نەخشەی نوێی سوریا چۆنە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیسرائیل چەند ناوچەی سوریای بەدەستەوەیە و سوریا چۆن ڕازیبووە؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی

تەنها لە ماوەی 25 ڕۆژدا نەخشەی سوریا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، لە لایەک بەشێکی زۆری خاکەکەی بۆ ئیسرائیل لەدەستداوە و لە لایەکی دیکەش خاکێکی زۆری ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی کۆنترۆڵ کردووە.

لە دوای رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لەنێوان سوریا و ئیسرائیل لە پاریس، هەمووشتێک گۆڕا. هەر دوای ئەو رێککەوتنە بڕیاری هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر درا، بەڵام لە هەمان ڕێککەوتندا بەشێکی زۆری خاکی سوریا درا بە ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بەرپرسانی دیمەشق ناڕازیی بن لەسەری. 

لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای لە پارێزگای قونەیتەرە و دەرعای داگیرکرد و چیای جەبەل شێخیش کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە، بە دەستی ئیسرائیلەوەیە، ئەمە جگە لە پارێزگای سوەیدا کە بەدەست دروزەکانەوەیە و هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیلن. ئیسرائیل 59 ساڵیشە 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، سوریا تەنها لەبارەی جەبەل شێخ ناکۆکی هەیە و دەیەوێت سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیە بکشێتەوە و بۆ ناوچەکانی دیکە سازشی کردووە، بەڵام ئیسرائیل ئەو چیایەی بە هیڵی سوور داناوە و بە بەرپرسانی ئەمریکای گوتووە، لەوێ ناکشێنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها ماوەی مانگێکی داناوە بۆ ئەوەی هەردوولا ڕێکبکەون و رێککەوتنەکەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن.

لە بەرامبەردا حکومەتی سوریا، لە شەشی مانگەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەستپێکرد و لەو ماوەیەدا دەستی گرت بەسەر دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب؛ پارێزگای دێرەزوور، رەققە و شارۆچکەی تەبقا. لە ئێستادا 80%ـی ئەو خاکەی 25 رۆژ لەمەوبەر بەدەست هەسەدەوە بوو، ئێستا حکومەتی سوریای تێدا جێگیرە، ئەمەش بە یارمەتی هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە بوو کە لە هەسەدە هەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ چەکدارانی دیمەشق. 

سەرەڕای ئەو هەموو پیشێلکارییەی بەرامبەر کورد و شەڕڤانانیان کرد، کە زۆربەی رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان بە تاوانی جەنگی ناودەبەن، چەکدارانی دیمەشق نەیانتوانی تەنها یەک بستی خاکی رۆژاڤا داگیربکەن و تەنانەت گوندێکی کوردیش نەکەوتووەتە دەستیان. 

لە بەرامبەردا، میدیای ئیسرائیل دەڵێت، کە جگە لە بێدەنگی دیمەشق لەسەر ئەو ناوچانەی ئیسرائیل لە رۆژئاوای وڵاتەکەی داگیریکردوون، ڕازیشبووە بەوەی تا کۆتایی ساڵ باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە و بچێتە نێو رێککەوتنامەی ئیبراهیمییەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. 

میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو ئەمانە بە فشاری ترەمپ لەسەر ئەحمەد شەرعە و دەیەوێت بەزووترین کات رێککەوتنەکە رابگەینرێت. بە چوونی سوریا بۆ نێو رێیکەوتننامەی ئیبراهیمی، وڵاتەکە دەبێتە پێنجەم وڵاتی عەرەبی دوای ئیمارات، مەغریب، بەحرەین و سودان کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە لەکاتێکدا بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە چەندین جار هەسەدەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئیسرائیل ناهێڵێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سوریا ببێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار