ئەگەر قەرارە کورد لە ناوبەرن با هەموومان لە ناوبەرن!
2 كاتژمێر لەمەوپێش
نما ناوپردانی
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمەریکاییەکان و ڕۆژئاوای دوو ڕوو. مەجبورن سەریان شۆڕبکەن و بەخۆیاندا بچنەوە، پێیان وانەبێت کورد هەر ئەو کوردەی سەردەمی شەڕی چاڵدێرانە! بەکاری بێنن و خۆیان بە کورد لە داگیرکاری ڕزگار بکەن و دوایش ببن بە مارێک و لە ئەستۆمان بئاڵێن.
ئەگەر قەرارە کورد لە ناوبەرن با هەموومان لە ناوبەرن! ئەگەر قەرارە سەرکەوین با ئاوا یەکگرتوو بین، چونکە هێز نییە میللەتێکی شەست ملیۆنی لەناوبەرێت.
وەڵامەکەی جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ بە (نا) هێز و متمانە و هەناسەیەکی قوڵی بەبەر گەلەکەماندا کرد و تەنانەت مناڵانی کوردیش درکیان بەوە کرد، گەل هەمیشە هێز لە سەرکردەیەکی لێهاتوو و خۆنەویست وەردەگرێت.
بە هەمان شێوە سەفەرەکەی بارزانی و پەیامە توندەکانی کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر هەست و شعوری هەر تاکێکی کورد، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕبڕەی پشتی ڕۆژئاوایە بۆ هەموو مەترسییەک کە لەسەری هەیە بە تایبەت لە ڕووی جوگرافیاوە.
لە ئێستادا کورد وشەی بەڵێی بۆ دوژمن لە فەرهەنگی خۆیدا سڕیوەتەوە.
سەرهەڵدان و شۆڕشێکی فیکری نوێ لە دەساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سۆشیال میدیاوە سەریهەڵدا، گەر ئەمە بۆ کەس سودی نەبووبێت، ئەوا کورد تاکە میللەتی دونیایە تیایدا سودمەند بووە.
چونکە بۆتە پردێکی بە هێز بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان بە گشتی و کوردانی تاراوگە و لێک تێگەیشتن و نزیکایەتی ئەو بەشانەی ئازاد نەبوون بە تایبەتی. جگە لەوانەش بووەتە فریاد ڕەس و زمانی جەستە بۆ گەل و کۆمەڵگەی کوردی.
