هەزار ڕێگا و یەک چارەنووس
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕەزا مەنوچێهری
لایەنە کوردستانییەکان لە هەر چوار بەشی کوردستاندا، زیاتر لە 100 ساڵە بە دروشم و گوتاری جۆارجۆرەوە هەوڵ دەدەن بەشێک لە مافەکانی کورد بەدەست بهێنێن. هەر یەک لە لایەنەکان بەگوێرەی بارودۆخی کات و شوێن، دروشمی ئۆتۆنۆمی، حکومی زاتی، مافی چارەی خۆنووسی، فیدراڵی، سەربەخۆیی، خۆبەڕێوەبەری، کانتۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتییان بەرزکردووەتەوە.
دوژمن هیچ کات جیاوازیی لەوەدا نەکردووە، کە هاوڵاتییەکی کورد هەڵگری کام یەک لەو دروشمانەیە، ئەوان تۆ بە جودایخوازو ئینفساڵی، موخەریب، تیرۆریست، دژە شۆڕش، کافر، بە کرێگیراوی وڵاتان و داردەستی وڵاتانی بێگانە پێناسە دەکەن و بەبێ جیاوازی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن، کە بە بیر و بۆچوونە جیاوازەکانەوە داوای مافی کوردیان کردووە و جیاوازییان لەنێوان هیچ یەک لەو رێگا و دروشمانەدا نەکردووە، کە هێز و لایەنە کوردستانییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد بەرزیان کردوونەتەوە و گرتویانەتە بەر.
ئەوان ئامادە نین دان بە ناوچەی ئۆتۆنۆم، ناوچەی فیدراڵی، هەرێم، یەکەیەکی سیاسی، کیانێکی سیاسی و خۆبەڕێوەبەریدا بنێن. ئەوان کوردی رێکخراویش لە چوارچێوەی هێزی سەربازی، یان ئابووری، یان بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان و خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی، مافی یەکسان، بەرابەریی چینایەتی و برایەتیی گەلان قبوڵ ناکەن و هیچ یەک لەو دروشمانە نەبوونەتە هۆی پارێزراویی کورد.
سیاسەت هەزار رێگا و دەرگای هەیە، کوردیش بە جوگرافیا و دانیشتوانێکی زۆرەوە بە جیاوازیی بۆچوونەکانیانەوە، هەر یەکەو لە دیدی خۆییەوە رێگایەک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد بۆ خۆی بە باش دەزانێت، کە دۆخی خۆجێی، ناوچەیی و جیهانی و قەبارەی سەرکوت و نکۆڵیکردن لە کورد و توندوتیژیی دەوڵەتەکان و ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و سیاسی ڕۆڵیان لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی ئەو دروشمانەدا هەیە و هەر یەک لە لایەنەکان لە گۆشەیەکەوە کار بۆ ئامانجەکانیان دەکەن، کە هەر یەکەیان بەشێک لە ڕاستییەکانیان لەلایە نەک هەموو ڕاستییەکان.
