دەربارەی برایەتی گەلان: ڕەخنەی ڕەخنە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
پاش ڕوداوەکانی ڕۆژانی ڕابوردوو ڕەخنەی زۆر ئاراستەی دید و چەمکی برایەتی گەلان دەکرێت لە سوریا. گوایە نەدەبوو کورد لە گەڵ عەرەبدا هاوکار بوایە، پرسی ئازادی عەرەب یان ئەوانیتر پرسی کورد نیە. ئەم دیدە، وەک ڕەها یان موجەڕەد، رەنگە کەمێک ڕاستی تیادابێت، بەڵام وەک دۆخ و شوێن و واقیع هەڵەیە.
پێش هەموو شتێک چەمکی برایەتی لای زۆرێک لەوانەی ڕەخنە دەگرن وەها دەبینرێت کە یانی بون بە برای باوک و دایکی. ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە. برا لە ناو کایەی دین و سیاسەت و ئایدەلۆژیادا، ماناو ڕۆڵی تایبەت و جیاوازی خۆی هەیە.
موسوڵمانێک دەبێتە برای موسوڵمانێک، لە ناو کایەی دیندا. یان بە مانایەکی تر موسوڵمانێک دەکرێت بە برای موسوڵمانێکی تر، کاتێک دەبنە هاودینی یان هاودیدی دینی. بە هەمانشێوە لای ڕەوتەکانی چەپیش وەهایە. بە زمانێکی واقیعی قسە بکەین، چەمکی برا کۆڵۆنیزەکردنی کەسی بە برا بووە. کاتێک کەسێک دەبێتە برای کەسێکی خاوەن ئایدەلۆژی، مانای وەهایە هەموو مەرج و دید و تێگەیشتنەکانی ئەوی قبوڵکردوە، لە نێویاندا حوکمکردنی.
کورد لە سوریا، ژمارەیان کەمە. ئەم واقیعە دیموگرافییە ناچاری کردن بە بیرکردنەوە لە شێوازی تر بۆ گەورەکردنی ڕۆڵ و کاریگەرییان. کاتێک کورد لە ناوچەکانی خۆی شەڕی داعشی دەکرد، ئەگەر ئەوانیتری تەجنید نەکردایە، تەنها لە ناوچەکانی خۆی دەمایەوە. ئەمە مانای وەهابوو کە داعش بە دراوسێی دەمایەوە، کە مەترسییەکی هەمیشەیی بوو. ئەمە مانای وەهابوو کە هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە دەست نەدەهێنا.
ئەمە مانای وەهابوو شار و ژنەکانی لە دەستی بەرمیلی باروت و سەبییکردن ڕزگاری نەدەبوو. دیارە لە میانەی هەڵچونی عاتیفیدا ڕەنگە بڵێی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خیانەتی کرد. ئەمە وەهایە. بەڵام شتێکیان نەکرد کە نەیانگوتبێت. لە هەمانکاتدا، ئەگەر کورد لە سوریا نەجوایەتە ناو ئەو هاوکێشانە نە قورسایی دەبوو، هەروەها لە بەردەم جینۆسایدی ڕاستەقینەدا دەبوو.
بۆیە سروشتی سیاسەتی نێودەوڵەتی وەهایە، کە پشێوییە. بەو مانایە هیچ تیایدا بۆ هەمیشە سەقامگیر نیە. ئەوەی ئەمڕۆ گونجاوە ڕەنگە سبەینێ ببێت بە دوژمنت.
لە لایەکی ترەوە بابێن بۆ ناو خودی پرۆسەکە. ئایا برایەتی بونی هەبوو. نەخێر. عەشیرەتە عەرەبەکان بە دەگمەن نەبێت ڕۆڵی کاریگەرییان نەبوو. زۆرینەیان تەنها بۆ پارە و خۆپاراستن بەشێک بوون لە پرۆسەکە. ئەگەر ئەمریکا کوردی بەکاردەهێنا، کوردیش ئەوانی بەکاردەهێنا.
پاشان ئەمانە خەڵکی عەشیرەتن. بۆ نمونە، عەشیرەتی بەکارە، کە لە دێرزورەوە هەتا حەلەب بونی هەیە، لە سەردەمی ئەسەددا خاوەن لیوای باقر بوون، کە دڕندەترین لیوای ناو حەلەب بوو. بەجۆرێک بەشێک بوون لە سیستەمی ئەسەد و ئێران، قاسم سلێمانی لە ماڵی سەرۆک عەشیرەتی ئەوان دەمایەوە لە حەلەب. بەڵام کە دۆخەکە لاواز بوو، خێرا دەرفەتیان بۆ جۆلانییەکان کردەوە و پەیوەندییان پێوەکردن. هەموو عەشیرەتەکان وەهان.
لە دونیایەکی وەهادا هەڵکشان و داکشانی هێز و گروپ و پرۆژەکان وەک دیاردەیەکی سروشتی لێهاتوە.
ئەمەی پێی دەڵێن دەوڵەتی سوری دەوڵەتی جەماعەتە. تەنها دان بە خۆیدا دەنێت. بۆیە ئێستا سوننە خۆشحال دەکات بە دژایەتی ئەوانیتر، بەڵام هەرزوو ئەم پرسی قبوڵ نەکردنی کەس دێتە ناو سونەشەوە. چونکە پرۆسەکە هەموو لە سەر پارە و ڕازیکردن و گەندەڵی و تاڵانییە. بەدڵنیاییەوە ئەحمەد شەرع کۆتایی مێژوو نیە.
برایەتی گەلان ئامرازبوو، ماوەیەک کاری کرد، لەمەوداوا کار ناکات. وەک هەموو ئامرازێکی تر هەندێک بەباشی دەزانێت و هەندێک بە خراپ.
