ئەمجارەش پەنجەکان یەکتری دەشکێننەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 ( ئایدۆلۆژیای حزبی بووەتە بەشێک لە بەڵا و هۆکاری شکاندن و دابەشکردنی ماڵی کورد )
  
فارس نەورۆڵی

خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا  لەکتێبی پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، باس لەمێژووی نوێی یەکتر شکاندنی براکان دەکات لەشۆڕشی شاخ دا ،ئەم کتێبە پڕە لە چیرۆکی تراژیدی یەکتر کوشتنی براکان بۆئەوەی ببێتە وانەی  گرنگ تا کورد ئیتر واز لە جەنگ و قڕکردن و شکاندنی یەکتری بهێنن و پێکەوە بۆ میللەتەکەیان تێبکۆشن، بەڵام کێ لە وانەکانی ناو ئەو کتێبەوە پەندی وەرگرت؟ خوالێخۆشبوو هەر لەسەردەمی شەڕی ناو ماڵی میرنشینەکان و یەکترشکاندنیان  و تادواتریش شارەزایەکی زۆری هەبوو، چەند کتێب و گوتاری لەسەر ئەو مێژووە هەیە، بەڵام ئەو شارەزا بوونەی نەبووە پەند بۆ  خۆیشی و  هەمو هاوتەمەنەکانیشی  لە کۆی ئەحزابی کوردیدا  ،  کە ببێتە وانەیەک بۆ یەکخستنی ماڵی کورد و دوورکەوتنەوە لە ملشکاندن و تەفروتونا کردنی یەکتری لەناو کۆی کارەکتەرەکانی ئەحزابی کوردی دا هەڵەیەک نەبو بە پەند .

هەر بۆیە دوای ئەوەی پەنجەکان لەشاخ یەکتریان شکاند  لەدوای ڕاپەڕین و لە شاریش پەند لەومێژووە وەرنەگیراو بۆ جارێکی دیکە لە ساڵی نەوەدەکاندا براکان کەوتنەوە یەکتر شکاندن و دانانی پیلان دژی یەکدی، لەمێژووی سیاسی گەلاندا هیچ کارەساتێک هێندەی شکاندی براکان لەناو یەکدا تراژیدی نیە، ئەگەر کۆمەڵناسان و مێژووناسان ئەم شەڕەی نێوان براکانی ناو ماڵی  کوردی بخوێنینەوە پێمان دەڵێن  پاڵنەرو هۆکاری سەرەکی ئەم یەکتر شکاندنە هەوەسی دەسەڵاتە،  ئیتر لەم شەڕی دەسەڵاتەی نێوان براکان  دەستوەردانی دەرەکی ئاگرەکە خۆش دەکەن بۆ گەشتن بەئامانجەکانی خۆیان، ئێمە لەڕکەبەرەوە دەکەن بەدووژمنی یەکدی، مێژووش پێمان دەڵێ نەتەوەی بەهێز ئەوەیەبراکان یەکتر نەشکێنن بەڵکو هاوکاری یەکدیبن، یەکدی شکاندنی براکان بەرهەمەکەی تەنها شکستە، بۆیە پێویستە تێبگەن هیچ کورسییەک بەدیلی برایەتی نیە چونکە دواجار کورسیەکە دەشکێت و براکان بەشکاوی سەیری یەکتر دەکەن وەک ئەوەی لەمێژووی میرنشینانی کورددا ڕوویداوە، ئێستا کورد لەقۆناغێکدایە بیرکردنەوەی دروستی دەوێت و نابێ بەو سادەییە و هەڵچوون وسۆز یان ڕق و کینە لەڕووداوەکان بڕوانین، ئێستا ناوچەکە لەداڕشتنەوەی ئیدارەو سیاسیدایە "هانا ئارێنت" دەڵێ ( سیاسەت لەفەزای دەرکەوتندا ڕوودەدات ) فەزای دەرکەوتن واتە ببینرێیت.

 ئێستا گەلی کوردستان لەئاستی گشتی و جەماوەریدا دەزانن شەڕ لەسەر وجودی کوردە بۆیە هاوهەڵوێستیەکی  ئەرێنی لەئاستی کوردستانی گەورەو کوردانی هەندەراندا لەشەقام دەبینرێ جیهانیش ئەم هاوهەڵوێستییە و هەزاران دەنگی کوردە دەبیستێت بەڵام یەک گوتاری کورد نابینێت بۆیە خەریکە ئەم دەنگەی کورد لای جیهان دەبێتە ژاوە ژاو، کەواتە ئەگەر کورد نەتوانێ لەم قۆناغەدا ئەم دەنگە جەماوەرییە بکاتە فیگەرێکی یەکگرتوو یاخود لەگوتارێکی هاوبەشدا خۆی مانیفێست نەکات و متمانە نەدەینە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و شەقامی کوردی لەساتی نوسینەوەی گرێبەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەنجەڕۆ دەبین.

 بۆیە پێویستە لەگوتارێکی نوێدا بەپەلە خۆمان بەرجەستە بکەین  تاشکانی پەنجەکان نەگەیشتوەتە مەچەکمان چونکە کە گەشتە مەچەکمان هیچ بارێکمان پێ بار ناکرێت.
ئێستا هەرێمی کوردستان قەڵا و هێز و ئومێدی کوردە  کە بتوانێ بەسەرکەوتویی ئیدارەی سیاسی ئەم قۆناغە بدات کەچی بەداخەوە هێشتا براکان خەریکی موناوەرەو موئامەرەن لەیەکتر، بۆیە تکایە ئەگەر لەخەمی خۆتان و لەخەمی کورد و ئایندەی کورددان واقیعیانە دۆخەکە بخوێننەوە و هەر لایەک  کەمێک لەخواست و داواکاری خۆی خۆشبێت و بەپەلە کابینەی نوێی حکومەت پێک بێنن بۆ ئەوەی هەر دامەزراوەیەک کاری خۆی بکات لەئیدارەدانی دۆخەکەدا و کورد یەک ناوەندی بڕیاری هەبێت بۆ ئەوەی جیهان یەک دەنگیمان ببیستێ، ئەمەش پێویستی بەسنگ فراوانی سیاسی و تێگەیشن لەدوێنێ و ئەمڕۆ هەیە ئەگینا سبەیمان تاریک دەبێت ئەمە ئەرکی هەموو هێزێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە کانە بەچەپ و،ڕاست و ناوەڕاستەوە بۆئەم مەبەستە دەبێت بەڵای ئایدۆلۆجیاش لە کۆڵ ئەم نەتەوەیە بکەینەوە تەنها بەرژە وەندی نەتەوەکەمان ئامانجمان بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار