وردەکاریی ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی سووریا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، وردەکاریی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد، کە خۆی لە گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات و کۆنترۆڵکردنەوەی سەرچاوەکانی وزە دەبینێتەوە.
یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە؛ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکانی ململانێدا.
وردەکاریی 12 خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات
دۆسیەی سەربازی و ئەمنی
ئاگربەستی گشتگیر: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە.
تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی "هەسەدە" بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی "تاکەکەسی" و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان.
دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.
دەرکردنی پەکەکە: هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەند دەبن بە دەرکردنی سەرجەم چەکدار و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا.
شەڕی داعش: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی
ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان: ڕادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بە حکوومەتی سووریا (چ لە ڕووی کارگێڕی و چ لە ڕووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ.
دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا.
دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە.
دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی "هەسەدە" بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریادا دامەزرێن.
دۆسیەی ئابووری و مرۆیی
سەرچاوەکانی وزە: ڕادەستکردنەوەی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بە حکوومەتی سووریا.
زیندانیانی داعش: دۆسیەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان و کەمپی خێزانەکانی داعش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریاوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان: کارکردن لەسەر لێکتێگەیشتن و ڕێکارەکان بۆ زەمینەخۆشکردن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ هەردوو ناوچەی عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوود.
