د.مورشید خەزنەوی، بەقسەکانی لەسەر پیرۆزی خاکی کوردستان هێرشیکرایەسەر
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئایا کوردستانی بە قیبلەی موسڵمانان شوبهاندووە؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی
لەسەروربەندی یەکەم ساڵیادی رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد گوتارێکی د.مورشید خەزنەوی لە نەرویج بووە بابەتی رۆژ، بەشێک لە خەڵکی دەستخۆشیان لێدەکرد و بەشێکی دیکەیان بە توندی رەخنەیان لێگرت و وەڵامیان دایەوە، تەنانەت هەندێک میدیای هەرێمی کوردستان قسەکەیان گۆڕی و بەلارێیاندا برد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێرشێکی ناڕەوای بکرێتەسەر.
د.مورشید مەبەستی چی بوو؟
د.مورشید لە سەرەتای ئەم مانگەوە کۆرێکی لە ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج بۆ رێکخرابوو و تێیدا باسی دۆخی رۆژاڤای کوردستان و سوریای کرد دوای ساڵێک لە رووخانی رژێمەکەی ئەسەد.
ئەو وەڵامی هەندێک کەسی دایەوە کە دەیانوت خاکی کوردستان خاکێکی ئاساییە حکومەتی سوریا دەستیبەسەردا بگرێت بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات. لە وەڵامدا د.مورشید گوتی، کوردستان ناوی لە قورئاندا هاتووە و لە قورئاندا سێ شوێنی پیرۆز هەیە، لە دوای مەککە و قودس، کوردستانە.
دواتر ئەم قسانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە. لە میدیای کوردی خوێندنەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کرا یاخود بەئەنقەست شوێندرا چونکە قسەیەکیان بەدەمی د.مورشید خەزنەوییەوە دەنووسی کە هەرگیز شتی وای نەگووتوە. میدیای کوردی دەیانووسی، د.مورشید خەزنەوی دەڵێت: کوردستان سێیەم قیبلەی موسڵمانانە.
بەڵام لەراستیدا ئەگەر بەوردی گوێ بۆ قسەکانی بگیرێت، د.مورشید دەڵێت، نوح پێغەمبەر دوعای کردووە کەشتییەکەی لە شوێنێکی پیرۆز بگیرسێتەوە، خوای گەورەش لە جودی گیرساندییەوە، لە قورئاندا ناوی جودی هێنراوە بۆیە خاکی کوردستان پیرۆزە و دەبێت پارێزگاری لە خاکەکەی بکرێت دژی داگیرکەران.
--------
بەهۆی پیشەیی نەبوونی میدیاکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت، د.مورشید خەزنەوەی هێرشێکی ناڕەوای کرایەسەر و چەندین تۆمەت درایەپاڵی و قسەی ناشرینی بەرامبەر کرا، لەکاتێکدا مامۆستایەکە هەمیشە رێزی سرووتە ئاینییەکانی گرتووە و بەردەوام ئایینی ئیسلام بە جوانترین شێوە بۆ خەڵک رووندەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریکارێکی سەرسەختی نەتەوەکەی خۆیەتی.
د.مورشید خەزنەوی، کوڕی محەمەد مەعشوق نەقشبەندییە کە ساڵی 2005 لەلایەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەد رفێنراو دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە. د.مورشید، لە گوندی تەلمەعروفی شاری قامیشلۆ لە دایک بووە. لە شەقام، مزگەوت و هەرکۆڕ و کۆبوونەوەیەک بۆی بچێت باسی کوردستان بابەتی سەر زارییەتی.
د.مورشید خەزنەوی، بەردەوام بە مامۆستاییەکی ئاینی پشتیوانیکاری رۆژاڤای کوردستان و ئیدارەی خۆسەر دادەنرێت، لە کەم لێدوان و چاوپێکەوتنی هەیە باسی رۆژاڤا و دۆخی کورد نەکات.
