بەڕێوەبەری کەناڵی شەمس چی دەڵێت لەسەر قسەکانی سەرۆکی سوریا لەبارەی کورد؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەکردنی هاوڵاتی

ئەو چاوپێکەوتنەی کە ئامانج لێی نەهێشتنی دووبەرەکی و هێورکردنەوەی گرژییەکان بوو لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەرئەنجامەکەی رێک پێچەوانە دەرچوو چونکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا، بێگوێدانە دۆخە هەستیارەکەی شەڕی حەلەب قسەی تووندی لەبارەی کوردەوە کردووە. 

ئیلی ناکۆزی، بەڕێوەبەری کەناڵی شەمس لەبارەی بڵاونەکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع نهێنی وردی درکاندووە و باسی لەوە کردووە، ئەحمەد شەرع زۆر بە تووندی باسی کوردی کردووە لەکاتێکدا ناکۆزی ویستوویەتی ئەحمەد شەرع جۆرە قسەیەک بکات دۆخی حەلەب هێور بکاتەوە کە شەڕێکی سەختی تێدا کرا و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بوونە مەیدانی شەش رۆژی جەنگ و لەئەنجامدا گروپەکانی سەر بە دیمەشق هەردوو گەڕەکە کوردییەکەیان داگیرکرد، زیاتر لە 150 هەزار دانیشووی دوو گەڕەکەکەش ئاوارە بوون، ئەمە جگە لەوەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بەرخۆدانێکی مەزنی کرد و چەند ئەندامێکیان شەهید بوون، کە دیارترینیان فەرماندە زیاد حەلەب بوو.

ئیلی ناکۆزی لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ شەرع دەڵێت، "هەوڵمدا پەیامی کەمکردنەوەی توندوتیژی لە سەرۆک شەرع وەربگرم، بەڵام هەمیشە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە زیاد دەکرد، لە لایەکی دیکەوە زۆر بە زیرەکی هاوسۆزی بۆ کورد دەربڕی، بەڵام هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەسەدە هێرشێکی گەورە بوو. تەنانەت پێم گوت 'جەنابی سەرۆک، ئەمە هاوتایە لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەڕ."

ناکۆزی زیاتر باسی چاوپێکەوتنەی کرد و گوتی، "بە گشتی بۆچوونی من ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە ئەم قسانە گرژییەکانی سووریا یان هەولێر هێور ناکەنەوە، بە پێچەوانەوە هەستی کورد زیاتر جۆشدەدەن و دۆخێک دروست دەکەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی خوێنڕشتن.".

هەرچەندە چاوپێکەوتنەکە بەتەواوی بڵاونەکرایەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان لایەنەگرانی حکومەتی سوریا بەشێکی کورتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەحمەد شەرع باسی ئازایەتی کورد دەکات و دەڵێت، چەند جارێک بە مەزڵوم عەبدیم گوتووە رێککبکەوین. 

ناکۆزی باسی لەوە کردووە، رای گشتی لە هەولێر، کە بنکەی کەناڵەکەی لێیە، دژی چاوپێکەوتنەکە دروست بووە و لە ئەنجامدا کەناڵەکە لە سۆشیال میدیا ڕووبەڕووی هێرش و ڕەخنە بووەتەوە، ناکۆزی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە چاوپێکەوتنەکە دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە نێوان کوردەکاندا. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار