کەناڵی جەزیرە، زمانحاڵی ئیخوان و مینبەری یەکەمی تیرۆرە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



مەعاز فەرحان سادق

کەناڵی جەزیرە، زمانحاڵی ئیخوان و مینبەری یەکەمی تیرۆر و دواهەمین سەنگەری بەرەی دۆڕاوی ناسیۆنالیزمی عەرەبییە، لەو ڕۆژەوەی دەستبەکار بووە، خۆشبەختانە پشتیوانی لە هەر تەوژم و جوڵانەوەیەک کرد بێت، بەدۆڕانی داوە. ئەم کەناڵە وەک نەیاری سەرسەختی ئیسرائیل دەستیپێکرد، شەقامی عەرەبی دژی ئیسرائیل دەفع دەکرد و ئەو سەرۆکانەشی بە پاڵەوان ناودەبرد گوایە دژی ئیسرائیلن.

دوای ئەوە چی ڕوویدا؟ حاڵی حازر بەنزیکەی هەموو وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمان و هاودەستی ئیسرائیلن، بەشێکی زۆری سەرۆکەکانیشیان پەروەردەکراوی ژوورەکانی مۆساد و سی ئای ئەی ئەمریکان، دواهەمینیان جۆلانییە.

جەزیرە، ساڵانێک بووە بڵندگۆی سەدام و وەک ڕێبەری عروبە و فریادڕەسی دونیای عەرەب وێنای دەکرد. دواتر بووە نامەبەری قاعیدە، بنلادن و قەرزاوی، وەکو دوو پاڵەوانی عروبەی ئیسلامی وەک زیندوکەرەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەناساند.

ئەم کەناڵە خۆی کردە خاوەنی قەزیەی فەڵەستین، حەماس و حیزبوڵای وەک پاڵەوانی قەڵەمبازییەکە وێنا دەکرد، سەرئەنجام قەزیەکەی بە دۆڕاندا و حەماس و حیزبوڵاشی گەیاندە گیانەڵا.
ئێستا ئەم میدیایە، بە عەقڵییەتێکی عروبەیی و ڕەگەزپەرستانە، بە کەڕەنای بیابان، بە نەفەسی ئایدۆلۆژیایەکی دۆڕاو، سەنگەری لە کورد و دۆزەکەی گرتووە و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت وەحشییەکانی جۆلانی، بەکرێگیراوەکانی تورکیا، وەک ڕزگارکەری ئیسلام و بەرەی عروبە وێنا بکات.

ئەم میدیا حاقیدەی ئیخوان و بەرەی دۆڕاوی مقاوەمە، بەجۆرێک ئیش دەکات وەکو ئەوەی کورد 22 دەوڵەتی هەبێت و عەرەب هیچ کیانێکی نەبێت، لای ئەم بێ ویژدانانە  کورد زاڵم و عەرەب مەزڵومە. ئەم میدیای خێڵە نەوتییەکانی کەنداو، ئەزانێ پاکی سەرانی عەرەب، پیاوی ئەمریکا و ئیسرائیلن و ناتوانێت بڵێت چیتر واشنتن و تەلئەبیب دوژمنن، دەیەوێت کورد وەک دوژمنێکی وەهمی بۆ سەر ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی تەماشا بکات لەو ڕێگەیەوە درێژە بە جەنگە دۆڕاوەکەی بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار