تەنها مانگێک دانراوە بۆ سوریا و ئیسرائیل

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد شەرع ملی بۆ زۆربەی داواکارییەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ داوە

ئامادەکردنی هاوڵاتی 

لە کاتێکدا هێرشی چڕ دەکاتە سەر رۆژاڤا و چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەری کۆنترۆڵکردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، خەریکە بە تەواوی مل بۆ داواکارییەکانی ئیسرائیل دەدات. ئەحمەد شەرع، بە پشتیوانی ئەمریکا و بەتایبەتی تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا، لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی خەریکی جەنگە دژی کورد، بەڵام لە رۆژئاوای وڵاتەکەی چیرۆکێکی دیکە هەیە و بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ئیسرائیلی جێبەجێکردووە. 

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "میدڵ ئیست ئای"ـی بەریتانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها مانگێکی داناوە بۆ دیمەشق و تەلئەبیب تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و لێکتێگەیشتنی 6ـی مانگ، کە لە پاریس واژۆکرا، جێبەجێ بکەن، بەمزووانەش رێککەوتنەکە ڕادەگەیەنرێت. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ترەمپ فشاری لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع کردووە تاوەکو سەرەتای مانگی سێ کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنن. 

ڕێککەوتنەکە چۆنە؟ 

سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ میدڵ ئیست ئای کردووە، دەڵێت، هەردوولا لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتوون و تەنها لەسەر چیای جەبەل شێخ ناکۆکن کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە و ئیسرائیل لەدوای ڕووخانی ئەسەد داگیری کردووە. 

بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەیە، بە میدڵ ئیس ئای گوتووە، ئیسرائیلییەکان ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە هەرگیز سازش لەسەر جەبەل شێخ ناکەن و بە "هێڵی سووری" دەزانن. ئەو بەرپرسە پێیوایە، ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بابەتە هەرگیز لە ماوەی مانگێکدا ناگۆڕێت کە ترەمپ دیاریکردووە. 

ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل دەزانێت ئیستا بەرپرسانی ئەمریکا بوونەتە دوو بەش لەسەر بابەتی کوردانی سوریا و وا لە جەبەل شێخ دەڕوانێت کە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانییە، بەپێچەوانەی رۆژاڤاوە. 

ئەو بەپرسە دەشڵێت، "ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا و سیناتۆری کۆمارییەکان دژی هێرشی سوریان بۆ سەر کوردەکان، بەڵام تۆم باراک و دۆستەکانی پشتگیری" لە هێرشەکەی ئەحمەد شەرع دەکەن، بۆیە ڕۆژاڤا لای ئیسرائیل هێڵی سوور نییە وەک جەبەل شێخ.

لەبارەی دروزەکانەوە، ئەو بەرپرسە دەڵێت، بەپێی ڕێککەوتنەکەی دیمەشق و تەلئەبیب، حکومەتی سوریا ڕازیبووە بەوەی لە ڕووی سەربازییەوە نەچێتە نێو سوەیدا، بەڵام بە پشتگیری ئیسرائیل دانوستان دەستپێدەکات بۆ ئەوەی سوەیداش تێکەڵی حکومەتی سوریا بکرێت، هەروەک ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کراون بۆ تێکەڵبوون بە سوپا.
ئیسرائیل ئێستا کوێی سوریای بەدەستەوەیە؟ 

لەدوای ڕووخانی ئەسەد لە کۆتایی 2024، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای داگیرکرد، ئەمە جگە لەو هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیەی بەرزاییەکانی جۆلان کە لە ساڵی 1967ـەوە دەستی بەسەرداگرتووە. ئێستا ئیسرائیل بنکەی سەربازیی لە پارێزگای دەرعە و قونەیتەرەی سوریا هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە سوەیدا بەدەست دروزەکانەوەیە کە ئەمیش وەک پێگەی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت. بەپێی رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لە پاریس، هەردوولا ڕێککەوتن میکانیزمێکی هاوبەش دابمەزرێنن بۆ دروستکردنی شانەیەکی پەیوەندی تا بتوانن زانیاریی سەربازیی و هەواڵگری ئاڵوگۆڕ بکەن. 

لە ڕێککەوتنەکەدا حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع ڕازی بوو بەوەی نووسینگەیەکی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە بەبێ ئەوەی سیفەتی دیبلۆماسی پێ بدرێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی، "گفتوگۆی گەشبینانە هەیە لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ئیسرائیل باڵیۆزخانەیەک لە دیمەشق بکاتەوە." 

ڕاپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە باس لەوە دەکات، سوریا جگە لەوەی ملی بۆ ئەو داواکارییانە داوە، بەوەش ڕازی بووە بچێتە ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە و ماوەی 25 ساڵیش بەرزاییەکانی جۆلان بداتە ئیسرائیل، ئەمانەش هەمووی لەژێر فشاری ئەمریکایە و داوای لێکردوون جارێکی دیکە بەزوویی لە پاریس کۆببنەوە بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار