ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە رۆما، لەگەڵ گویدۆ کرۆزیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " کۆبوونەوەکەمان، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو. بێگومان، جەنابی وەزیر دۆستێکی زۆر بەڕێز و نزیکی گەلی کوردستانە، باسی رۆژئاوای کوردستان و هەموو بابەتەکانمان کرد. زۆر تێگەیشتوون، بە هەموو لایەک هەوڵ دەدەین کە شەڕ نەبێت و بوەستێت و، خەڵکی کوردستان تووشی ئێش و ئازار و دەستدرێژی نەبێت." سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە "بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کوردە، هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین." سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد "لەگەڵ هەموو لایەک لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن و هیوامان وایە؛ بەڵام هەموو ئەگەرەکانیش کراوەن و دەبێت خۆمان بۆ بارودۆخێک ئامادە بکەین." سەرۆک بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، باسی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد. ٠ بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کورد، هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی گەلی کورد، دەیکەین. ٠ ئیتاڵیا بەڵێنی داوە تەواو هاوکار و پاڵپشتمان بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە. ٠ هەموو هەوڵێکمان لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە ئەوەیە کە شەڕ تەشەنە نەکات. ٠ سەرکردایەتی سووریا بەڵێنیان پێداوین کە کەرامەتی کورد پارێزراو بێت. ٠ هەموو هەوڵێک دەدەین کوردی ڕۆژئاوا پارێزراو بن. لەلایەکی دیکەوە: وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەین ئاشتی بەرقەرار بێت لە ناوچەکە. ٠ سەرۆک بارزانی سیمبولێکە لە شەڕی دژ بە داعشدا. ٠ ئێمە لە ئیتاڵیا زۆر دڵگرانین لەوەی لە سووریا ڕوودەدات. ٠ هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت بوەستێت. ٠ ئەوەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت لە سووریا جێگای قبوڵ نییە. ٠ دۆستایەتی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژوویی و قووڵە. ٠ نیگەرانین لەو دۆخەی بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هاتووە، هەموو ڕێگرییەک دەکەین هەمان شت بەسەر باشووری کوردستان بێت. ٠ زۆر نیگەرانین لە ئازاد بوونی زیندانییانی داعش، کار لەسەر ئەوە دەکەین کە مەترسی نەبێت.
ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، "هێرشمان لەسەرە، سنووری ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزین. ئەمە مژاری مان و نەمانە. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی تر بوونی نییە. پێویستە بەرخۆدانمان فراوان بکەین، بە پاڵپشتیی کوردان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە." ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل لەسەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی هاوار (ANHA) کرد. ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، هێرشێکی قێزەون لە ئاستی جیهانیدا دەکرێت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە پشت هێرشەکەوەن و یارییەکی گەورە دژی بوونی ڕۆژئاوا هەیە. خەلیل بیری هێنایەوە کە بەر لەم هێرشە، هێرشکراوەتە سەر ئاساییشی شێخ مەقسوود و لە دیمەشقیش کۆبوونەوە دەکرا و گوتی، "لەناکاو هێرشکرا. دەستبەجێ لە دێرحافریش دژی قەسەدە بێبەختیی دووەم دەستی پێ کرا. لە کاتێکدا شەڕڤانانی قەسەدە لە دێرحافر خۆیان بۆ کشانەوە ئامادەدەکرد، هێرشیان کرد." خەلیل باسی لە ڕۆڵی دەوڵەت تورک لە هێرشەکاندا کرد و گوتی، "دەوڵەتی تورک نایەوێت بۆ ئەم سەدەیە ببنە خاوەن ستاتۆ." گوتیشی کە هەر یەک لە ئەمریکا و تورکیا بۆ بەرژەوەندییە سیسییەکانی خۆیان دەیانەوێت کۆمەڵگەی ناوچەکە بە یەکدا بدەن. ئاڵدار خەلیل سڵاوی نارد بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە ڕۆژئاوا و گوتی کە خاوەندارێتیی کوردان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا، ڕۆژانی مێژوویین بۆ کوردستان. ئاڵدار خەلیل بانگەوازی بۆ هەموو کەسێک کرد کە بۆ پاراستن بەرپرسیار بێت و گوتی: "پێویستە هەمووان بە پێی توانای خۆیان بەشداری لە بەرخۆداندا بکەن." گوتیشی، "چالاکییەکانی کوردستانیان لە دەرەوەی وڵات و بەشەکانی تری کوردستان فشاری خستووەتە سەر هێرشکاران. ئێستاش هەوڵی چارەسەر دەدرێت. بەڵام ئەوەی سەرەکییە بریتییە لە پەرەدان بە هێڵی پاراستن." خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بە سەرکەوتنی بەرخۆدان زەمینەیەک بۆ تێکۆشانی سیاسی دەڕەخسێت و گوتی:"ئێمە لە داهاتوودا ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و زەمینەی سووریایەکی دیموکراتیک دەڕەخسێنین. دووبارە دەڵێین کە سڵاو لە بەرخۆدانی گەلی خۆمان دەکەین. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی تر بوونی نییە. پێویستە بەرخۆدانمان فراوانتر بکەین. بێگومان سەرکەوتن بەشمان دەبێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەندێک لە دوژمنەکانمان لێرەن. ٠ دوای ساڵێک لە دەستبەکاربوونم، ئابووری ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاوە زیادیکردووە و هیچ ساڵێکی ئەمریکا وەک ئەمساڵ گەشەی بەخۆیەوە نەبینییوە، وامانکرد وڵاتەکەمان دەوڵەمەند بێت و لەسەر ئاستی جیهان ببێتە وڵاتێکی گرنگ. ٠ ئەو خەرجیانەمان ڕاگرت کە جۆ بایدن بڕیاریدا بوو بکرێن و هیچ سوودێکیان نەبوو و کاری باشمان کردووە و توانیمان یەک تریلیۆن دۆلار بۆ ئەمریکا بگەڕێنینەوە، ئەگەر ئەو سیاسەتەی ئێمە گرتمانە بەر ئەوروپاش بیگرنەبەر وڵاتەکانتان گەشە دەکات، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا بە ئاراستەیەکی باشدا ناڕۆن، سەرنج خستنە سەر وزەی پاک و کۆچبەری بە کۆمەڵ زیان بە ئەوروپا دەگەیەنن. ٠ لەسەرەتاوە دژایەتی سیاسەتەکانم دەکران، بەڵام ئێستا کە دەرئەنجامی کارەکانم دەرکەوتوون ئەو کەسانە پشتگیری هەنگاوەکانم دەکەن و نرخی پێداویستییەکانمان دابەزاند. ٠ ئەمریکا مەکینەی ئابووری جیهانە و توانیمان نرخی نەوت دابەزێنین. ٠ بۆیە هێرشمان کردە سەر ڤەنزوێلا بۆ ئەوە بوو کە لەگەڵمان دابنیشن و تەنیا لە یەک هەفتەدا 50 میلۆن بەرمیل نەوتمان لە ڤەنزوێلا دەستکەوتووە، کۆمپانیا گەورەکان ئامادەن لەو وڵاتە وەبەرهێنان بکەن. ٠ لە بواری ژیری دەستکرد بە رێژەیەکی زۆر لە پێش وڵاتانی جیهانەوەین و تەنانەت پێش چینەوەین و لە بواری وزەش لەو وڵاتە زیاتر گەشەمان کردووە. ٠ دەمانەوێت ئەوروپا گەورەترین سەرچاوەی وزە بێت بۆ جیهان. ٠ ڕێزم هەیە بۆ خەڵکی دانیمارک و گرینلاند و ناتۆ دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و پارێزگاری لە خاکەکەی بکات و تائێستا نەیانتوانیوە بەرگری لە گرینلاند بکەن، ئێمە هێزمان ناردووە تا بیپارێزین و شەڕمان کردووە تاوەکو ئەو وڵاتە جوانە پارێزراو بێت، کارێکی هەڵەمان کرد کە دوای شەڕ گرینلاندمان گەڕاندەوە بۆ دانیمارک نەدەبوو وابکەین. ٠ دەمانەوێت سیستمێكی بەرگری لە گرینلاند دابنێین و شوێنێکی ستراتیژییە کە کەوتووەتە نێوان ئەمریکا، ڕووسیا و چین، کاری زۆر دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بپارێزین، چونکە شوێنێکی گرنگە بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و ئەگەر ئەوە نەکەین ناتوانین بە پێی پێویست بەهێز بین. ٠ توانیومە هەشت جەنگ لە جیهاندا بوەستێنم و شایەنی چەندین خەڵاتی نۆبڵم، ڤلادیمێر پووتین پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم، چۆن توانیت شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بوەستێنیت. ٠ من هێزێکی باوەڕپێنەکراوم هەیە لە جیهاندا و ناتۆش هێزێکی لەو جۆرەی نییە. پارەیەکی زۆرم دا بە ناتۆ بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵام داوای منیان لەسەر گرینلاند ڕەتکردەوە کە تەنیا ناوچەیەکی بەستووە. ٠ کەسانێکی زۆر لە ئۆکرانیا دەکوژرێن بەجۆرێک بە هەزاران کەس دەکوژرێن و هەوڵمانداوە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەکە کەمبکەینەوە و پێویستە ئەو شەڕە ڕابگرم کە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە، من هاوکاری هەموویان دەکەم. دۆناڵد ترەمپ لە وتارێكدا لە داڤۆس: 🔹دوای 12 مانگ لە گەڕانەوەم بۆ كۆشكی سپی، رابونی ئابوری لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبینین. 🔹تائێستا بەهۆی وەبەرهێنانەكانەوە نزیكەی 18 ترلیۆن دۆلارمان هێناوە. 🔹ویلایەتە یەكگرتووەكان بزوێنەری ئابوری جیهانەو لەگەڵ ئەودا وڵاتانی تر هەڵدەستنەوەو دادەبەزن. 🔹ئەوروپا بە ئاڕاستەیەكی دروستدا ناڕوات. 🔹هەفتەی رابردوو 50 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بە تەنیا لە ڤەنزوێلا دەستكەوتووە. 🔹ستایشی هەموو ئەو هاوكارییە دەكەین كە ئیدارەی نوێ لە ڤەنزوێلا كردویەتی و بەمزوانە پارەیەكی زۆر كۆدەكەنەوە. 🔹تاڕادەیەكی زۆر چوینەتە ناو جیهانی وزەی ئەتۆمەوە. 🔹لە بواری ژیری دەستكرددا بە جیاوازییەكی زۆر رێبەرایەنی هەموو وڵاتانی جیهان دەكەین و لەم بوارەدا لە پێش چینەوەین. 🔹پشتبەستنی ئەوروپا بە وزەی با كێشەی گەورەی بۆ دروستكردووەو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كارەبا. 🔹دەمانەوێت ئەوروپا ببێت بە هاوپەیمانێكی بەهێز. 🔹هیچ هێزێك نییە لەناو ناتۆدا بتوانێت پارێزگاری لە (گرینلاند) بكات جگە لە ئەمریكا. 🔹هەموو دەوڵەتێك لەناو ناتۆ دەبێت بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات. 🔹چەند گەمژە بوونین كە پێشتر (گرینلاند) گەڕاندەوە بۆ دانیمارك، سەرسامین بە ئاستی ئەو بێمنەتییەی كە روبەڕوومان دەبێتەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی سێشەممە 20-01-2026 رایگەیاند، ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن. مەزڵووم عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سڵاوی بۆ بەرخودانی خەڵک و شەڕڤانان نارد لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی هێرشی "دڕندانە و کوشتنی سیستماتیکی کورد" بوونەتەوە. فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانی راگرتنی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە شەدادی و کەمپی هۆل بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادیانکردووە. مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، کەمپی هۆل لە شەوی رابردووەوە رووبەڕووی هێرشی تووند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بە زەبری هێز بووەوە و پاسەوانانی کەمپەکەش دوای رووبەڕووبوونەوەی کاروانە سەربازییەکان و تانک و زرێپۆشەکانی سوپای سووریا، ناچار بوون پاشەکشە بکەن. چەند پەیامێکی بەپەلە لە مەزڵووم عەبدییەوە - سڵاو دەکەین لە بەرخۆدانی خەڵک و شەڕڤانان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە و کوشتنی سیستماتیک دەبنەوە دژ بە کورد. - هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر بنکەکانی ڕاگرتنی چەکداران و خێزانەکانی داعش لە شەدادی و کەمپی هۆڵ زیادیان کردووە. - کەمپی هۆڵ لە دوێنێ ئێوارەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی هەڵکوتانە سەر و کۆنترۆڵکردنی بە هێز دەبێتەوە. - پاسەوانانی کەمپی هۆڵ ڕووبەڕووی هێرشی کاروانی سەربازی و زریپۆش و تانک بوونەتەوە و لەبەر ئەوە ناچار بوون بکشێنەوە. - : حکومەتی سووریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری و شاری کۆبانێ. - مەزڵووم عەبدی: دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون. - کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و پاراستنیان هێڵی سوورە و لە بەرگریکردن لێیان درێخی ناکەین. - داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە پاراستنی بنکەکانی ڕاگرتنی چەکدارانی داعش. - داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین هێرشەکان ڕابگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هێرشانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، تەنیا مەبەست لێی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە، بەڵکو ئامانجەکە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی گەلی کوردە. ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 داوای لە سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، ڕێگە نەدات جارێکی دیکە کورد لەو بەشەی کوردستان پاکتاو بکرێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکات. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە هێرشبەرەکان کێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ بوونی گەلی کورد هەیە و دەیانەوێت ئەو هێزە لەناو ببەن کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت. بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە، ڕزگارکردنی زیندانییانی داعشە وەک ئەوەی لە ڕەققە ڕوو دەدات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا چاوی هێرشبەران لەسەر کۆبانێیە و پلان بۆ کۆمەڵکوژیی کوردان لەو شارە دادەنێن. رامی عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر پێکهاتەی سوپای سووریا و ڕایگەیاند کە 18 هەزار چەکدار کە لە نێویاندا چەکداری چەندین وڵاتی بیانی هەن، دژی کورد شەڕ دەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەڵگەی ڤیدیۆیی تەواو لەبەردەستدایە، ئەو تاوانە گەورانە دەسەلمێنن کە سوپای سووریا دژی هاووڵاتییانی کورد ئەنجامی دەدات، بە بڕوای ئەو دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر گرت و ڕایگەیاند: ناوبراو جگە لە کوشتن و بڕین، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە. رامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە، حکوومەتی ئێستای سووریا تەنیا دەیەوێت دەسەڵاتی ڕەها لەدەستی خۆیدا بێت و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە وەک کورد خاوەن دەسەڵات نەبێت، هەر بۆیە پەنایان بۆ کوشتن و وێرانکاری بردووە بۆ سەپاندنی خواستەکانیان. ئەم هۆشدارییانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتوونەتە لوتکە و مەترسییەکی جددی لەسەر چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە، کە ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری جۆراوجۆر و میلیشیا بیانییەکان بوونەتەوە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەخت دەکاتەوە دەستبەرداری تایبەتمەندیی ناوچەکەیان نابن و بڕیارە سبەی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سووریا، وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکات. یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەشی مانگی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی دڕندانە و پلان بۆ داڕێژراو کرایە سەریان، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداریان دا و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون. فەرماندەی هەسەدە ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی نەیاندەویست بچنە نێو ئەم شەڕەوە، بەڵام بە سەریان سەپێندرا و ئامانج لێی کۆمەڵکوژی و لەناوبردن بوو. عەبدی گوتی: بەر لەوەی سبەی لە دیمەشق گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەستەکە بکەن، هەندێک ڕوونکردەوە دەدات؛ ئاماژەشی دا، لەو چەند کۆبوونەوەی لەو ماوەیدا ئەنجامییان داوە، هەوڵییان داوە ڕێگری لەو شەڕە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕە لەلایەن چەند لایەنێکەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو و بەسەرمان سەپێنرا، کە ئامانجی لێی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ بوو. گوتیشی: بەهۆی ئەوەی کوشتن و بڕین، بەتایبەت لەناو خەڵکی مەدەنی، زیاد نەکات و شەڕەکە بێ ئەنجام بوو، بڕیارمان دا لەپێناو پاراستنی خەڵکەکەمان و دەستکەوتەکانی شۆڕش، هێزەکانییان لە ناوچەکانی دێرەزوور و ڕەققە بکشێنەوە بۆ حەسەکە و لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتنێک ئامادە کرا. دەشڵێت: دوای ئەوەی لە دیمەشق گەڕایەوە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، وردەکاری زیاتر لەسەر ڕێککەوتنەکە بڵاو دەکەنەوە. مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دەستبەرداری دەستکەوتەکانی شۆڕش و تایبەتمەندیی ناوچەکە نابن و خەباتەکەیان بەردەوام دەبێت. لە کۆتاییشدا سوپاسی خۆڕاگریی گەل و هێزەکانی کرد.
شاندی ئیمراڵی رایگەیاند دوێنێ شەممە کۆبوونەوەیکی دوو کاتژمێر و نیویان لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان هەبووە و تێدا باسی لە ئاڵۆزییەکانی سوریا کردووە. شاندەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئۆجەلان نیگەرانی قووڵی خۆی لەبارەی بە ململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی، ئەو گرژییانەی بە هەوڵێک ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و گوتی، کێشەکانی سوریا تەنیا لە رێگەی دیالۆگ و دانوستان و لۆژیكی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. بەیاننامەی شاندی پارتی یەكسانی و دیموکراسی لە ئیمرالی: رۆژی ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە ئیمرالی کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێزعەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاند. لە میانی دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دووپاتکردەوەو رایگەیاند، دیدگای ٢٧ی شوبات هەر بە دروستی ماوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پێشخستنی پرۆسەکە دووپاتکردەوە. سەرنجی سەرەکی کۆبونەوەکە پێشهاتەکانی سوریا بوو، بەڕێز ئۆجەلان نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە ململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و ئەوەی بەهەولێك ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی ، بە توندی جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی سوریا تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و لۆژیكی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیەكانی بۆ دڵنیابوون لە چارەسەركردنی ئەم پرسە لە ڕێگەی گفتوگۆو دوورکەوتنەوە لە ململانێ، داواشی لە هەموو لایەنە چالاكەكان رۆڵی ئەرێنی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارانەو جددی لەم بوارەدا مامەڵە بکەن.
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا ڕایگەیاند، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای سووریا و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە. سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمریکا، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سەربازیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وردەکاریی جموجۆڵە نوێیەکانی واشنتنی بۆ کەناڵی کوردستان24 خستەڕوو. نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەولێر کۆبێتەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی مەیدانی جەنگ و دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. سەبارەت بە سەردانی شاندی ئەمریکی بۆ ناوچەی دێرحافر، نوێنەرەکەی مەسەدە ڕوونیکردەوە: "دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، سوپای عەرەبیی سووریا پلانی هەبووە درێژە بە هێرشەکانی بدات و ناوچەی دێر حافر بکاتە ئامانج." ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە چوونی شاندی ئەمریکا بۆ ئەو ناوچەیە هەنگاوێکی کرداری بووە بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە لە نزیکەوە و ڕاگرتنی هەر هێرشێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخەکە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سینەم محەممەد باسی لە گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا کرد بەرانبەر بە دۆخەکە و گوتی: "ڕاستە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، بەڵام ئێستا هەڵوێستیان گۆڕاوە و هاتوونەتە سەر هێڵ. لە کۆتاییدا، نوێنەری مەسەدە جەختی کردەوە کە لە گفتوگۆکانیاندا پەیامێکی ڕوونیان داوەتە ئیدارەی ئەمریکا و پێیان ڕاگەیاندوون: "پاراستنی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، پرسێکی هەستیار و زۆر گرنگە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت."
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەمپارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت: ئێمە لە هاکان فیدان تێناگەین وەزیری دەرەوەی تورکیایە یان سوریا. دوێنێ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتى: بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە هەسەدە لە زووترین کاتدا بڕیارەکانى رێککەوتننامەى 10ـى ئازار جێبەجێ بکات. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەڵێ، "هەر لایەنێک بە ناوی هەسەدەوە دانوستاندن بکات، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی قەندیل سەرناگرێت.'' لەبەرانبەر ئەو وتانەى فیدان، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: دۆخی هێزەکانی سوریای دیموکرات بابەتێکی ناوخۆیی بۆ دەوڵەتی سوریایە نەک تورکیا وتیشى: “پەیوەندی بە تورکیاوە چییە؟ ئەوە پرسێکی سوریایە؛ با حکومەتی سوریا بڕیاری لەسەر بدات، تەنانەت دیمەشقیش دەیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان بهێڵێتەوە، کەواتە بۆچی ئێمە لە تورکیە نیگەرانین لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان دانەنێن؟ دەشڵێت: لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا و دەڵێ، هەرکەسێک بۆ غەززە بگری و بۆ حەلەب چەپڵە لێبدات، دووژمنێکی سەرسەختی کوردە.
هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا ئەمڕۆ لەلێدوانێکیدا وتى: • بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. •هیوادارین ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەر بكرێن و دژی هەر چارەسەرێكی سەربازین. •بەردەوام دەبین لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەكان لەبارەی ئێران و ئەولەویەت دورخستنەوەی تێكچوونی سەقامگیرییە. •هەسەدە بووە بە بەربەست لەبەردەم سەقامگیری و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی. •هێزەكانی (هەسەدە) لە سوریا دەبێت نیازپاكی نیشان بدەن و لە بازنەی توندوتیژی بچنە دەرەوە. •چەمكی هاوڵاتیبوونی دەستوریی سەقامگیریی لە سوریا بەهێز دەكات. 🔹دەبێت (هەسەدە) رێككەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بكات و خۆی نەدزێتەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کەسێک بە تەنیا خاوەنی سووریا نییە، بەڵکوو هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دەبێت بە ئاشتیانە تێیدا بژین. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند: پێویستە گرەنتی ژیان هەبێت، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی سووریا بۆ بارودۆخی بکرێت و هەڵوێستێکی جیددی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە ئیرادە هەبێت هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی سووریا بەیەکەوە بژین، چونکە تەنیا ئەوان لە سووریا ناژین، بەڵکوو سووریا لە ژمارەیەک نەتەوە و پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە. ئیلهام ئەحمەد، گوتیشی: قسە تەنیا بەس نییە، کە دەگوترێت، کورد خۆشەویستی ئێمەنە، بەڵکوو دەبێت لە کردەوەکانیان ڕەنگبداتەوە، هەروەها فشارێکی نێودەوڵەتیی هەبێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە، ئێمە هەمیشە ئامادەییمان نیشانداوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام جەخت لە ڕاگرتنی هێرشەکان دەکەینەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، حکوومەتی دیمەشق ئەوەی لە ڕاگەیاندەکان باسی دەکات، تەنیا چەواشەکارییە، چونکە لە ڕاستیدا هیچ یەکێک لە بەڵێن و کردارەکانی جێبەجێ ناکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بێدەنگ و بێ هەڵویستن، ئەمەش کارێکی هەڵەیە. داوا دەکەین دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەستپێشخەریی بکات و ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت، بەڵام دوای کوژرانی سەدان هاووڵاتی کورد و دواتر داوای ئاشتی بکرێت ئەوکات شتێک بەناوی ئاشتی نامێنیت، پرسی کورد بەمشێوەیە چارەسەر ناکرێت. رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا.
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا دەلێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی کرداری هەرەسی هێناوە و وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پێ ڕادەگرێت، توندوتیژی و فشارە." ئەمیر کەریمی لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەندامی دەستەی وەشانی"The Amargi ڕێباز مەجید خۆپێشاندانەکانی ئێران، ئاییندەی سیاسەتی کورد و دۆخی ناوچەکەی هەڵسەنگاند. ئەمیر کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێم هێشتا خاوەنی دەوڵەتە، بەڵام شەرعییەتی کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەستداوە و وتی: "بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشاوەتەوە." ئەمیر کەریمی کۆماری ئیسلامیی چواند بە مرۆڤێک کە تووشی مردنی مێشک بووە، بەڵام دڵی لێ دەدات، و ڕایگەیاند کە بە بڕوای ئەو، ڕژێم تەنها بە ڕێگە و شێوازی سەرکوتکردن خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە. 'سیستەمە توندەکەی سەدەی ٢٠ـەم تێکدەچێت' ئەمیر کەریمی قەیرانەکانی ئێران بە شکستی مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوە"ی کلاسیک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرێ دەدات. ئەمیر کەریمی، ئەم مۆدێلە بە ڕێبازی "یەکڕەنگ، یەکدەسەڵات، یەکزمان و یەکڕەهەند" پێناسە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە گەلی کورد لە ناو ئەم سیستەمەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک پەراوێز خراوە. کەریمی لە قسەکانیدا دەڵێت کە گەلی کورد لە ماف، سیاسەت و هەموو شتێک دوور خراوەتەوە و دەڵێت: "وا چاوەڕوان دەکرا کە یان بتوێنرێنەوە یان لەناو بچن." کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە لاوازبوونی پێکهاتەی دەوڵەتە ناوەندییەکان دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گەلی کورد، و دەڵێت ئەمەش تەنها لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی دیموکراتییەوە پێکدێت. کەریمی لە درێژەدا دەڵێت: "هەرەسهێنانی پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوە... ئەمە بێگومان بۆ گەلی کورد دەرفەتێکە. بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکە بەرەو دیموکراسی نەچێت... ئەمە بە دڵنیاییەوە بۆ گەلی کورد مەترسییە." ئێران وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە کەریمی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایدەگەیەنێت کە بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، ستراتیژێکی بە ئەنقەستە و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە، هەموو ڕێگاکانی گەیاندنی بڕی. بۆچی؟ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسان مرۆڤەکان کۆمەڵکوژ بکات." کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری هەیە کۆمەڵکوژییەکی گەورە ڕوویدابێت و وتی: "ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە و نازانرێت لە ناوەوە چی ڕوودەدات." کەریمی دەڵێت ئەو ئامرازانەی شەرعییەت وەک ئایین و ناسیۆنالیزم کە پێشتر ڕژێم پشتی پێ دەبەستن، کۆتاییان هاتووە و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سەردەمی دوای ڕژێم دەربڕی. ئەمیر کەریمی دواتر وتی: "ئێمە ئەزموونی ساڵی ١٩٧٩مان هەیە. شا ڕۆیشت، هەمووان دڵخۆش بوون. بەڵام دواتر دیکتاتۆرییەتێکی مەترسیدارتر هات. ڕەنگە ئەمجارەش هەمان شت ڕووبداتەوە." یەکێتیی کوردان کەریمی ڕایگەیاند کە ئەو چوارچێوە سیاسییە هاوبەشەی لایەنە کوردییەکان لە ئێران دیارییان کردووە، بەهۆی پێویستییەوە هاتووەتە کایەوە. کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمجارە ڕێگەیەکی جیاوازیان تاقی کردووەتەوە و وتی: "زەمینەیەکی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنمان دروست کرد." کەریمی ئاشکرای کرد کە پێویستە لە سیاسەتی کوردیدا دەست لە کێبڕکێی هەژموونخوازی هەڵبگیرێت و نابێت هیچ هێزێک خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت، و وتی: "کورد خاوەنی ئەو هێزەیە کە کێشەکانی خۆی بخاتە ڕۆژەڤ و چارەسەریان بکات." ئێمە هێزێکی ڕێکخستنی سیاسیین کەریمی وتی کە پەژاک لە زۆرێک لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا چالاکە. لە بەرامبەر ئەو تێڕوانینەی کە پەژاک تەنها وەک ڕێکخراوێکی چەکداری دەبینێت ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی: "زیاتر لە هێزێکی چەکداری، ئێمە خۆمان وەک هێزێکی ڕێکخستنی سیاسی دەبینین. خەباتی چەکداری بۆ ئێمە ڕێگەی چارەسەری نییە؛ ئامرازێکی خۆپاراستنە. کۆمەڵگە مافێکی شەرعیی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات." ڕێگەی سێیەم کەریمی ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەکتەرە نێونەتەوەییەکان و ئەمریکا لە پەیوەندیدان، بەڵام چارەسەرێک لەسەر بنەمای دەستوەردانی دەرەکی قبوڵ ناکەن. کەریمی وتی: "ئێمە دژی دیکتاتۆریی دەوڵەتین. بەڵام باوەڕمان بەوە نییە کە هێزێکی دەرەکی بێت و ڕزگارمان بکات." مەترسیی پەهلەوی کەریمی ڕایگەیاند کە هیچ هاوکارییەکی ئاشکرا لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەڵام مەترسیی دروستبوونی ڕژێمێکی دیکتاتۆری نوێ لە ڕێگەی ڕەزا پەهلەوییەوە هەیە. کەریمی وتی: "گەل دیکتاتۆرییەکی نوێی ناوێت." کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی پەژاک جیابوونەوە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێرانێکی دیموکراتیک و ناناوەندییە و وتی: "بەرنامەیەکیان هەیە بە ناوی کۆماری دیموکراتیکی ئێران." کەریمی وتی ئەوان سیستەمێک لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی گەل پەسەند دەکەن. لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە قەیرانی ئێران تەنها بە ڕژێمی ئێستاوە سنووردار نییە، بەڵکو ئەنجامی بنبەستبوونی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندیی سەد ساڵەیە، و گەورەترین مەترسی ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەکی نوێ. کەریمی ڕایگەیاند کە تەنها گەرەنتی لە دژی ئەمە، دیموکراسی، یەکێتیی کورد و ڕێکخستنی سیاسییە لەسەر بنەمای کۆمەڵگە.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕاگەیاند، ئەوەی لە شێخ مەقسود ڕوویدا زوڵمێکی ئاشكرای دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بوو.، وتیشی، حكومەتی نوێی دیمەشق بە هاوكاری وڵاتێكی ئیقلیمی هێرشەكانی ئەنجامدەدا. ئاڵدار خەلیل بە ئاڤای وت، كوردی حەلەب دانیشتووی ڕەسەنی سووریان، لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو، دۆخی ئەو دوو گەڕەكە بەمجۆرە ناهەموار نەبوو كە بگاتە ئاستی بەكارهێنانی چەكی قورس، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەو دەستدرێژییەی دەسەڵاتدارانی سووریا بكرێت. لەبارەی مافەکانی کورد لە سووریای نوێ، ئاڵدار پێیوایە مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و پێویستە گەرەنتییەك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێ، گرنگە هێزێكی نێودەوڵەتی وەك لایەنی سێیەم بێتە نێو ڕێككەوتنەكانی كورد و دیمەشق، ئەمریكا و ئیسرائیل چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد. ئاڵدار خەلیل ئەمانەشی وت: ٠ ئەو هێرشانەی ڕوویدا چوار مانگ پێش ئێستا پلانی بۆ داڕێژرابوو. ٠ سەرەڕای هەبوونی ڕێككەوتن بۆ دانووستان، هێرشكرایە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. ٠ لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو. ٠ مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و هیچ مسۆگەرییەك بۆ كورد نییە. ٠ پێویستە زەمانەتێك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا. ٠ ئیسرائیل و ئەمریكا چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد. ٠ ڕۆڵی ئەمریكا لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كورد و دیمەشق سەرەكییە. ٠ پێویستە ئاسایشی گەڕەكە كوردییەكان بە هاوبەشی بپارێزرێت. ٠ پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەكان خێرا نێوەندگیری بكەن. ٠ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە قبووڵكراو نییە. ٠ سووریا بە زۆرداری و تاڵانكردن و سڕینەوە بەڕێوەناچێت. ٠ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەدەستی خۆیان ئایندەی سووریا لەناودەبەن.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژییەی سوپای عەرەبیی سووریا لە هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب بەرامبەر کورد کردوویەتی، زۆر لەوە زیاترن کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە؛ بە جۆرێک هاوتای ئەو کۆمەڵکوژییانەش نییە کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریادا کراون. ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاڤای ڕاگەیاند: "سڵاو دەگەیەنم بە سوورەیا حوسێن و پێی دەڵێم خوا سەرکەوتووی بکات بەرامبەر ئەوەی ئەنجامی دا؛ بەڵام میوانەکەی موسا عومەر کەسێکی قین لە دڵە بەرامبەر کورد و کێشەکەی تەنیا پەیوەست نییە بە هەسەدەوە؛ قسەکانیشی ڕاست نین کە دەڵێت کوردم خۆش دەوێت و دەمەوێت لە قامیشلۆ چاوم پێیان بکەوێت." وتیشی: "ئەو تاوان و کوشتوبڕەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەرامبەر کورد کراوە، تا ئێستا ئەوەی بینراوە لەچاو ئەوەی کراوە هیچ نییە؛ بەتایبەتی ئەوەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا کراوە، زۆر لەو کوشتوبڕە زیاترە کە لە ناوچەکانی دیکەدا کراوە.. موسا عومەر سەرڕمی هاندانە دژی کورد."
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دۆخی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەڵێت، دەمانەوێت ئاشتی لە حەلەب ببینین و شەڕ کۆتایی بێت، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کورد و حکومەتی سوریا هەیە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبەشێکى دیکەى كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیەکەیدا وتى: لە ڤەنزوێلا شەقامێكیان بەناوی ترەمپەوە ناوناوە، بۆیە دەمەوێت لە ئێرانیش ئەمە ببینین. سەبارەت بە ئێرانیش وتى- ئەمە دوو جارە بە سەركردەكانی ئێران دەڵێم، دەست بە تەقە نەكەن بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، ئەگەر ئێوە دەستپێبكەن، ئێمەش دەست بەتەقە دەكەین.
