ئەم بتانە کەی دێنەگۆ؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
د. ئیبراهیم محەمەد جەزا
ئایا کات لەم کاتەی ئێستا ناخۆشتر هەیە بۆ کوردانی خۆرئاوا! دروستە کوردانی هەموو دونیا دڵ بەئازار و پەرێشانن و چیان لەدەست بێت کەمتەرخەمی ناکەن، بەڵام هەموو باشووری کوردستان بێتە سەر شەقام هێندەی ئەوە کاریگەری نابێت، کە کەسانی سەر ئاستی جیهان دوو قسە بکەن، یان دوو هەڵوێست بنوێنن!
ڕووی قسەکانم لە د. لەتیف و د. بەرهەم دەکەم، کە بەڕاستی کەمتەرخەمن و نەمان دی کارێک بکەن دڵخۆشکەر بێت!
کەی دێنە قسە؟ کاتێک کوردانی کۆبانێ کۆمەڵکوژکران!
کاتێک دێنەقسە، کە خوشک و براکانمان لە خۆرئاوا لە برسا مردن و لە سەرمادا ڕەقبوونەوە! ئێوە پۆستتان بۆچییە، ئەگەر نەتوانن کارێک بکەن! جیهان چاوەڕێی چیتان لێبکات، کە ئاوا لەگەڵ میللەتی خۆتان مامەڵە بکەن؟
ئایا ناتوانن واز لە پۆستەکانتان بێنن و بیکەنە قوربانیی هەڵوێستێکتان؟ یان هەروەک هەڵوێستی برادەرەکەتان لە شازدەی ئابدا ببێتە پەڵەیەکی ڕەش بەناوچەوانتانەوە!
ترسی ئەوەتان هەیە تۆمەتبارتان بکەن، کە مایلی هاووڵاتیانی خۆتانن و بە ڕەگەزپەرست ناوتان ببەن! ئەگەر وانییە، ئەی بۆ هەڵوێستان نییە؟
ئێوە دەتوانن هەر لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە هەنگاوبنێن و بڵێن ئەگەر ئەو کارە نادادپەروەریانە نەوەستێت واز لە پۆستەکانمان دێنین! پۆستتان بۆچییە، کە ئێوە شەرمەزاری لای هاووڵاتیان و لای مێژووبن!
د. بەرهەم هەرئێستا دەتوانێت سواری ئۆتۆمبیل ببێت و بڕوات بۆ کۆبانێ و بەدەستی خۆی ئەو گەمارۆ نامرۆڤانەیەی سووپای عەرەبی بشکێنێت، ئەوە هەڵوێستی مێژووییە. د. لەتیف دەتوانێت قسە لەگەڵ شەرع بکات و بڵێت ئەوە یەک فڕۆکە هاوکاری دەنێرم. دەتوانیت یان ناتوانیت؟
ئەی بۆ نایکەیت؟
ئەی بۆ ناجووڵێن؟
ئەی بۆ قسە ناکەن؟
ئەی بۆ ویژدانتان ناجووڵێت و زمانتان گۆناکات؟
بۆ هەردووکتان ... هەموو ڕۆژێک کاتی تەنگانە نابێت و هەڵوێست دروستنابێت.
د. لەتیف تۆ چەند ڕۆژێکی تر لە پۆستەکەشتان نامێنن و جارێکی تر چاوت پێی ناکەوێتەوە! ئیتر لەچی دەترسیت و ناجووڵێیت؟
د. بەرهەم ترست لەوەیە لە پۆستەکەت دووربخرێیتەوە و مووچەکەت لەدەست بدەیت! بەدڵنیاییەوە هێندەت هەیە تا مردن بەشتان دەکات، مووچەت بۆچییە کە پەڵەی ڕەش لە ناوچەوانت بێت و شەرمەزاری میللەت بیت!
تکایە بجووڵێن و مەترسێن، هەڵوێستی ئێوە زۆر جیاوازە لە هەڵوێستی تاکەتاکەی میللەتی کورد و شوێنی خۆی دەگرێت و خەڵکانی بەرپرس و وڵاتان گوێی بۆ دەگرن.. دواییی کە کار لە کار ترازا وەک کابرا ڕووڕەشیتان بۆ دەمێنێتەوە!
ئیتر خۆتان و ویژدانتان..
