فایلە قێزەون و ترسناکەکانی جێفری ئیپیستین لەبارەی ترەمپەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بۆچی ترەمپ نکوڵیان لێدەکات؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی
لەم چەند رۆژەدا باس باسی دوورگەکەی جێفری ئیپیستینە، کە بە دوورگەی "شەیتان"، "تاوان" یان دوورگەی "منداڵبازی" ناسراوە و تێیدا چەندین کاری قیزەون و نائەخلاقی ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوەی جێی گومانە پەیوەندیی بەهێزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، بە ئیپیستینەوە. 

ترەمپ خۆی حاشای لێدەکات و دەڵێت: "نە چوومەتە دوورگەکە، نە بە فڕۆکە تایبەتەکانی ئیپیستین گەشتم کردووە"، بەڵام فایلە نوێکان کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە چیرۆکێکی دیکە باس دەکەن. 

هەرچەندە تا ئێستا فایلەکان نەبوونەتە هۆی ئەوەی ترەمپ تۆمەتبار بکرێت، بەڵام چەندین ئاماژەی ترسناکیان تێدایە.
ترەمپ لە 1985 بۆ یەکەمجار چاوی بە ئیپیستین دەکەوێت کاتێک کۆشکەکەی مارەلاگۆ لە فلۆریدا دەکرێت و ئەوکاتیش ئیپیستین لە پام بیچی فلۆریدا ژیاوە.

ترەمپ خۆی لە 2002 دانی بەوەدا ناوە ماوەی 15 ساڵە ئیپیستین  دەناسێت و بە پیاوێکی "ناوازە" وەسفی کردووە. ترەمپ ئەو کاتە گوتووشیەتی: دەوترێت ئیپیستین وەک من حەزی لە ئافرەتی گەنجە، زۆربەی ئەوانەشی حەزی لێیانە زۆر گەنجن.

لە 1989 ترەمپ و ئیپیستین لەگەڵ کچانی گەنج چوونەتە گازینۆی ترەمپ لە شاری ئەتلەنتا و یەکێکیان تەمەنی خوار تەمەنی یاسایی بووە. سەرۆکی ئەوکاتی گازینۆکە گوتوویەتی: ترەمپ پێی گوتم، جێفری حەزی لە کچانی گەنجە. 

ترەمپ چەندین جار خۆی لە هاوڕێیەتی ئیپیستین بێبەری کردووە، بەڵام لە 1992 وێنەیان هەیە پێکەوە کە لە ئاهەنگێکی مارەلاگۆ پێکەوە بینراون و پێکەوە پێدەکەنن. هەر لە هەمان ساڵ، ئیپیستین بەشداری لە ئاهەنگێکی ترەمپدا لە هۆتێل پلازا کردووە.

لە 1993 لە ئاهەنگێکی دیکە لە مارەلاگۆ؛ ترەمپ بانگێشتی ئیپیستین و بازرگانێکی بەناوی جۆرج هۆرانی کردووە و کچە هاوڕێکەی هۆرانی بەناوی جیل هارس گوتوویەتی: ترەمپ بەزۆر ماچی کردووە و دەستی لێداوە، نەشیهێشتووە ژووری نووستن بەجێبهێڵێت. هارس باسی لەوەش کردووە، ترەمپ لە ئاهەنگەکەدا لەگەڵ کچێکی 22 ساڵان خۆی خزاندووەتە نێو پێخەفی نووستنەوە. 

ترەمپ خۆی دەڵێت، هەرگیز سواری فڕۆکە تایبەتەکانی ئیپیستین نەبووە، بەڵام بەپێی تۆماری هاتوچۆی فڕۆکەکە، ترەمپ لە 1993 چوار جار، لە 1994 یەک جار و لە 1997 چەند جارێک گەشتی بە فرۆکە تایبەتەکانی ئیپیستین کردووە.

ستەیسی ویلیامز، کە مۆدێلێکی ئەمریکییە، تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ ترەمپ کە کاتێک ئیپیستین ئەمی بردووە بۆ تاوەری ترەمپ، ترەمپ دەستی بۆ بردووە. ئەم ڕووداوە لە 1993 ڕوویداوە، بەڵام لە 2024 کەمپینی سەرۆکایەتی ترەمپ تۆمەتەکانی بە ناڕاست ناوزەد کرد.

لە 1994، ئیپیستین کچێکی 14 ساڵانی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ماڵەکەی ترەمپ لە مارەلاگۆ، دواتر ئەو کچە تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ ترەمپ کە ئیپستین پرسیاری لە ترەمپ کردووە و گوتوویەتی: ئەمەیان باشە، وانییە؟ 

ترەمپیش لە وەڵامدا سەری لەقاندووە و پێکەنیوە. 
چەند دەستنووسێک کە لەلایەن هاریکارێکی ئیپستینەوە پارێزراون، باسی ئەوەیان تێدایە کە ترەمپ لە 1994 لە ژیانی ئیپستیندا کەسێکی زۆر بینراو بووە. لە ساڵی نەوەدەکاندا نێوانیان زۆر خۆش بووە و ئەو دووانە لانیکەم سێ جار لە هەفتەیەکدا قسەیان پێکەوە کردووە.

لە 1995 ئیپستین پەیوەندی بە کچێکەوە کردووە بەناوی ماریا فاڕمەر؛ کە بێت بۆ ئۆفیسەکەی لە نیویۆرک لە کاتی درەنگانی شەودا. دواتر ترەمپیش هاتووە و چووەتە نزیکی فاڕمەر کە ئەوکات لە 20ـتەکانی تەمەنیدا بووە. ترەمپ چاوی بڕیوەتە قاچە ڕووتەکانی فاڕمەر، بەڵام ئیپیستین پێی گوتووە: نا، نا، ئەمە بۆ تۆ نییە.

یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی ئیپستین بەناوی ڤێرجینیا گیوفری کە لە کۆشکەکەی ترەمپ لە ساڵی 2000 کاری کردووە لەلایەن گیلەین ماکسوێل، هاوکارەکەی ئیپستینەوە، ڕازیکراوە کە وەک مەساجکەری تایبەتی ئیپستین کار بکات، دواتر هەردووکیان داوایان لێکردووە خزمەتگوزاریی سێکسیی بە کەسە دەوڵەمەندەکانی دەوروبەری ئیپیستین پێشکەش بکات.

لە 2001 ئیپستین "بێزار بووە" لە ترەمپ، ئیپستین بە یەکێک لە کارمەندەکانی گوتووە، ترەمپ "پارەی پێنییە و داوا دەکات بە فڕۆکەکانم گەشت بکات."
لە 2003 ترەمپ کارتێکی یادی لەدایکبوونی بە ئیپستین داوە کە لێی نوسراوە، "هیوام وایە هەموو رۆژێکت نهێنییەکی سەرسوڕهێنەر بێت."

لە ساڵی 2004ـەوە ترەمپ و ئیپستین ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان لەسەر کڕینی کۆشکێک لە پام بیچی فلۆریدا. دواتر لە 2007 ترەمپ سەردانی ئیپستین بۆ مارەلاگۆ قەدەغە دەکات و ترەمپ بە کەسێکی گوتووە، "ئیپستین سپاکەی مارەلاگۆ بۆ ڕازیکردنی کچان بەکاردەهێنێت."

لە 2017 کاسی ڕوملەر، ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی لە سەردەمی ئۆبامادا، بە ئیپستینی گوتووە، "ترەمپ زۆر قێزەونە"؛ ئیپستینیش وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: ترەمپ هەم لە ژیانی ڕاستەقینە و هەم لە نزیکەوە خراپترە.

لە ساڵی 2019 ئیپستین بە ڕۆژنامەنووسێکی گوتووە، "بەدڵناییەوە ترەمپ لەبارەی کچەکانەوە زانیویەتی و بە گیلەینی گوتووە کارەکە ڕابگرێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە ترەمپ ئاگای لە دوورگەکە و پرۆسە قێزەونەکان بووە.

ترەمپ ئەم بەڵگانە، کە هەندێکیان هێشتا پشتڕاستنەکراونەتەوە، بەتەواوی ڕەتدەکاتەوە و بە "فێڵێک" بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی ناویان دەبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار