عێراق دەست بە دابەشکردنی موچەی ساڵی 2026 دەکات و موچەخۆرانی هەرێمیش هێشتا 10 مانگی 2025یان تێنەپەڕاندوە. لە کۆتا ڕۆژی ساڵی 2025داین بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیی عێراق ڕایگەیاند: تەواوی ڕێکارەکانی دابەشکردنی موچەی مانگی کانونی دووهەم-1ی ساڵی 2026 کۆتایی هاتووە و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام و کۆتایی سەریساڵ دەست بە دابەشکردنی موچەی خانەنشینیان دەکرێت. هەموو سەرەتای مانگێک عێراق موچەی خانەنشینان بەر لە هەمووان دابەشدەکات و لە کۆتاییەکانی مانگیشدا موچەی موچەخۆرانی دیکە دابەشدەکات. هاوکاتی ئەوە ئەمڕۆ دابەشکردنی موچەی مانگی تشرینی یەکەم-10 واتا دوو مانگ پێش ئێستای موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و چارەنووسی دووکۆتاموچەش نادیارە و نازانرێت کە ئایا دابەشدەکرێت یاخود پاشەکەوت دەکرێت...

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوار شەممە ( 31 ی کانوونی  یەکەمی 2025 ) مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.  ڕاشیدەگەیەنێت: هاوکات لەهەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( 1-7-2024 ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

عەتا محەممەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو قەرەبووی ئۆتۆمبێل و دووكانە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەى چەمچەماڵ دەکرێتەوە.   عەتا محەممەد، ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ بڕیاردەدەن لەەسەر دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکە بەسەر شۆفێر و دوکانە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی 9ـی مانگی چەمچەماڵ و دەورووبەری.   سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری دواکەوتنی قەرەبووەکە بۆ هەفتەی داهاتوو ئەوەیە، بانکی چەرموو لە چەمچەماڵ بۆ دابەشکردنى مووچە تەرخان دەکرێت، بەوپێیەی ئەو بانکە ناتوانێت لە یەک کاتدا مووچە و هاوکارییەکەی لافاوەکە پێکەوە دابەشبکات. کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، 1302 خێزانى زیانلێکەوتووى لافاوەکەى چەمچەماڵ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 1268 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرگرتووە و قەرەبوو کراونەتەوە، 38 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرنەگرتووە، کە چوار خێزانیان بەخواستى خۆیان قەرەبووەکەیان ڕەتکردوەتەوە و بەهۆى ئەوەى پێشتر خێرخوازان قەرەبوویان کردونەتەوە و 34 خێزانیش بەهۆى بوونى نەخۆش و دەوامى سەربازى و چەند هۆکارێکى دیکە تاوەکو ئێستا چەکەکانیان وەرنەگرتووە. عەتا محەمەد سەرۆکى کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕى پارەى قەرەبووى هیچ کەسێک نافەوتێت و دەتوانن لە رۆژانى داهاتوو سەردانى بانکى چەرموو بکەن و چەکى قەرەبوو وەربگرن و ڕاستەوخۆ پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت، لە ئەمرۆشەوە دەستدەکەن بە پۆلێنکردنى سکاڵاکان و تاوەکو ڕۆژى یەکشەممە لە پاش پۆلێنکردن کۆمیسیۆنەکە و لیژنەى چاودێرى کۆدەبێتەوە و بڕیار لە دەرئەنجامى سکاڵاکان دەدات. سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژاندنەوەى چەمچەماڵ جەختیشیکردەوە، هەر رۆژى یەکشەممەى داهاتوو بڕیار دەدرێت لەبارەى رۆژى دابەشکردنى هاوکارییەکان بۆ خاوەنى ئۆتۆمبیل و دووکانە زیانلێکەوتووەکان. لەبارەى پرۆسەى چاودێریکردنى پرۆسەکەشەوە گوتى، ئەو هاوکارییەى کۆکراوەتەوە لەپرۆسەیەکى شەفافدا دابەشدەکرێت و هەموو خێرخوازان دەزانن کە بڕى هاوکارییەکانیان گەیشتوەتە شوێنى خۆى داواشیکرد، هەر رێکخراو دامودەزگایەکى دیکە پارەى بۆ چەمچەماڵ کۆکردوەتەوە سەرچاوەکەى و شێوازى خەرجکردنەکەشى بۆ ڕاى گشتى ئاشکرابکات. لەبارەى وەرگرتنى زیانمەندى نوێ سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى چەمچەماڵ دەڵێت، سکاڵا و وەرگرتنى ناوى خێزانى نوێى زیانمەند کۆتایی هات بەڵام هەرکەسێک بەفەرمى بیسەلمێنێت ئۆتۆمبێل و دوکانى هەبووە و تۆمارنەکراوە ناوەکانیان تۆماردەکیت. لایخۆشیەوە، ئەحمەد ئەنوەر – سەرۆکى بۆردى چاودێرى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان ڕایگەیاند، هەر سکاڵایەک بەڵگەى هاوپێچ کرابێت بەدڵنیایی لەبەرچاو دەگیرێت و نەرمى دەنوێنن و هەوڵدەدەن زۆرترین قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکەنەوە.

خشتەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.   ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ( ٢٩ ی کانوونی یەکەمی  ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی چوارشەممە  ( ٣١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.   تێبینی؛ بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە سبەی لەکاتی دەوامی فەرمی و دواتر گواستنەوەی پارەکە بۆ سەرجەم بانکەکان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکەین لەدوای کاتژمێر یەکی نیوەرۆ سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراو. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری  ٢٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق، ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. بەپێى زانیاریەکانى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغداوە ڕایگەیاند "هێشتا مووچەی زۆربەی وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵ دابەش نەکراوە، چونکە عێراق کێشەی کەمیی پارەی نەختینەی هەیە. ئەمەش کاریگەریی خستووەتە سەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی  فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان" سەرچاوەکە ئەوەشى وت: بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەم، ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێ بکەن و ئەگەر ڕێکارەکان تەواو بن، هەر سبەینێ مووچەکە دەنێردرێت. ئەگەر نا، دەکەوێتە ڕۆژی دووشەممە. هاوکات، موزهیر محەممەد ساڵەح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی گوت: داهاتیی گشتیی ئێستای عێراق بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی حکوومەت، لە سەرووی هەموویانەوە مووچە و چاودێرییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات؛ کە مانگانە، دەکەنە نزیکەی هەشت تریلیۆن دیناری عێراقی.

بەگوتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق، ناردنی پارە لەلایەن بەغدا بۆ مووچەی مانگی 10 کەوتە هەفتەی داهاتوو، دابەشکردنی مووچەش دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.  تاوەکوو ئێستا حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی نەکردووە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات. دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ئەوکات دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەخۆرانی کوردستانیش دەکرێت. لەبارەی کاتی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی10، بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: پێشبینی دەکەم چوارشەممەی داهاتوو 31ی مانگ پارە بنێردرێت. -لەبارەی دواکەوتنی مووچە، بەرپرسەکەی حکومەتی عێراق وتی: لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی قسەم کرد، دەڵێ: "کێشەی پارەمان هەیە و پارەمان لەبەردەست نییە، هەندێک پارە هەبووە، ئەویش هەفتەی ڕابردوو بەڵێندەر خۆپێشاندانیان کردووە و داوای خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکانیان کردووە، ناچار ئەو پارەیەی هەبووە بەوانیان داوە". چونکە حکومەتی عێراق 50 تریلۆن دینار پارەی بەڵێندەر قەرزارە. بەرپرسەی عێراق لەبارەى ئەوەى بەردەوام دەوترێت لقی هەولێری بانکی ناوەندی سێ تریلۆن دیناری تێدایە بەشی سێ مووچەی خەڵکی کوردستان دەکات، بۆ ئەو پارەیە خەرج ناکرێت؟ بەرپرسەکەی عێراق وتی: ئەو پارەیە هی بانکی ناوەندییە، پارەی پڕۆژەکان و پارەی یەدەگە، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت هەر لەخۆیەوە بۆ مووچە خەرجی بکات. ئەگەر چوارشەممە پارە بنێردرێت ئەوا دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. پێنجشەممەی داهاتوو دەکاتە یەکی مانگ پشووە لە عێراق، ئیتر هەینی و شەممەیشی بەسەردا دێت. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە ئەگەر پارە نێردرا ئەوا لە ڕۆژانی پشوو مووچە دابەش دەکرێت، بۆ کاش کێشە نابێت، دەتوانن دابەشی بکەن. بەڵام کێشەکە بۆ دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری من دروست دەبێت کە ئەم مانگە زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من وەری دەگرن.  بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من بە سیستەمی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکەن، لە ڕۆژانی پشووش بانکەکە دەوامیان نییە و سیستەمەکە کار ناکات.

نووسراوێک بەناوی حکومەتی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە رێژەی 20% وەکو باج دەخاتە سەر نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت. سەرۆکی رێکخراوێکی گەیاندن دەڵێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێت کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 هەزار و 500 دینار. گوتەبێژی ئاسیاسێڵ و بەرپرسێک لە کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێن: "هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە". بەگوێرەی نووسراوێک کە میدیای عێراقیی وەکو ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارەکاندا هاتووە: "دەستپێکردنەوەی کارکردن بە سەپاندنی کرێی خزمەتگوزاری بە رێژەی 20% لەسەر پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل و ئینتەرنێت، چ لە رێگەی کارتەکانەوە بێت یان لە رێگەی ئەپلیکەیشنە ئەلکترۆنییەکانەوە". زێرەڤان بەهادین، پارێزەری راوێژکار و شارەزای دادوەریی تیلیکۆم، کە هاوکات سەرۆکی رێکخراوی کوردستان کۆمیونکەیشنە بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن و ئاگاداری بڕیارەکەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند ساڵێک لەمەوپێش هەمان بڕیار پەیڕەو دەکرا و دواتر راگیرا، ئێستا ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت دووبارە نرخی کارت بەرز دەبێتەوە". تاوەکو ئەمڕۆ نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت بەرز نەبووەتەوە. زێرەڤان بەهادین گوتی: "دوای دەرکردنی رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و نرخی کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 بۆ 12 هەزار و 500 دینار". عومەر فالح، گوتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێل، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش لە میدیاکانەوە بڕیارەکەمان بینیوە، بەڵام هیچ بڕیار و نووسراوێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، کە باس لە دانانی باج لەسەر کارتەکانی مۆبایل و بەرزبوونەوەی نرخ بکات". بەرپرسێکی باڵا لە کۆڕەک تیلیکۆم، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کارت تاوەکو ئێستا وەکو خۆی وایە، ئەو بڕیارەی دراوە بە فەرمی بۆ ئێمە نەنێردراوە". ئەو بەرپرسەی کۆڕەک تیلیکۆم گوتیشی: "ئەو بڕیارە لە کاتێکدا دراوە، کە حکومەتی عێراق حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، هەرکات بە فەرمی بگاتە دەستمان قسەی خۆمان دەبێت". تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی 20%ـی باجی سەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت نەکردووە.

کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، 1302 خێزانى زیانلێکەوتووى لافاوەکەى چەمچەماڵ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 1268 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرگرتووە و قەرەبوو کراونەتەوە، 38 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرنەگرتووە، کە چوار خێزانیان بەخواستى خۆیان قەرەبووەکەیان ڕەتکردوەتەوە و بەهۆى ئەوەى پێشتر خێرخوازان قەرەبوویان کردونەتەوە و 34 خێزانیش بەهۆى بوونى نەخۆش و دەوامى سەربازى و چەند هۆکارێکى دیکە تاوەکو ئێستا چەکەکانیان وەرنەگرتووە. عەتا محەمەد سەرۆکى کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕى پارەى قەرەبووى هیچ کەسێک نافەوتێت و دەتوانن لە رۆژانى داهاتوو سەردانى بانکى چەرموو بکەن و چەکى قەرەبوو وەربگرن و ڕاستەوخۆ پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت، لە ئەمرۆشەوە دەستدەکەن بە پۆلێنکردنى سکاڵاکان و تاوەکو ڕۆژى یەکشەممە لە پاش پۆلێنکردن کۆمیسیۆنەکە و لیژنەى چاودێرى کۆدەبێتەوە و بڕیار لە دەرئەنجامى سکاڵاکان دەدات. سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژاندنەوەى چەمچەماڵ جەختیشیکردەوە، هەر رۆژى یەکشەممەى داهاتوو بڕیار دەدرێت لەبارەى رۆژى دابەشکردنى هاوکارییەکان بۆ خاوەنى ئۆتۆمبیل و دووکانە زیانلێکەوتووەکان. لەبارەى پرۆسەى چاودێریکردنى پرۆسەکەشەوە گوتى، ئەو هاوکارییەى کۆکراوەتەوە لەپرۆسەیەکى شەفافدا دابەشدەکرێت و هەموو خێرخوازان دەزانن کە بڕى هاوکارییەکانیان گەیشتوەتە شوێنى خۆى داواشیکرد، هەر رێکخراو دامودەزگایەکى دیکە پارەى بۆ چەمچەماڵ کۆکردوەتەوە سەرچاوەکەى و شێوازى خەرجکردنەکەشى بۆ ڕاى گشتى ئاشکرابکات. لەبارەى وەرگرتنى زیانمەندى نوێ سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى چەمچەماڵ دەڵێت، سکاڵا و وەرگرتنى ناوى خێزانى نوێى زیانمەند کۆتایی هات بەڵام هەرکەسێک بەفەرمى بیسەلمێنێت ئۆتۆمبێل و دوکانى هەبووە و تۆمارنەکراوە ناوەکانیان تۆماردەکیت. لایخۆشیەوە، ئەحمەد ئەنوەر – سەرۆکى بۆردى چاودێرى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان ڕایگەیاند، هەر سکاڵایەک بەڵگەى هاوپێچ کرابێت بەدڵنیایی لەبەرچاو دەگیرێت و نەرمى دەنوێنن و هەوڵدەدەن زۆرترین قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکەنەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سبەی رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. باسی لەوەش کرد: "بە ئەگەری زۆرەوە تەمویلکردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە."   رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندیی داوە مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت؛ ئەو رەزامەندییە دەکرێتە نووسراوێک بۆ وەزارەتی داراییی عێراق و تەیف سامی واژۆی دەکات. ئەمڕۆ دەست بە ئامادەکارییەکانی نووسراوەکە کراوە و سبەی دەنێردرێتە وەزارەتی دارایی و لەوێش رێکارەکان تەواو دەکرێن." بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، ئەگەر سبەی رێکارەکان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت، "بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە سبەی رێکارەکان تەواو نابن و تەمویلکردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە." لەبارەی لیستی مووچەوە، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "ئەو رۆژەی پارەکە تەمویل دەکرێت، لیستی مووچە رادەگەیێنین. ئەگەر رۆژی پێنجشەممە پارەکە بنێردرێت، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو و لە ماوەی 3 رۆژدا مووچە دابەش دەکرێت." ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی راسپارد مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. 29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.  

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پلە بەرزکردنەوەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە سەر ناگرێت، چونکە ئەمە پێویستی بە پارە و هەبونی چوارچێوەی یاساییە. جەمال ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمان و کاندیدی دەرچوو، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: باوەڕ ناکەم، پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەران سەر بگرێت، چونکە ئەمە پێویستی بە پارەیە، خەرجکردنی پارەش چوارچێوەی یاسایی دەوێت، چوارچێوەی یاساییش دەبێت بخرێتە نێو یاسای بودجەوە. دەشڵێت: ئەو پارەی ئێستا لەبەردەست وەزیری داراییە لە یاسای بودجەی 2025 پەسەند کراوە، بۆیە پلە بەرز کردنەوە پارەی دەوێت، خەرجکردنی پارەش پێویستی بە یاسایە. ئەمەش لەکاتیکدایە، ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەمە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان بۆ ساڵی 2026 دەستپێکرد.  وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم دامەزراوەکان دەکات لە ماوەی 20 ڕۆژدا زانیارییە پێویستەکان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێن. بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە، گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە.  مەبەست لەم هەنگاوە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پەیوەست بە پلەبەرزکردنەوەی (سەربازی و شارستانی) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق تەنها موچەی مانگی دەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، دەنگۆی ئەگەری ناردنی موچەی مانگەکانی 11 و 12 ڕەتدەکاتەوە. سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەبارەی موچەی مانگەکانی 11 و 12 لە وەزیری دارایی عێراقم پرسی، لە وەڵامدا وتی موچەی ئەو دوو مانگە لای عێراق نییە و ڕەوانەی ناکات. دەشڵێت: ڕێوشوێنەکانی ناردنی موچەی مانگی دە کۆتایی هاتووە و بەم نزیکانە حکومەتی عێراق ڕەوانەی دەکات.

رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و سەرچاوەیەکی باڵاش لە حکومەتی عیراق  راگەیاند، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم و بەغداد تاوتوێ دەکرێت. بەپێى هەواڵێکى کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕگەی سێی کارنامەکە دیاریکراوە بۆ قسەکردن لەسەر شاییستە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد. وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنی موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی 10ـی هەرێم بۆ عیراق دەنێرین وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێش بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیێندراوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە بە رووداوی گوتبوو، سبەی 120 ملیار دینارەکە دەنێرن. بەشێک لەو 120 ملیار دینارەی بۆ بەغدا دەنێردرێت، داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە. سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی هەرێم-سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 48 ملیار دینار لە داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، رەوانەی هەولێر کراوە. لیستی مووچەی مانگی 10 لە 25-11-2025 و لیستی مانگی 11 لە 07-12-2025 رادەستی بەغدا کراون، هەروەها لیستی مووچەی مانگی 12ش لە 16ی ئەم مانگەدا نێردراوە. 29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.  

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان ، ڕایدەگەیەنێت"سبەی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرین". هەوڵەکانی حکومەتی کوردستان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 بەر لە سەری ساڵ بەردەوامن، تەیف سامی بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مانگە سێ مەرجی هەیە، کە میزان موراجەعە و داهاتی ناوخۆن هەردووکی ئامادەکراون و میزان نێردراوە و تەنیا داهاتی نانەوتی ماوە بنێردرێت. مەرجێکی دیکەش ناردنی ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوتە کە ئەویش نێردراوە و ئێستا لە بەغدایە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی و دارایی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای گوت، ئێستا وەزارەت لە کۆبوونەوەدایە بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا. دەشڵێت: وەزارەت بڕیاری داوە سبەی دووشەممە 120 ملیارەکە بنێرێت بۆ بەغدا. سەرچاوەیەک لەبانکەکانی سلێمانی؛ 48 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی سلێمانی ڕەوانەی هەولێر کرا وەک ئامادەکاری بۆ ناردنی 120ملیار دینار بۆ بەغداد بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤای گوت، ئەگەر ڕۆژی یەکشەممە هەرسێ داواکارییەکە جێبەجێ بکرێن، لە دووشەممەوە دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان دەکرێ و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پارە دەنێردرێت، ئەگەرنا دوادەکەوێت، ڕەنگە ناردنی مووچە لە بەغدا دوابکەوێت بۆ 28 و 29ـی ئەم مانگە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، چاوەڕێن سبەی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بکات و ئەوکات ئەوانیش راستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر هەژماریان. رۆژی شەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وتووە، ئەگەر سبەی بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتی بکرێت، "راستەوخۆ 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ." بە گوتەی سەرچاوەکە: "ئەگەر سبەی دوای ئاگادارکردنەوەمان رێکارەکان تەواو بوون، ناردنی پارەکە دەکەوێتە هەمان رۆژ، ئەگەرنا رۆژی دووشەممە بە دڵنیاییەوە دەینێرین." ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی: "بە ئەگەری زۆرەوە لەم یەک دوو رۆژە ئاگادار دەکرێینەوە و داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی عێراق و مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت و دواتر راستەوخۆ دابەش دەکرێت." 16ـی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ بەغدا نێردرا و رۆژی 7-12-2025یش لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ رۆژی 25-11-2025یش لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا. 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێ، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ کێشەیەکی نییە و نوێ دەکرێتەوە. د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025  لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهاتنی کاتەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رایگەیاند: "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە. نەوتی هەرێمی کوردستان هەر وەک خۆی دەڕوات. ئێستا هەناردەکردن رۆژانە  200 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە  و پشتیوان بەخوا بڕی هەناردەکراو زیاتریش دەبێت". د. حەمدی شنگالی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 13-10-2025  بڵاوکرایەوە لەبارەی ماوەی رێککەوتنەکە گوتی: "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن." حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێ، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان.  کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردە دەکەن، چونکە بەهۆی نزیکیی شوێنی جوگرافییەوە، تێچووی گواستنەوە کەمترە و نەوتەکە بە خێرایی دەگاتە دەست کڕیار. جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوت رازی بوون بە رێککەوتنەکە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە. حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیا خۆی پارە خەرج دەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێ، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات؛ گوتیشی: "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن. بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە."