بانگەوازێک بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



حەسیب ڕۆژبەیانی

ئێستا لەم کاتەدا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەدایە و زلهێزەکان و چەند لایەنێ کە خۆیان بە دۆستی کورد دەزانی پشتیان لە کورد کردووە و هەر چوار وڵاتی داگیرکەریش یەکیان گرتووە بۆ لێدان ونەمانی کورد،  و هەنووکە پەلاماریکی دڕندانە هەیە لە چەند لایەنێکەوە لە سەر خوشک و براکانمان لە رۆژئاڤا و هەوڵی قڕکردنیان دەدرێ و هەروەها کۆبانێی خۆڕاگر گەمارۆدراوە لە هەر چوار لاوە و دەبێ رێگای تایبەت بدۆزرێتەوە بۆ شکاندنی ئەو ئابلۆقەیە. 

بەڵام ئەوەی دڵخۆشکەرە و شانازی پێوەدەکرێ ویستێکی گەورە و مەزن هەیە و بە جۆشوخرۆشێکی زۆر بەرزەوە لە لایەن کوردانی پارچەکانی تری کوردستان بۆ پاڵپشتی و هاریکریکردنی رۆژئاڤا. ئەمڕۆ رۆژی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی هەر چوار پارچەی کوردستانە لە هەموو بوارێکەوە. بە تایبەتی کوردستانی باکوور کە خاڵی وەرچەرخانی دواڕۆژی کوردە و زۆر پێویستە ئامادەباشی و بە رێکخستنێکی زۆر توکمە بە چەند سەد هەزارێک سنووری نێوان تورکیا و سووریا بشکێنن و بەرەو فریاکەوتنی رۆژئاڤا بڕۆن. 

لەو باوەڕەدام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێکی مەزن لە هاوکێشەکە و لە هەمان کاتدا لە کوردستانی باشووریش هەوڵ بدرێ بە گروپی گەورە و بە رێکخستنێکی توکمەوە بەرەو رۆژاوا هەنگاوبنێن بۆ بەشداری و پاڵپشتیکردنی رۆژئاڤا. داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەم بە هەموو هێز و تواناکانی مادی و مەعنەوی پاڵپشتی رۆژاوا بکات و لە هەر کۆبوونەوەیەک کە بەشداردەبێت پەیوەند بە رۆژاڤا پاڵپشتی خۆی راگەیەنێ دژ بە پەلاماردانی خەڵکی رۆژئاڤا. 

خاڵێکی گرنگی تری سیناریۆکان ئەوەیە کە رەنگە هاوکێشەکە بە لایەکدا بشکێتەوە کە پەلاماری هەرێمی کوردستانیش بدرێ، بۆیە زۆر گرنگ و پێوستە حکومەتی هەرێم هەوڵ و کوششی بەگەڕ بخات بۆ خۆرێکخستنەوە و ئامادەباشی لە هەموو روویەکەوە، چی سەربازی و چی بەرگری میللی و چی دابینکردنی خۆراکی یەدەگ بۆ هەر روداوێکی نەخوازراو و پەلامارێکی لە ناکاو و لە هەمان کاتدا دەستپێشخەریەکی کوتوپڕ بکات بۆ یەک هەڵوێستی ماڵی کورد لە هەرێمدا و هەوڵیش بدات بۆ رابەرایەتی رێکخستن و هەماهەنگی بۆ چۆنێتی پاڵپشتیکردنی رۆژئاڤا. 

ئومێدەوارم رێکخراوی خێرخوازی بارزانی بە هەموو توانای خۆی بەردەوام بێت لە گەیاندنی هاوکاری و یارمەتی بۆ رۆژئاڤا و بەڕاستی تا ئێستا درێغی نەکردووە و رۆڵێکی مێژوویی بینیوە و هیوادارم کە هانی رێکخراوی تری خێرخواز بدات بۆ گەیاندنی هاریکاری لە هەموو پێداویستیەکاندا. هەروەها بەراستی کوردی وڵاتانی دەرەوە رۆڵێکی گەورەیان بینیوە بە رێگای جۆراوجۆر و دڵنیام کە هەنگاوی کاریگەرتر بنوێنن بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا. ئەمڕۆ رۆژی یەکگرتن و یەک هەڵوێستیە و داواکارین کە بەرێز کاک مەسعود بارزانی رۆڵی مێژوویی خۆی ببینێ بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ بڕیاری کۆتایی بەرەو یەکریزی لە هەموو روویەک و بوارێکەوە، هەروەها کاک مەسعود بارزانی دەتوانێ رۆڵێکی تری هەرە مەزنتر ببینێ ئەویش داواکاری لە سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان بکات کە داوابکرێ کە رۆژاوای کوردستان ببێتە ناوچەیەکی ئارام و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتیەکان بیپارێزن هاوشێوەی ساڵی ١٩٩١ ی باشووری کوردستان، بۆیە لە هەمان کاتیشدا زۆر گرنگە و لەم ئانوساتەدا ئەم داواکاریە ببێتە داواکاری هەر چوار پارچەی کوردستان و کوردانی دیاسپۆراش.     

لە کۆتایشدا دەلێم ئێمە دەبێ خۆمان رووداوی تۆقێنەر دروست بکەین و چاوەروانی رووداو نەکەین بە جۆرێک شۆک درووست بکەین کە وڵاتان و میللەتانی تر سەرسام بن.. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار