جارێکی دیکە وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەپیکور لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆ دەبنەوە. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، ئەمرۆ یەکشەممە، 06-04-2025، ڕاگەیاند "ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆ دەبنەوە." سەباح سوبحی وتیشی: "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، نوێنەری ئەپیکوریش بەشدار دەبێت، چونکە ئەوان لە تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت ناڕازین. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ بەشداریی بکات." بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز "نیازی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باش نییە، چونکە ئەو شاندانەی بۆ دانوستان دەیانێرێت دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە." ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 31-03-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەڕقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات." ئەپیکور ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن. کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق."
بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی خۆیدا، تاوتوێی نرخی كارەبای 24 سەعاتی بكات، كە بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە لەئێستادا، ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو هاوڵاتیاندا دروست كردوە. میدیای پارتی، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوەو یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەش، تاوتوێکردنی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی دەبێت. ئەوەش خراوەتەڕو، تیمێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی ئامادە کردوە و لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی پێشنیارەکە دەکرێت. بەڵام ئاماژەی بە نرخە پێشنیاركراوەكان نەكردوە. عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی 1ی 4ی 2025، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بڕیارە لەم مانگەدا بەفەرمی نرخی نوێ بۆ كارەبای 24 سەعاتی دیاری بکرێت. ئەو وتیشی، تائێستا دو جار نرخی کارەبای 24 سەعاتی دانراوە. هەردوکیان کاریان پێکراوە، بەڵام بەفەرمی ئیعلان نەکراون. ئەوشەی خستۆتەڕو، نرخی یەكەم زۆر زۆر گرانبو، دوەمیش هەر زۆر گرانبو، بەجۆرێک لە 750 کیلۆوات بۆ سەرەوە نرخەكەی دەچوە 166 دینار بۆ هەر کیلۆواتێك و بەوەش ماڵێکی زۆر ئاسایی نزیکەی 150 بۆ 200 هەزارو سەروتر دەهاتەوە. عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشدا، هەردو نرخەکەمان ڕەتکردنەوە.
دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، ڕایگەیاند نرخی کارەبا بە ڕێژەی ٢٥% بەرز دەبێتەوە بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی وزە، بڕیارەکە لەئەمرۆ شەممە پێنجى نیسانەوە کاری پێدەکرێت. هاوکات نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ و بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی لەسەدا ٢٤.٢ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا، دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا (ئیپدک) ڕوونیکردووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، نرخی کارەبا بەرز دەبێتەوە. ڕێژە نوێیەکان بەم شێوەیەن: زیادبوونی 25% بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون، زیادبوونی 15% بۆ خزمەتگوزارییە گشتی و تایبەتەکان، بەرزبوونەوەی 10% بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی، هەروەها زیادبوونی 12.4% بۆ چالاکییە کشتوکاڵییەکان. لە ئەنجامی ئەو زیادبوونەدا، بەشداربوویەکی نیشتەجێبوون کە 100 کیلۆوات کاتژمێر کارەبا بەکاردەهێنێت ئێستا 259.04 ₺ (6.74 دۆلار) دەدات. جگە لە کارەبا نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون وەک خۆی ماوەتەوە جگە لەوەش نرخی غازی سروشتیش بەرزبووەتەوە، بەکارهێنەرانی پیشەسازیش ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێکڕای 20% بوونەتەوە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی نرخی غازیان بەخۆوە بینیوە. هاوکات بۆ بەکارهێنەرانی غازی سروشتی نیشتەجێبوون، باجەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، هیچ دەستکارییەکی نرخ لەلایەن کۆمپانیای بۆری نەوت (BOTAS) بۆ کۆمپانیاکانی دابەشکردن لە مانگی نیساندا جێبەجێ نەکراوە. نرخی غازی سروشتی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت لە نرخی غازی سروشتی ₺5.631 (149 دۆلار) بۆ هەر 1000 مەتر سێجایەک. بەڵام کۆمپانیای BOTAS هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی غازی بە جوملەی ڕاگەیاند، بەکارهێنەرانی پیشەسازی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی 20% و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی مووچە وەردەگرن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ناپێڕەوی و نایاساییە. د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانی کوردستان لەدوای 5 مانگ لە هەڵبژاردن، تەنیا یەک دانیشتنی ئەنجامداوە ئەویش دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامەکانی بوو کە بەهۆی هێشتنەوەی دانیشتنەکە بە کراوەیی ئەو دانیشتنەش لەرووی یاساییەوە پووچەڵە و هەر بڕیارێکی تێدا درابێت ئەو بڕیارانەش پووچەڵن بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و بەستنی مووچە و پێدانی ئیمتیازاتیشیانەوە." پەرلەمانی کوردستان رۆژی 2 کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا، "بەپێی پەیڕەو پێویستبوو لەو وادەیەوە تاوەکو ئێستا کە چوار مانگە پەرلەمانتاران سوێندیان خواردووە دەبوو زیاتر لە 16 دانیشتنی بەدواداچوونی لەگەڵ حکومەت ئەنجام بدایە، پێویستبوو زیاتر لە 35 دانیشتنی پەرلەمانی ئەنجام بدایە، پێویستبوو 19 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمان پێکبهێندرانایە و هەر لیژنەیەک لە مانگێکدا دوو کۆبوونەوە ئەنجام بدات بەڵام هیچ یەکێک لەم کارانە ئانجام نەدراون و تەنیا مووچە بۆ پەرلەمانتاران خەرجکراوە" د. سەروەر عەبدولڕەحمان وای وت. هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی دامەزراوەی پەی گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە، چونکە پەرلەمان وەکو دامەزراوە لەسەر 3 کوچکە دەوەستێت ئەوانیش پەرلەمانتار و لیژنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی، خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نە دەستەی سەرۆکایەتی هەیە و نە لیژنە هەمیشەییەکان و تەنیا پەرلەمانتاری هەیە، واتا ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە و پەرلەمانتاری بێ پەرلەمانی هەیە. باسی لەوەشکرد: بەپێی مادەی 51 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە ئەندامانی پەرلەمان رۆژەکانی هەفتە بەمجۆرە کارەکانیان ئەنجام بدەن، رۆژی یەکشەممە پەرلەمانتاران دەبێت خۆیان تەرخان بکەن بۆ کاروباری هاوڵاتییان، رۆژی دووشەممە پێویستە لیژنەکان کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دانیشتنی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە دەستنیشانکراوە بۆ کۆبوونەوە و بەدواداچوون لەگەڵ حکومەت." دەشڵێت: "رۆژانی هەینی و شەممە وەکو پشووی پەرلەمانتاران دەستنیشان کراوە، بەڵام ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان هیچ یەکێک لەم ئەرکانەیان جێبەجێ نەکردووە و هەموو رۆژەکانی هەفتە لای ئەوان هەر هەینی و شەممەیە و هەر لە پشوودان و هیچ ئەرک و کارێکیان نییە، هەربۆیە پێویستبوو خۆیان کە سوێندیان خواردووە پارێزگاریی لە یاسا بکەن و بەڵێنیان بە خەڵک داوە داکۆکییان لێبکەن مووچەی خۆیانیان رەتبکردایەتەوە و وەریان نەگرتایە و یەکەم کاریان بە گەندەڵی و نایاسایی دەست پێنەکردایە." دامەزراوەی پەی، کە یەکێک لە ئەرکەکانی چاودێری کارەکانی پەرلەمانە و پێشتر چەند راپۆرتێکی بەدواداچوونیان لەبارەی کار و ئەدای پەرلەمان لە خوولەکانی رابردوو ئەنجامداوە، لە دواین راپۆرتیاندا بە داتا باسیان لەوە کردووە لە خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2,240,700,000 (دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار) دینار. لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیاتر خراوەتەڕوو، کە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێک کە مووچەی مانگانەی 8,200,000 (هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە)، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەکان پێکنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەکان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7,700,000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێک تێکڕا نزیکەی 23,100,000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە. رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، بەڵام لەکۆی 100 ئەندامی پەرلەمان تەنیا 3 ئەندامیان بەشداریی دانیشتنی یەکەمیان نەکرد و سوێندی یاساییان نەخوارد دوو پەرلەمانتاریان لە کۆمەڵی دادگەری و یەک پەرلەمانتار لە بەرەی گەل و ئەوانی دیکە کە ژمارەیان 97 پەرلەمانتارە سوێندی یاساییان خواردووە و لە مانگی 12ی ساڵی 2024ـەوە مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ کار و ئەرکێک ئەنجام بدەن.
سەرۆکی ئەمریکا سەپاندنی پێناسی گومرگیی بەسەر چەندین وڵاتی جیهاندا راگەیاند، بەشێوەیەک کە عێراق 39% و سووریا 41% و تورکیا و ئێران 10%ـە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر وڵاتانی جیهان راگەیاند و دەڵێت، ئەمڕۆ "رۆژی رزگاریی ئەمریکایە" و چیدی رێگەنادەن وڵاتانی دیکە لەسەر حیسابی ئابووریی ئەمریکا وڵاتانی خۆیان دەوڵەمەند بکەن. هاوکات سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانیشی ئاگادار کردەوە، لێخۆشبوون بۆ هیچ وڵاتێک نییە و ئەگەر دەیانەوێت پێناسە نوێیەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا دەبێت ئەو وڵاتانە پێناسی گومرگی بۆ بەرهەمەکانی ئەمریکا کەم بکەنەوە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، واژۆی لەسەر پێناسە گومرگییەکانی وڵاتانی جیهان کرد و لە سەروو هەمووشیانەوە، باجی 25%ی بەسەر ئۆتۆمبێلی وڵاتانی بیانیدا سەپاند، هەروەها باجی 39%ی بەسەر بەرهەمەکانی عێراقدا سەپاند. هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێر 12:00ی شەوی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا، پێناسە گومرگییەکان دەچنە واری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، "لەمەودوا نابێت کەس لەسەر گیرفانی ئێمە دەوڵەمەند ببێت. چەرخی زێڕینی ئەمریکا گەڕایەوە و ئەمڕۆ رۆژی رزگاریی ئەمریکایە. ئەمریکا دەوڵەمەند دەکەینەوە. کۆتایی بە نیو سەدە تاڵانکردنی سامانی ئەمریکا دەهێنم. ئەمریکا دزیی لێدەکرێت و ئێمە ئەوە دەوەستێنین." لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ گوتیشی، "وڵاتان باجێکی زۆری نادادپەروەرانەیان خستەسەر بەرهەمەکانی ئەمریکا. چیدیکە کورتهێنانی بودجەی وڵاتانی وەکو کەنەدا و مەکسیک پڕناکەینەوە. چیدیکە رێگە نادەین سامانی ئەمریکا ببرێت." دواتر ترەمپ لیستی تەواوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد کە پێناسی نوێی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانیان دەسەپێنن. ترەمپ باجی گومرگیی بەسەر وڵاتاندا بەم شێوەیە راگەیاند: %34 خستە سەر بەرهەمەکانی چین. %24 لەسەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %39 لەسەر بەرهەمەکانی عێراق. %41 بۆ سەر بەرهەمەکانی سووریا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی تورکیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئێران. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا. %46 بۆ سەر بەرهەمەکانی ڤێتنام. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایوان. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %26 بۆ سەر بەرهەمەکانی هیندستان. %25 بۆ سەر بەرهەمەکانی کۆریای باشوور. %36 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایلاند. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیندۆنیزیا. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی مالیزیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەریتانیا. %37 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەنگلادیش. %17 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیسرائیل. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەرازیل. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوسترالیا. %29 بۆ سەر بەرهەمەکانی پاکستان. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوردن. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیمارات. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی میسر. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی مەغریب. %28 بۆ سەر بەرهەمەکانی تونس. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی لوبنان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی بۆ چارەکی کۆتایی و تەواوی ساڵی 2024؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 749 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (14 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (71%) زیادی کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (109 ملیۆن و 392 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (82 ملیۆن و 886 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (26 ملیۆن و 506 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە. تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (66 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (45 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (21 هەزار) بەرمیل بە ڕێژەی (46%) زیادی کردووە. لە تەواوی ساڵی (2024)دا لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (59 هەزار و 500) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (39 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (20 هەزار و 100) بەرمیل بە ڕێژەی (51%) زیادی کردووە. بەرمیلێک نەوتی خاوی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە بە کڕیاریانی ناوخۆ فرۆشراوە، لە چارەکی لە تەواوی ساڵی (2024)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە بەتێکڕا فرۆشراوە بە (35 دۆلار و 65 سەنت).
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە یاسا چارەسەر کراوە. لەبارەی زەویی جووتیارانی کوردەوە لە کەرکووک، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەوەی پەیوەستە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە؛ یاساکە دەرچووە و چاوەڕوانی دەرچوواندنی رێنوێنی دەکەین، کە ئینشائەڵلا لە ماوەی دوو مانگدا دەردەچێت و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت". وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پەیوەندیی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دەسەڵاتی پێشووتری عێراقەوە هەیە، "لە ماوەیەکی نزیکی دوای جەژن، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت". وەزیری دادی عێراق کە لە پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە و کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی لە شاری کەرکووک بوو، باسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکەشی کرد. خالید شوانی گوتی: "ئەو هێزە سیاسییانەی ئەم ئیدارەیان پێکهێناوە، باوەڕیان بە هاوبەشیی راستەقینە هەیە؛ باوەڕمان بە پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک نییە و بەردەوام دەرگامان واڵابووە، دەستیش بۆ هەر پێکهاتە و حیزبێک درێژ دەکەین کە ئامادەبێت لەگەڵ ئێمەدا هاوبەشی بکات". وەزیری دادی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، "کێشەی مووچە بە بنەڕەتی چارەسەر بووە؛ هیچ کێشەیەکی یاسایی و سیاسیی لەپشتەوە نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە رێوشوێنە کارگێڕییەکانن و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی عێراق بگونجێنێت بۆ ئەوەی چیدی مووچە دوانەکەوێت." شوانی گوتیشی، کێشەی مووچە بە یاسای بودجە، بڕیاری دادگەی فیدراڵی و رێککەوتنی بەغدا و هەولێر چارەسەر بووە، "ئێمە بەردەوام دەیڵێینەوە، ئەو کێشانەی هەن تەکنیکین نەوەکو سیاسی و پێویستی بە خۆگونجاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی فیدراڵی".
كیفاح مەحمود، راوێژكاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەوەی رودەدات پلانێكی روون و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، پەیوەندی بەو گروپە سیاسیانەوە هەیە فشار دەكەن لە بەغدادو هەوڵی تێکدانی سیستمی فیدراڵی وڵات دەدەن، كە ساڵانێکی زۆرە کاردەکەن بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنی هەرێم و سەندنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی. راوێژكارەكەی بارزانی، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە، روونە کە کۆمەڵەی نەوت ناڕازییە لە بیرۆکراتیی و هەنگاوەكانی پەیوەست بە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. وتوشیەتی، بابەتەکە پەيوەستە بە سیاسەت نەک رێکاری تەکنیکی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمان هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەی سەبارەت بە رێکارەکانی دەرهێنانی نەوت پەسەندکرد، سەیركە لەوەدایە، وەزیری نەوتی فیدراڵی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێردا هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەوە روینەدا. دوو ڕۆژ لەمەوبەر دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، دووچاری گیروگرفت بووە، بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی پارەدان و گرێبەستەکان. دانوستانەکان، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، تا ئێستا نەیتوانیوە کۆتایی بە ناکۆکییەکی نزیکەی دوو ساڵ بێنێت، کە بووەتە هۆی وەستاندنی هەناردەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مانگی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، داوای لە عێراق کردووە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەركردنی نەوت بدات، یان روبەڕوی سزا دەبێتەوە. واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکرێتەوە، لەبەرهەندێك هۆكار، كە بەشێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخەكەیەتی، لە هەمان کاتدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت، لەسایەی ئەو فشارانەی خستویەتیە سەر تاران، سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەو خانەنشینانەی بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 خانەنشینکراون، مووچەکانیان هاوتای خانەنشینانی بەغدا دەکرێت و مینحە 100 هەزار دینارییەکەش دەیانگرێتەوە. سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەی پێش 2014-01-01 خانەنشینکراون، واتا بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی ژمارەی 9ـی ساڵی 2014، مووچەیان دەستکاری دەکرێت و لەگەڵ عێراق هاوتا دەکرێت، زیادکردن و دەستکاری مووچەشیان بەپیی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت دەبێت. بەوتەى سەرچاوەکە هەر خانەنشینێکی زیندوو مووچەکەی لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت، بۆی دەکرێت بە 500 هەزار دینار، ئەوانی تریش بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت مووچەکانیان دیاری دەکرێت. مینحە 100 هەزارییەکەش دەیانگرێتەوە ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک کەمترە کە دەستی پێکردووە و ئێستا ڕاگیراوە، ڕەنگە لە مانگی چوار یان پێنج دەستپێبکاتەوە کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانیان قۆناغی باش چووەتە پێشەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوو ئەوانەی ماون مووچەکانیان هاوتا دەکڕێت. بۆ میراتگرانی خانەنشینانیش کەمترین مووچەیان 400 هەزار دەبێت بەمشێوەیە: میراتگرێک 320 هەزار مووچەکەی بێت، لەگەڵ 100 هەزارەکە دەبێتە 420 هەزار. دوو میارتگر بە هەردووکیان 360 هەزار وەردەگرن لەگەل دوو 100 هەزاری. سێ میراتگر یان زیاتر 400 هەزار وەردەگرن بە هەموویان، بەهەمانشێوە ئەوانیش مینحە 100 هەزارییەکە دەیانگرێتەوە. بۆنموونە خانەنشینێک کۆچی دوایی کردووە، چوار میراتگری هەیە، مووچەشی کەم بووە، 400 هەزاری بۆ دادەنرێت، ئەم 400 هەزارە بەسەر هەر چواریان دابەش دەکرێت و هەر یەکێکیان 100 هەزاری بەردەکەوێت، هەر یەکێکیشیان 100 هەزار وەردەگرێت، واتا مووچەی هەر یەکێکیان دەبێتە 200 هەزار.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ناڕازیین لە رێکار و هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان. ئەپیکور دەڵێت، "ئەمڕۆ بۆمان روونبوویەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات، کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگیرێت، هەوڵدەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت." مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور"هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڕاگەیاند: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فێدراڵ بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانمان و بوودجەی عێراق. گوتەبێژی ئەپیکور، دەڵێت: ئەمڕۆ بۆمان ڕوونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت. مایڵز کاگینز جەختی لەوە کردەوە، ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق قبوڵکراو نین و، ئەپیکور ئامادە نییە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات، تا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکوومەتی عێراقەوە نەبێت و تێدا رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوزای وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و داھاتووش. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.
هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو جارێکی دیکە لە بەردەم بانکەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و کۆیە، قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان دروستبوو. بەشێک لە خانەنشینان لە دوای پارشێوەوە چوونەتە بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەڵام قەرەباڵغی دروستبووە، بەڵام پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغی بەراورد بەمانگەکانی دیکە کەمترە بەتایبەت لەسلێمانیدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆ ئەم مانگەش بڕی 100 هەزار دینار لەخانەنشینان بڕدراوە کە ئەمەش نیگەرانی خانەنشینانی لێکەوتووەتەوە، هەروەها پارەی دڕاو و کۆن دووبارە وەک مانگەکانی دیکە بەسەر خانەنشینان و مووچەخۆراندا دابەشکراوەتەوە. ئاڵوگۆڕکردنی پارەی دڕاو و ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق دەینێرێت کە 25 هەزاری و 50 هەزارین، مانگانە بەرێژەیەک لەکاتی هاتنی مووچەدا دیاریدەکرێت. خانەنشینان دەڵێن لە بەیانیی زووەوە هاتوونەتە بەردەم بانکەکان بۆ ئەوەی زوو مووچەکانیان وەربگرن بەڵام لە نۆرەدا وەستاون.
حکومەتى عێراق هۆکارى دواکەوتنى ناردنى خشتەى بودجەى ئەمساڵ بۆ پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕانکاریکردن لە داهات و خەرجییەکان، ئەوەش بەهۆى هەموارى یاساى بودجە تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان. ناردنى خشتەى بودجەى 2025 لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمانى عێراق نزیکەى پێنج مانگ دواکەوتووە، بەو پێیەى بەپێی یاساى رێکخستن و بەرێوەبردنى دارایی، دەبوو لە تشرینى یەکەمى 2024 بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرایە، بۆ ئەوەى پێش ساڵى نوێ پەسەند بکرایە، بەڵام تا ئێستا رەوانە نەکراوە. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق، هۆکاری دواکەوتنی ناردنى خشتەى بودجە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەموارى یاساى بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە، کە بەهۆیەوە ناچاربوون گۆڕانکاریی لە داهات و خەرجییەکاندا بکەن. رۆژى دووى شوباتى ئەمساڵ، پەرلەمانى عێراق ماددەى 12 ى یاساى بودجەى سێ ساڵەى هەموارکردەوە بەمەبەستى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەڵام پڕۆسەکە تا ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە. ئامانجی هەموارکردنەکە دیاریکردنى لیژنەیەکى ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندە بۆ دیاریکردنى تێچووی خەمڵێنراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا، بەرزکردنەوەی داهاتی فیدراڵی، هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆوە. مەزهەر محەمەد ساڵح دەڵێت، بەهۆى ئەو گۆڕانکارییانەوە پێویست بوو گۆڕانکاریی لە داهات و خەرجببەکان بکرێت لە خشتەکانی بودجەی گشتی ساڵی 2025. جەختیشیکردەوە، دواکەوتنی ناردنى خشتەى بودجە، بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر دۆخى دارایی وڵات نەبووە و پێشبینی دەکرێت دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرێت. کۆى گشتى بودجەى 2025 نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە و دوو لەسەر سێی بۆ موچە تەرخانکراوە، لەگەڵ کورتهێنانى گریمانەیی بەبڕى (64) تریلیۆن دینار، محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان رۆژى چوارشەممە لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆتایی هاتنى کارەکانى ئامادەکردنى خشتەى بودجەى راگەیاند و جەختیکردەوە، خشتەی بودجە هیچ پڕۆژەیەکی نوێ لەخۆناگرێت، بەڵام پارە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان تەرخاندەکرێت. حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 5 شوبات 10 بڕیارى دەرکرد بۆ رێکخستنى رێکارە داراییەکانى لەگەڵ بەغداد، تا پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى 2025 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە کە وادەکەى نادیارە. بەپێی رێکارەکان، لیستى موچەى مانگى یەکى ئەمساڵ دەکرێتە بنەما بۆ ژمارەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و تەرخانکراوە داراییەکان. رێکارێکى دیکە تایبەتە بە راگرتنی دامەزراندن بە هەموو شێوازەكانی (هەمیشەیی- گریبەست- كاتی- دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ- بەلەجیاتی دانان- وانەبێژ- خۆبەخش)، گەڕانەوە بۆ وەزیفە یان هەر شێوازێکى دیکەى دامەزراندن. راگرتنی بەخشین و بەستنی دەرماڵە بۆ موچەخۆران و پابەندبوون بەو رێژەو بڕانەی كە لە لیست موچەی مانگى یەکى ئەمساڵ هاتووە، رێکارێکى دیکە کە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیارى لەسەرداوە. هەر بەپێی رێکارەکان، دامەزراندن بە پلەى تایبەت لەبەڕێوەبەرى گشتى بەرە سەرەوە رادەگیرێت، لەگەڵ قەدەغەکردنى گواستنەوەى راژەى فەرمانبەران، راگرتنى ئەژمارکردنى خزمەت، کارکردن بە بڕیارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق لەبارەى سەرموچە و پلە بەرزکردنەوە. رێکارێکى دیکە تایبەتە بە پابەندکردنى وەزارەتەکان بۆ بەرزنەکردنەوەى داواى درێژکردنەوەى تەمەنى خانەنشینى. ئەنجومەنى وەزیران جەختیکردووەتەوە، کارکردن بەو رێکارانە کاتییە و سەرتاسەرییە، تا پەسەندکردنى خشتەکانى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بەردەوام دەبێت و پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بیخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی سێی ڕاگەیاند و بڕیارە بە سێ ڕۆژیش تەواوی مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن. لیستی مووچەی مانگی شوبات، 12ـی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە 18ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی هات. واتا بە مووچەی مانگی ئادارەوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم مانگە دوو مووچەیان وەردەگرن. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری راگەیاند، بەگوێرەی لیستەکە لە ماوەی سێ رۆژ دا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت. بەگوێرەی لیستەکە، دابەشکردنی مووچە، سبەی (پێنجشەممە، 27-03-2025) بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و رۆژی شەممە 29-03-2025 بە هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی فریاکەوتن کۆتایی دێت. لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، رۆژی شەممە، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت و پێش جەژن مووچە وەردەگرن. بەپێی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دارایی، ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لەڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە و ئەو مووچەخۆرانەی بەشێوەی كاش مووچە وەردەگرن، دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانكەكان لە كەمترین ماوەدا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەكانیان دەكرێت. وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی گرێبەستێکی لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای BPی بەریتانی کرد، ئەوەش بە مەبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی بای حەسەن، باوەگوڕگوڕ و ئاڤانا، جەمبور و خەبازەی کەرکووک. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، "نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو چوار کێڵگەیە، یەدەگی سامانی هایدرۆکاربۆنی زیاتر دەکات، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی خاو زیاد دەکات، بەئامانجی گەیشتن بە 420 هەزار بەرمیلی رۆژانە." بەگوێرەی گرێبەستەکە، وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ لە چوارچێوەی پەرەپێدان و فراوانکردنی سەکۆکانی گازی باکوور دەکرێت، بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانە بە بڕی 400 ملیۆن پێ سێجا، لەگەڵ دروستکردنی وێستگەی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات." نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، "پڕۆژەکە هاوکار دەبێت بۆ راگرتنی سووتانی بەردەوامی گازی هاوەڵ و دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا." ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 10ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق، واژۆکردنی گرێبەستی گشتگیری پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگەی بای حەسەن، باوەگوڕگوڕ و ئاڤانا، جەمبور و خەبازەی کەرکووک لەگەڵ کۆمپانیای BPـی بەریتانی راگەیاند. رۆژی سێشەممە 14-01-2025 سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری گەیشتە لەندەن و لەلایەن کیەر ستامەر، هاوتا بەریتانییەکەی پێشوازیی لێکرا. رۆژی 1ی ئابی 2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی BP کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک. یاداشتەکە لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا. کۆمپانیای BP لە 1920ـەوە لە کەرکووک کاری کردووە و دەڵێت، کەرکووک و دەورووبەری "نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان هەیە."
وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو سبەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. دواکەوتن و نەناردنى پارەى مووچەى مانگى ئادارى هەرێمى کوردستان، پەیوەندیدارە بە نەبوونى نەختینەى پێویستی وەزارەتى دارایی فیدراڵ. ئەو کێشەیەی نەختینە، وایکردووە مووچەى هەندێک دامەزراوە نزیکەى هەفتەیەک دوابکەوێت، تاوەکو ئێستاش خانەنشینانى عێراق مووچەى مانگى ئاداریان وەرنەگرتووە. سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى عێراق راگەیاند: ئەو کێشەیە بەهۆى ئەوەیە؛ بانکى ناوەندى نەیتوانیوە پارەی پێویست بۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵ تەرخان بکات بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى ئادار. عێراق، مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى بە هەرێمى کوردستانیشەوە، کە پشکى لە مووچە مانگانە دەگاتە نزیکەى یەک تریلیۆن دینار. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا. کەمێک لەمەوبەر سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچە کە بڕەکەی ( ٩٥٤،٨٨٠،٤٦٧،٧٧٩ ) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشت سەدو هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینارە وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کراو بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.