وەزارەتی دارایی: تەمویلکردنی مووچە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سبەی رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. باسی لەوەش کرد: "بە ئەگەری زۆرەوە تەمویلکردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە."
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندیی داوە مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت؛ ئەو رەزامەندییە دەکرێتە نووسراوێک بۆ وەزارەتی داراییی عێراق و تەیف سامی واژۆی دەکات. ئەمڕۆ دەست بە ئامادەکارییەکانی نووسراوەکە کراوە و سبەی دەنێردرێتە وەزارەتی دارایی و لەوێش رێکارەکان تەواو دەکرێن."

بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، ئەگەر سبەی رێکارەکان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت، "بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە سبەی رێکارەکان تەواو نابن و تەمویلکردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە."

لەبارەی لیستی مووچەوە، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "ئەو رۆژەی پارەکە تەمویل دەکرێت، لیستی مووچە رادەگەیێنین. ئەگەر رۆژی پێنجشەممە پارەکە بنێردرێت، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو و لە ماوەی 3 رۆژدا مووچە دابەش دەکرێت."

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی راسپارد مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار