ئەردۆغان: هەسەدە دەبێت یەکگرتنەکەیان لەگەڵ سوریا تەواو بکەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک کۆمارى تورکیا، ڕایدەگەیەنێت ئێمە هەڵوێستێکی ڕوونمان هەیە لەسەر بارودۆخى سوریاو هەرگیز ڕێگە نادەین ئەو وڵاتە پشێوى و ناسەقامگیری تێداهەبێت، تورکیا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی سوریا دەکات
دوای سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان، لە فڕۆکەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێستای دایەوە.
لەبەشێکى قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، لە سەردانەکەماندا بۆ ئەمریکا و هەم لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنیماندا بۆ بەڕێز ترەمپمان ڕوونکردەوە کە چۆن دەتوانرێت چارەسەرێک لە فەلەستین بەدەستبهێنرێت. بە تایبەتی داوای کرد کە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کۆببینەوە و ڕازییان بکەین لەسەر ئەم بابەتە. بە خێرایی پەیوەندیمان بە هاوتاکانمانەوە کرد لەسەر ئەم بابەتە. پێم گوت ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاشتیی بەڕێز ترەمپ دەکەین. هەروەها ئەمەمان بە ئاشکرا ڕاگەیاند. حەماس، لە وەڵامەکەیدا، پێی ڕاگەیاندین کە ئەوە وایە". ئامادەیە بۆ ئاشتی و دانوستان”.
سەبارەت بە بارودۆخى سوریاو گرژى و ئاڵۆزیەکانى چەند ڕۆژى ڕابروو هێزەکانى هەسەدە، ئەردۆغان وتى: تورکیا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی سوریا دەکات، هەرگیز نابێت هەڵوێستی سەبر و عەقڵانیمان وەک نیشانەی ناتەواوی هەست پێبکرێت، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت پابەندی بەڵێنەکانیان بن. دەبێت یەکگرتنی خۆیان لەگەڵ سوریا تەواو بکەن.
هەروەها سەرۆکى تورکیا ئەوەشى باسکرد ، تورکیا بەردەوام دەبێت لە وەستانەوە لەگەڵ گەلی سوریاو ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و ئیدارەکەی بۆچوونەکانیان لەگەڵ ئێمەوەک یەکەو هاوبەشین.
ئەردۆغان وتیشى: باوەڕم وایە کێشەی هەسەدەو حکومەتى سوریا بەزوویی چارەسەر دەبێت، پێشتریش ئەوەم وتوە ئەوانەی سەرنج و ئاراستەیان لە ئەنقەرە و دیمەشقە سەردەکەون، هاوپەیمانی تورکیا و کورد و عەرەب کلیلی ئاشتی و ئارامی هەمیشەیی ناوچەکەیە.

