ئەمریکا چەند جار خیانەتی لە کورد کردووە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمە یەکەمجار نییە و ئەگەر لەئێستاوە وانە وەرنەگرین دواین جاریش نابێت

ئامادەکردنی هاوڵاتی

ئەمریکا مێژوویەکی رەشی لە خیانەتکردن لە کورد هەیە و ئەمە یەکەمجاری نییە، بەڵکو لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا چەندین جار پشتی لە کورد کردووە.

لە ئەمریکا قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێن، هیچ شتێک حەتمی نییە جگە لە مردن و باجدان، بەڵام دەبێت شتێکی دیکەی بۆ زیاد بکرێت و بگوترێت: هیچ شتێک حەتمی نییە جگە لە مردن، باجدان و خیانەتی ئەمریکا لە کورد.

ئیتر کاتی ئەوەیە کورد پشت بە هیچ هاوپەیمانێک نەبەستێت، چونکە باشترین هاوپەیمانی کە ئەمریکایە، هەموو جارێک بەبێباکی لە پشتەوە خەنجەری لێدەدات. من پێتان دەڵێم واشنتن لە سەدەی رابردوو و ئەم سەدەیە چەند جار خیانەتی لە کورد کردووە.

یەکەم خیانەت ساڵی 1923 بوو. دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، بەڵێن بە کورد درا دەوڵەتێکی بۆ دروستبکرێت و لە چوارچێوەی پەیماننامەی سیڤەر بە پشتیوانی فەرەنسا و بەریتانیا ئەو بەڵینە جێی کرایەوە، بەڵام دواتر بە فشاری کەمال ئەتاتورک پەیاماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 واژۆکرا و ئەمریکا پشتگیرییەکی تەواوەتی لێکرد، بەمەش خەونی دەوڵەتی کوردی لەبابرا.

لەساڵی 1958 ئەمریکا پشتیوانی کوردی کرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە عێراق دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولکەریم قاسم، دواتریش پشتیوانی روخانی ناوبراوی کرد لە ساڵی 1963.

خیانەتی سێیەمی ئەمریکا لە کورد ساڵی 1975 بوو کاتێک سەرپەرشتی رێککەوتنی جەزائیری کرد لەنێوان عێراق و ئێران لەکاتێکدا ماوەی سێ ساڵ بوو لەرێگەی محەمەد رەزا شای ئێران یارمەتی کوردانی باشووری دەدا بۆ دژایەتیکردنی رژێمی عێراق بە ناردنی چەک و پارە بۆیان ، بەڵام بە رێککەوتنێک هەمووشتێک هەڵوەشایەوە.

لەبارەی پشتیوانی کوردانی باشوور، هێنری کیسینجەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا کە ئەوکات راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاش بوو، دەڵێت، ئەوان هیچ کاتێک پشتیوانی سەربازی کوردییان نەکردوە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بەڵکو هەوڵیانداوە لەرێگەی کوردەوە حکومڕانی بەغدا لاواز بکەن.

لە راپۆرتێکی نهێنی سی ئای ئەی دا هاتووە کە کیسینجەر گوتوویەتی: ئێمە و شای ئێران هیواخواز نین کوردەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، کوردەکانمان تەنها بۆ ئەوە پێویستە عێراق سەرقاڵ بکەین و توانا سەربازییەکەی لاواز بکەین.

دێینە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 کە تێیدا رژێمی بەعس پێنج هەزار هاووڵاتی هەڵەبجەی شەهید کرد، دیسان جارێکی دیکە ئەمریکا پشتی لە کورد کرد، چونکە هەم بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو تاوانە و هەمیش بەردەوامبوون لە هاوکارییەکانیان بۆ سەدام حسێن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەدوای جەنگی کەنداو لە 1991، جۆرج بۆشی باوک داوای لە شیعە و کوردەکان کرد دژی رژێمی بەعس راپەڕن، ئەوە بوو راپەرینی 1991 دروستبوو و کوردستان ئازادکرا، بەڵام دواتر کە سەدام حسێن دەستیکرد بە داپڵۆسینی کورد و کۆڕەوی گەلی کورد دروستبوو، جارێکی دیکە واشنتن بێدەنگ بوو.

لە ساڵانی 1990ـەکاندا ئەمریکا برێکی زەبەلاح لە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ تورکیا نارد و تورکیاش بە ئاگاداری ئەمریکا ئەو چەکانەی بەکارهێنا بۆ شەڕکردن دژی پەکەکە، بەهۆیەوە هەزارەها کورد شەهیدکران و هەزارە گوندی باکووری کوردستانیش لەناوبران.

ساڵی 2017ـش دیسان ئەمریکا خیانەتی کرد. لەکاتێکدا پێشمەرگە رۆڵێکی گەورەی لە تێکشکانی داعش بینی، بەڵام واشنتن ئامادە نەبوو پشتگیری سەربەخۆیی کورد بکات و دواتریش دەستوەردانی نەکرد بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی عێراق کە دواتر بووە هۆی روودانی 16ـی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی 40%ـی خاکی کورد.

ساڵی 2018ـش دیسان ئەمریکا بێدەنگ بوو بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا. کاتێک بەهاوکاری چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سوریا، ئەنقەرە عفرینی داگیرکرد، واشنتن هیچ هەڵوێستێکی نەبوو لەکاتێکدا خۆی بە هاوپەیمانی کورد دەزانی بۆ لەناوبردنی داعش.

ئەوەی کوردی تووڕەکرد کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە سوریا لەساڵی 2019 و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئەردۆغان تا هێرش بکاتەسەر سەر رۆژاڤا، لە ئەنجامیشدا سەرێکانی و گرێسپی و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیرکران. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تورکیا بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریا.

نوێترین خیانەتی ئەمریکاش، رووداوەکانی ئێستایە کە ئەمریکا پشتیوانییەکی گەورەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەکات دژی دەستدرێژیکارییەکانی بۆ سەر رۆژاڤا لەکاتێکدا شەرڤانان 11 هەزار شەهیدیان دژی شەڕی داعش داوە، بەڵام واشنتن ئەمەی بەلاوە گرنگ نییە و هەروەک چەند بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێن، مامەڵەی ئەوان لەگەڵ هەسەدە وەک مامەڵەی نێوان دوو بازرگانە و هەرکات بەرژەوەندی نەما دەتوانن دەستبەرداریان ببن.

بەکۆی گشتی، ئەمریکا 10 جار خەنجەری لە پشتی کورد داوە، بۆیە پێویستە لێرەوە وانە وەربگرین و چیتر پشت بە هیچ کەس نەبەستین، چونکە هەر بەڕاستی جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی ترمان نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار