شەرع بە پشتیوانی توركیا پلانی هێرشێكی فراوانی داناوە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان
2 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی ئاشکرای دەكات، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا پلانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی تورکیا دادەڕێژێت، ئەمەریکاش ترسی هەیە لەوەی ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ئەوەی سوریا زیاتر ناسەقامگیر بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە، شەرع پلانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان و فرە ئاڕاستەی هەیە، بە پاڵپشتی سوپای تورکیا، لەدژی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب و رەنگە لەڕێی ڕووباری فوراتەوە درێژببێتەوە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمەریکا.
رۆژنامەکە باسی لەوەكردووە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا نیگەرانن لەوەی هێرشێکی نوێی سەربازیی سوریا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات ببێتە هۆی هەڵمەتێکی فراوانتر لە دژی ئەو هێزانە كە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن هەڕەشەی کردووە ئەگەر دیمەشق بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی هێرشێكی فراوانتر، سزاکانی یاسای قەیسەر بەسەر حکومەتی سوریادا دەسەپێنێتەوە.
رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسیداری دۆخەکە، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا رۆژی هەینی گەیشتوونەتە شاری دێرحافر بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوبەشە سورییەکانیان کۆببنەوە، ئەوەش دواى چەند رۆژێک لە پێکدادانێكی خوێناوی.
