سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاشکرای کرد؛ چاوەڕوان دەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بە بەراورد بەم مانگە زیاد بکات. دوای ئەوەی ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان واژۆ كرا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 27-9-2025، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستیپێکردەوە. میدیاکانی عێراق لەزاری سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بڵاویانکردەوە: چاوەڕوان دەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینى دووەمی داهاتوودا بگاتە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەپێی ئەو سەرچاوەیە لەسەرەتای ئەم مانگەوە ڕۆژانە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێکی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی هەناردە کراوە.
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا بەنیازە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، ئەمەش ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت. کاریشدەکەین پێش هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش بکەین. ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە عێراق جێبەجێ کردووە، یەک خاڵیش نەماوە هەرێم جێبەجێی نەکردبێت. گوتیشی: لەسەرەتای مانگی 10 دوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دابوو مووچەی مانگی ئاب (8) بنێرێت، بەڵام بەداخەوە پێوە پابەند نەبوون، دەشڵێت: بەنیازن هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی هەشت بنێرن، بەڵام ئەمە ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت. ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوتبوو، ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێکردووە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو مووچەکانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان کە ماوەتەوە بۆمان خەرجبکەن، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی دابوو پابەند بن. دەشلێت: چەند ڕۆژێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەچڕی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش بکەین.
منداڵێکی سێ مانگە لە لایەن دایک و باوکییەوە بە هۆی هەژاری زۆر و نەتواین لە دابین کردنی خەرجەکانی ژیان، لە شاری کرماشان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن بە بنەماڵەیەکی دیکە فرۆشتراوە. بە پێی ڕاپۆرتێکى ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم هەفتەیەدا منداڵێکی سێ مانگە لە شاری کرماشان کە ناسنامەکەی لە لای ئەوان (هەنگاو) پارێزراوە، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن فرۆشراوە. ئەم مامەڵە پاش بڵاو کردنەوەی ڕیکلامی فرۆشتنی منداڵ لە ماڵپەڕی ئینتێرنتی کڕین و فرۆشتن «دیوار» جێبەجێ کراوە. بنەماڵەی فرۆشیار کە خەڵکی ناوچەکانی دەورووبەری شاباد بوونە و لە ئێستادا لە کرماشان نیشتەجێن، بە هۆی کێشەی زۆری ئابووری و کەم داهاتی لە سەرپەرشیاری، ناچار بوون منداڵەکەی خۆیان بفرۆشن. بنەماڵەی کڕیاریش دانیشتووی کرماشانن و بە هۆی منداڵ نەبوون لە ساڵەکانی ژیانی هاوسەرگیرییاندا، هەوڵیان بۆ کڕینی ئەم منداڵە داوە. بە وتەی سەرچاوەکان، ئەم مامەڵە بە بێ چاودێری فەرمی ناوەندە دەوڵەتییەکان و پشتگیرییەکان جێبەجێ کراوە و هەتا ئێستا هیچ جۆرە پەیگیریی یا کاردانەوەیەکی خێرا لە لایەن بەرپرسان ڕووی نەداوە. دیاردەی فرۆشتنی منداڵ لە ئێران لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، لە پێناو هەژاریی بەریندا، تۆماری ئابووریی و نەبوونی سیستەمی پشتگیری کاریگەر بۆ بنەماڵە لاوازەکان، بە شێوەیەکی نیگەرانکەر ڕوو لە زیاد بوونە. ڕاپۆرتەکان لە شارە جیاوازەکان وەک مەشهەد، تاران و ئەهواز دەری دەخەن کە ئەم دیاردە ئیتر پەیوەندیی بە ناوچەیەکی تایبەتەوە نییە و بووەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای هەبوونی ئاگادار کردنەوەیەکی زۆری شارەزایان و تەنانەت دانپێدانانی فەرمی ڕێکخراوی خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای فرۆشتنی منداڵ نموونەیەکی ئاشکرای قاچاخی مرۆڤە، دەزگای دادوەریی و ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا کاردانەوەیەکی کاریگەر و مرۆڤییان نیشان نەداوە، بەڵکوو بە سەرکوتی ناوەندە مەدەنییەکان و دەستبەسەر کردنی چالاکانی بواری پشتگیری لە منداڵان، ڕێگایان بۆ خراپتر کردنی ئەم قەیرانە ئاسان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خێرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێر. لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتى دارایی هەرێم دەڵێت: ڕۆژی سێ شەممە ( ٢١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئابی ساڵی ( ٢٠٢٥) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند:"دوێنێ دووشەممە پاش کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتیی لە هەرێمی کوردستانی کردووە، پاش داواکارییەکە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بانکی منارەی راسپاردووە بۆ کۆکردنەوە و وەرگرتنی داهاتی نانەوتی لە هەر سێ پارێزگاکەوە (سلێمانی و هەولێر و دهۆک) لە ئەنجامدا هەرسێکیان پارەکانیان ناردەووە، بەجۆرێک لە سلێمانی بڕی 48 ملیار و لە هەولێر و دهۆکیش بڕی 72 ملیار دینار ئامادەکراوە و رادەستی بانکی منارە کراوە لە هەولێر. لەلایەکی دیکەوە بەپێى زانیاریەکان هەر ئەمڕۆ بڕیارى خەرجکردنى مووچەى مانگی ئابى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەدرێت، بەڵام خەرجکردنى دەکەوێتە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو. هەروەها ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانى، بە زارەکی، تەیف سامى ڕادەسپێرێت بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگی ئابى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و سبەى چوار شەممە لە ڕێگەى ئەمنیداریەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە ڕێکارەکانى خەرجکردنى مووچە دەستپێدەکات و بە ئەگەرێکى زۆرەوە ڕەنگە خەرجکردنى مووچە بچێتە ڕۆژى یەکشەممەى هەفتەى داهاتوو.
وەزارەتی دارایی حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە (20ی تشرینی یەکەمی 2025)، دەستمان کرد بەڕێکارەکانى دابەشکردنى مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی دە. لە بەیاننامەیەکی کورتدا وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق، ڕایگەیاندووە، "وەزارەتی ژمێریاری دەستیکردووە بە خەرجکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی تشرینی یەکەم". دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە هێشتا بڕیاری لە خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی کوردستان نەدراوە. حکومەتی عێراق دەیەوێت مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابەش بکات و کێشەی پارەی نەقدی نەبێت، ئینجا مووچەی مانگی هەشتی کوردستان خەرج بکات.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغداد دەکرێت تا لە بەرامبەردا مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت. وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵ8 ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار دراوە و وەزارەتی دارایی سەرپشک کراوە کە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ئامادە بکات و جیای بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەر کاتێک پێویست بوو، بینێرێت بۆ بەغداد.
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کریسنت پێترۆلیۆم، ڕایگەیاند: "تەواوکردنی پرۆژەکە پێش وادەی خۆی، دەستکەوتێکی گەورەیە و پابەندبوونی ئێمە بە هەرێمی کوردستان و دابینکردنی وزەی پاکتر و متمانەپێکراوتر دووپات دەکاتەوە." لەلایەن خۆشیەوە، ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانە غاز، وتی: "ئەم توانایە زیادکراوە داهاتێکی ساڵانەی بەرچاو بۆ کۆمپانیاکە دابین دەکات و پشتگیری لە ئاواتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەیشتن بە کارەبای 24 کاتژمێری." جێی باسە، سەرمایەگوزاریی گشتی لەم پرۆژەیەدا دەگاتە 1.1 ملیار دۆلار و لەلایەن دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتیوانی کراوە. کێڵگەى غازى کۆرمۆر؛ بەرهەم و سەرمایەگوازی و تواناییەکانی لەلایەن کۆمپانیاکانی کریسنت پترۆليۆم و دانە غاز 1.1 ملیار دۆلار- سەرمایەگوزاریی گشتی 50% بەرهەمى غاز زیاد دەکات 750 ملیۆن پێ سێجا رۆژانە تەواوکردنی پرۆژەی KM250 6,000 تۆن ئاسن 602 ملیۆن کاتژمێر کارکردن
هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی نووسراوی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ ئەوەی 120 ملیارەکە بنێرێت، بەغدادیش چاوەڕوانی هەرێمی کوردستانە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد بکات، بۆ ئەوەی تەموویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆران هەرێم بکرێت. نوێترین زانیاریی و بە پوختی لەبارەی مووچەی مانگی ئاب ئەمەیە، کە کەناڵ8 لە دوو وەزیری بەشدار لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستی کەوتووە. هەردوولا چاوەڕێی یەکدین، بەغداد چاوەڕێی ئەوەیە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکەی بۆ بنێرێت بۆئەوەی ئەویش تەمویلی مووچە بکات. لەم لاشەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ 120 ملیارەکەمان ئامادەیە، بەڵام هێشتا بەشی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی داواکاریی بۆ ناردنی پارەکەی بۆ نەکردووین، تاوەکو بەغداش ئەو نووسراوە نەکات، هەرێمی کوردستان پارەکە نانێرێت. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8 ، هەرێمی کوردستان لە دوو هەفتەى رابردوودا 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ئامادەکردووە بۆ رەوانەکردنى بۆ بەغداد، کە داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکن. بەگوێرەى بەدواداچوونى کەناڵ8 کە لە وەزارەتى دارایى و ئابوورییەوە دەستی کەوتووە، هەرکاتێک فەرمانگەى ژمێریاریى وەزارەتى دارایی عێراق داوای ناردنی 120 ملیارەکە بکات، هەرێمی کوردستان لە ماوەى 24 کاتژمێردا دەینێرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان یەکە ژمێریارییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە سیستم کراوەتەوە و دەست بە ناردنی لیستی مووچەی مانگی 10 بکەن و ڕەچاوی لێبڕینی خانەنشینی بکرێت. لیستی مووچەی مانگی نۆ لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ کراوە و هیچ گرفتێکی نییە. ئێستا کار لەسەر لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای گوت، لە دوێنێوە یەکە ژمێریارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، ئێستا سیستم کراوەتەوە، دەتوانن لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ گەنجینەکان بنێرن. یەکە ژمێریارییەکان لەوەش ئاگادارکراونەتەوە کە وردبینی لە لێبڕینی خانەنشینی بکەنەوە و هەڵەکان ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی لیستی مووچە ئامادەبکرێت و بۆ بەغدا بنێردرێت. لەلایەکی دیکەوە یادگار جەبار، بەڕێوەبەری بایۆمەتری سلێمانی بە ئاڤا میدیای وت، پرۆسەی دانانی لیستی مووچەی فەرمانگەکان لە سیستمی پەیڕۆڵ سێ بۆ چوار ڕۆژی پێدەچێ. تا ئێستا تەنیا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بە پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت. لیستی مووچەی خانەنشینان و وەزارەتی شەهیدان و چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە بە ئەکسڵ لیستی مووچەیان دەنێردرێت بۆ بەغدا. بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە بە پەیڕۆڵ ئامادە بکرێت. دوای ئامادەبوونی لیستی مووچەی مانگی 10 تیمێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لیستی ئەو خانەنشینانەی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە لەگەڵ خۆیان دەبەن.
بەوتەى بەرپرسێکى باڵا پێشبینى دەکرێت، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی هەشت بدرێت و سوودانی بەڵێنەکەی بکاتە کردار. هەفتەی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوی کەوت بە وەزیرە کوردەکان و بەشێوەی زارەکی بەڵێنی خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی پێدان، ئەمە لە کاتێکدایە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی سبەیدا نییە بەڵام ئەو بابەتە گرفت نییە و هاوشێوەی جارەکانی ڕابردووە. محەممەد شیاع سوودانی ئێستا لە شەرمشێخی میسرە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی لووتکەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕێککەوتننامەنی ئیسرائیل و حەماسی تیادا واژۆ دەکرێت، دەگەڕێتەوە و سبەی بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بەمأپەرى ئاڤای وتووە: سوودانی بەڵێنی ناردنی مووچەی داوە، چاوەڕوانین سبەی بەڵێنەکەی بکاتە بڕیار و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارە بنێردرێت. - لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بنێرێت. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان دەڵێت، 120 ملیارەکە ئامادەیە، تەنانەت 120 ملیاری مانگی نۆش ئامادەیە، بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێت بە چەند کاتژمێرێک دەتوانین پارە بە کاش بە لقی هەولێری بانقی ناوەندی بدەین.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەنە 120 ملیار دینار ڕادەستی بانکی ناوەندیی عێراقی لە هەولێر بکەن. دەشڵێت، هەر لەگەڵ گەیشتنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکەن. یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، چاوەڕێی بڕیاری بەغدا دەکەن بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت، کە بڕیارە لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەر بدەن، هاوکات ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار بە بانکی ناوەندیی عێراقی لە هەولێر نیشان دا. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆ (ئەیلوول)، ئاماژەی دا "وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچهخۆرانی ئامادە کردووە و هیچ کەموکورتییەک لە لیستی مووچەخۆراندا نییە." ڕوونیشی کردەوە، دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت، تیمێکی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی مانگی نۆ. هەروەها دڵنیایی دا "هیچ دواکەوتنێک لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ئەوان مووچەیان درەنگ ناردووە و لە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووین."
لە هەرێمی کوردستان 29 هەزار خانەنشینی نوێ چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەتن، بڕیاریشە ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغداد بکات. لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی یەکخستنی تەمەنی خانەنشینی لەگەڵ عێراق، زیاتر لە 27 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون، لەگەڵ تەواوبوونی مامەڵەی دوو هەزار کەسی دیکە لەم مانگەدا، کۆی گشتیی ژمارەکە دەگاتە 29 هەزار خانەنشین. بەپێی یاساکە ئەو خانەنشینانەی 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، شایستەی وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەتن (ئیکرامیە) کە بریتییە لە 12 مووچەی تەواو. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوو شاندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن، لیستی ئەو خانەنشینانە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دۆسیەکانیان تەواودەبێت و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە". ئەمەش دوای ئەوەدێت، لیستی ئەو خانەنشینانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلول خانەنشین دەبن و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام خەرجنەکراوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە سودانی دەکات دابەشکردنی مووچە خێراتر بکرێت و تاوەکو کاتی بەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق یەکبخرێت. ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغدا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهات و رووداوەکانی عیراق و ناوچەکە کرا. جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو رێککەوتنەدا خرانە بەر باس، بافڵ تاڵەبانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد رێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق یەکبخرێت. سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختیان لە گرنگیی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی کرد بۆ بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی". خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عیراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگیی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە".
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ئابووری دەڵێت، حکومەت دەتوانێت بە تەواوی گەرەنتی مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2026 بکات، ئەوانەشی پێچەوانەی ئەم قسەیە دەکەن دەیانەوێت "سەرلێشێوان" دروست بکەن. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ئابووری بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2026 دەستیپێکردووە و هەر کات تەواوبکرێت ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، ئومێدیش دەخوازن دوای هەڵبژاردن یاسای بودجە پەسەند بکرێت. 29ی ئەیلوولی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە ڕایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران بەگوێرەی یاسا و خشتەی کاتی دیاریکراو خەرج دەکرێت، پارەی بەردەستیش بەشێوەیەک بەڕێوەدەبرێت کە گەرەنتی خەرجکردنی بەردەوامی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان بکات. ئاماژەی بەوەشکرد، خەرجییەکانی حکومەت 50%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و 85%ی کۆی چالاکی ئابووری لە وڵاتدا پێکدەهێنێت، بۆیە دواخستنی پەسەندکردنی بودجە کاریگەری لەسەر دۆخی وەبەرهێنان و بازاڕیش دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ ساڵی 2026 بە تەواوی گەرەنتی کراوە، ئەوانەشی پێچەوانەی ئەم قسەیە دەکەن دەیانەوێت "سەرلێشێوان دروست بکەن".
