ڕەقسی سەهۆڵەكە!
3 كاتژمێر لەمەوپێش
حسێن عەلی شەریف
بەر لە پشێوییەكانی شام، ئەو وڵاتە یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە زۆرینەی دەوڵەمەندە عەرەبەكانی كەنداو ڕویان تێدەكرد بۆ كڕینی جەستەی كچی منداڵ! كچی پاكیزەش زیاتر داوای لەسەر بوو، بێگومان لە مەغریب و دوبەی هەتا ئەمڕۆش ئەم دیاردەیە زۆر باوە و كەس ناتوانێت نكوڵی لێبكات.
چی لەوە ئابڕوبەرانە ترە كە پیاوێك لە پێناو بڕێك پارەدا كچەكەی خۆی بخاتە دۆخێكی ئاواوە، چی لەوە بێڕەوشتی ترە كە پیاوانێك دانیشتوانی جێگایەكی پیرۆزی وەك سعودیە بن كە بەدوای لاشەی كچی مناڵی دەست لێنەدراودا بگەڕێن.
كورد بەپێچەوانەی كچفرۆشەكان، كچی والێكرد كە فێری جەنگ ببێت لە پێناو پاراستنی شەرەف و كەرامەتی خۆیدا، تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بگەڕێیت لە كچ و ژنی كورد بەشەرەفتری تیا نادۆزیتەوە.
بەر لە ماوەیەك كچێكی منداڵ لە شاری بەسرە كە لەگەڵ باوكیشیدا بوو، كەوتە بەر دەستدرێژی سەدان پیاو، بەڵام بەدرێژایی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوو كە كچ و ژنی كورد بە تێكەڵی شان بەشانی پیاو، خۆنیشاندان ئەكات، یەك دیاردەی دەستدرێژی، چ بە جەستە چ بەقسە ڕوینەداوە !
هۆكارەكەش عەقڵیەتی بۆماوەیی كوردە بەرانبەر ژن، ئەو عەقڵیەتەیە كە پیاو ژنی بە شەریك و هاوڕێی كاروان زانیوە و ڕێزی لێگرتوە، پێچەوانەی ئەو عەقڵیەتەی كە پێیوایە ژن بۆ ماڵەوە كراوە و هەر كە ژنێك لە دەرەوە بینرا ئەبێت پەلاماری بدرێت.
لە هیچ گوندێكی ئێمەدا ماڵەكان شوێنی خۆشتنیان نەبوە، ژن و كچی كورد لە ڕوبار و كانیەكان خۆی شتوە و هیچ پیاوێكیش لەو شوێنانە نزیك نەبوەتەوە. ژن و كچی كورد دەیان كێلۆمەتریان بە پێ بڕیوە و بەناو پێدەشت و زەل و ڕەزدا نانیان گەیاندۆتە سەرخەرمان و شان بەشانی پیاو درۆینە و دەسكەنەی نۆكیان كردوە و هەستیان بە مەترسی نەكردوە، لەكاتێكدا بە وتەی سەرچاوە مێژوییەكانی خۆیان لە نیمچەدورگەی عەرەبیدا گێچەڵیان بەتەواوی ئەو ژنانە كردوە كە چونەتە بیابان بۆ پێداویستی!
ئەوە ئێوەی نامۆ بە كوردن كە پێتان وایە لە نێوان هەر ژن و پیاوێكدا شەیتانێك هەیە. شەیتان لە ناو عەقڵی ئێوەدایە نەك لە نێوان پیاوی پاك و لە خواترس و داوێن پاك و ژنی ئازا و سەلار!
