەخۆشى مەترسیدار هاتبێت وەک شێرپەنجە.
رۆژى هەینى رابردووش لە کۆنگرەى ئاسایشى نێودەوڵەتى ڤۆلۆدیمیر زیلینسکى سەرۆکى ئۆکرانیا لە کۆمێنتێکیدا لەسەر هاوتا روسییەکەى وتى "کاتى زۆرنەماوە" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى کە "دۆخى تەندروستى باش نییە"، وەک ئەوەى چاودێران شرۆڤەى بۆ دەکەن.
