هەسەدە: هاوپەیمانان بە دەممانەوە نەهاتن و هەنگاوی كردەییان نەناوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە راگەیەندراوێكدا هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاویكردەوە: تا كاتی ئامادەكردنی ئەم بەیاننامەیە بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە، تا ئێستا (9) شەڕڤان شەهیدبوون و (20)ی دیكە بریندارن.
هەسەدە ڕایگەیاند لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر زیندانی ئەقەتان لە ڕەققە، 9 شەڕڤانیان شەهید بوون و 20ی دیکەش بریندار بوون؛ هاوکات ڕەخنە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرن کە سەرەڕای مەترسییەکان، هیچ هەنگاوێکیان بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش نەناوە.
دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی، وردەکاریی دۆخی مەترسیداری زیندانی ئەقەتانی لە شاری ڕەققە ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ماوەی سێ ڕۆژە هەسەدە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ شوێنێکی ئارام، بەڵام سەرەڕای بەڵێنەکان، هاوپەیمانان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گرووپە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر زیندانەکە. لە کاتی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەدا بۆ پاراستنی زیندانەکە و ڕێگریکردن لە هەڵاتنی داعشەکان، شەڕێکی سەخت ڕوویداوە.
هەسەدە ڕایگەیاندووە، ئاماری قوربانییەکان تا ئێستا بریتییە لە شەهیدبوونی 9 شەڕڤان و برینداربوونی 20 شەڕڤانی دیکە
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت دەکەنەوە کە شەڕ و پێکدادانەکان لەنێو دۆخێکی ئەمنیی زۆر مەترسیداردا هێشتا بەردەوامن.
