پرچ: نیشانەی بەرخۆدان و ناسنامەیە کاتێک قژ دەبێتە شمشێر

2 كاتژمێر لەمەوپێش



گوڵان ئازاد

لە چیاکانی کوردستانەوە تا خاکەکانی ڕۆژئاوا، پرچی ژنی کورد هەرگیز تەنها قژێکی بەستراو نەبووە. ئەو دوو پرچەی کە بە شانی شەڕەڤانەکانی ئێستای ڕۆژئاوادا شۆڕ دەبێتەوە، میراتێکی چوار هەزار ساڵانەیە کە ئێستا لەسەر سەنگەرەکانی ئازادی دەدرەوشێنەوە و وەک لاولاو دیوار و ساترەکان دادەپۆشن.

پرچ لە مێژوودا:

لە کاتێکدا کە ئیمپراتۆرییەتەکان هەوڵیاندەدا ژنان بشارنەوە و بێدەنگیان بکەن، ژنی کورد قژی خۆی بە شێوەی پرچ دەبەست و لە سەریەوە دەئاڵاند و ڕووبەڕوویان دەبوویەوە، چونکە هەر گرێیەکی پرچی ( هێڵێک، تاڵێک)بوو، لە گرێکانی بەرخۆدان. کە لە دایکانی ئێمەوە، بۆ دایکە گەورەکانیان، بوون بە هێمای کۆڵنەدان. لە کۆنەوە، پرچی درێژ و ئەستوور لە کلتووری کوردیدا واتای تایبەتی هەبووە وەک هێز و پاکیزەیی. قژی درێژ نیشانەی تەندروستی و هێزی ناوەوەی ژن بووە. ناسنامەی نەتەوەیی بووە، هەر بۆیە شێوازی پرچکردن لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی دیکە جیاواز بووە، چونکە وەک زمانێکی ستاتیکیی کلتووری، گوزارشتی لە فرەیی و جیاوازی کردووە. پرچی کراوە و پەخشان نیشانەی ژنی مەرد و ئازاد بووە، دژ بە کولتوری ژێردەستەیی و کۆیلایەتی.

شەڕەڤانەکانی ئێستا، پرچن لە سەنگەردا:

ئێستا لە خاکی ڕۆژئاوا، لە سەنگەرەکانی شەڕ دژ بە شەوزەنگ و تاریکایی، ژنانی کورد هەر ئەو پرچە مێژووییەیان لەگەڵدایە. بەڵام ئێستا پرچ تەنها نیشانەی جوانی و هێزی ناوەکی ژن نییە، بەڵکو نیشانەی شۆڕشە و شمشێری بەرخۆدانیشە.

شەڕەڤانە ژنەکان بە پرچی دوولایان و چەکەکانیانەوە، دەیسەلمێنن کە ژنی کورد هەم میراتەکەی خۆی پاراستووە و هەم لە پێشەوەی شەڕی ئازادیدایە. ئەوان لە دژی داعش و هێزە توندڕەوەکان دەجەنگن لە دژی پێ پەتی و مێشک دوواکەوتووەکان.. خاک و گەل و کلتووری خۆیان دەپارێزن و بە پرچەکانیان پەیامێک دەنێرن و دەڵێن: ئێمە خاوەنی مێژوو و داهاتوومانین!

پرچ: وەک هێمای بەرخۆدان لە دژی لەبیرچوونەوە

زۆرداران هەمیشە دەیانزانی کە لەناوبردنی کلتوور یەکەم هەنگاوی کۆنترۆڵە. بۆیە هەوڵیاندەدا ژنانی کورد ناچاربکەن قژیان ببڕن، پۆشاکی نەتەوەیی خۆیان بەجێبهێڵن، زمانی خۆیان لەبیر بکەن. بەڵام پرچ و ژنبوون هەر بەردەوام بوو. لە هەر ماڵێکدا، دایکان فێری کچەکانیان دەکرد چۆن پرچ بهۆننەوە، چۆن بە پرچەکانیانەوە کۆدەکانی ناسنامەی خۆیان ڕاگەیەنن. ئەمە جۆرێک لە بەرخۆدانی بێدەنگ بوو؛ بەرخۆدانێک کە لە نێوان تانوپۆی قژ و پەنجەکانی دەستدا دەڕسکان و دەبوون بە پرچ.

ئەمڕۆ ژنی کورد لە ڕۆژئاوا نیشانی جیهان دەدات کە:

١ـ پاراستنی میراتی کلتووری لە مەیدانی شەڕدا: ژنانی شەڕڤان هەم بە چەک و هەم بە هەڵسوکەوتیان دەیسەلمێنن کە کلتوور و ئازادی لە یەکتری جیانابنەوە. ئەوان هەر بە پرچی خۆیان دەجەنگن، چونکە پرچەکانیان بەشێکە لەو ژیانە ئازادەی بۆی دەجەنگن.

٢ـ لەناونەبردنی ستریۆتایپە کۆنەکان: جیهان فێربوو کە ژنی کورد نە قوربانییە و نە لاواز. شەڕەڤانان بە پرچە درێژەکانیانەوە سەلماندیان کە مێینەیی و بەهێزی دژبەیەک نین و تەواوکەری یەکترین.

٣ـ  بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ نەوەکانی داهاتوو: کچە بچووکەکانی ئێستا لە شەڕڤانەکان دەڕوانن و دەزانن کە دەتوانن هەم کوردبوونی خۆیان بپارێزن و هەم لە بەهێزترینەکانی جیهان بن. چونکە ئەو پرچەی کە دایە گەورەکان بە دەستی خۆیان دەیانبەست، ئێستا لەسەر شانی شەڕڤانێکە کە ئازادی دەپارێزێت. فێردەبن هەر دەمێک پرچێک دەهۆنرێتەوە، ئەوە هێمایە بۆ ئەوەی کە کێین؟ بۆچی دەجەنگێین؟ تێدەگەن ئەوان دەبێت خەبات بکەن بۆ ئەوەی ئافرەتانی داهاتوو بتوانن بە ئازادی قژیان ببەستن و بە زمانی خۆیان بدوێن.

لە کۆتاییدا دەڵێم: کە شەڕەڤانێکی ڕۆژئاوا لە بەرەبەیاندا پرچەکانی دەهۆنێتەوە، ئەو تەنها قژ ناهۆنێتەوە، ئەو چوار هەزار ساڵ مێژوو لەناو پەنجەکانیدا لەیەکتری باهەڵدەدات. ئەو ناسنامەیەک دەهۆنێتەوە کە هیچ زۆردارێک نەیتوانیوە لە مێژوودا بیسڕێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار