رێكخراوی هەنگاو: تا ئێستا 48 هاوڵاتی كورد لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بە پێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێران تا ئێستا (48) هاوڵاتی كورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون.
" گوڵاڵە مەحموودی ئازەر لە مەهاباد، زارا مورادی و سیاوەش شێرزاد هەردووکیان لە بۆکان، عرفان عەلیزادە لە لۆماری شاری سیروان و عەلی عەباسی لە گێەلان" پێنج هاووڵاتیی کورد لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە کوژراون. لەگەڵ ئەمانەدا، هەنگاو هەتا ئێستا توانیویە ناسنامەی ١٢ هاووڵاتیی کورد بریتین لە سێ ژن کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران کوژراون.
- گوڵاڵە (مریەم) مەحموودی ئازەر، هاووڵاتیی ٢٦ ساڵەی کورد و خەڵکی مەهاباد کە لەگەڵ هاوژینەکەی کە خەڵکی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشانە لە تاران نیشتەجێ بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و تەرمی ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ مەهاباد لە کەشێکی تەواو ئەمنیی و لە بێدەنگی زۆرەملێ بە خاک ئەسپێردرا، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە ناوی “ڕۆژین” کە خوشکی گوڵاڵەیە وەک گیان بەختکراو بە هەڵە بڵاو کراوەتەوە.
- زارا مورادی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی حەسار سەر بە بۆکان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تارانسەر لە ڕۆژئاوای تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ لای سەر و سینگی کوژراوە. زارا لە تاران سەرقاڵی کار ئارایشگەری بووە، بە پێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هەنگاو، خاڵۆ و خاڵۆزای زارا هاوکات لەگەڵ زارا بە تەقەت چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار بوونە. ناوبراو خێزاندارە بووە و بەم تازەییانە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.
- سیاوەش شێرزاد هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و کورد و خەڵکی بۆکان، هاووڵاتییەکی دیکەیە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و پاش دانەوە تەرمەکەی بە بنەماڵەکەیەوە بە هۆی گوشارە ئەمنییەکان و بە زۆرەملێ ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنەکەی ناوبراو لە گوندی تازە قەڵا لە بۆکان بەڕێوە چووە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.
- عرفان عەلیزادە هاووڵاتیی کوردی ٢٤ ساڵەی خەڵکی لۆمار سەر بە شاری سیروانی پارێزگای ئیلام لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شاری وەرامین لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای تاران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە.
- عەلی عەباسی هاووڵاتیی کورد و ١٨ ساڵە خەڵکی گێەلان سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە تاران سەرقاڵی کار بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان لەم شارە کوژراوە، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە فیشەکە جەنگییەکان لای ڕاسی لاپاڵ و گورچیلەی ناوبراوی پێکاوە و پاش گواستنەوەی عەلی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕینی چەند کاتژمێر گیانی خۆی لە دەست داوە.
هەنگاو وەری گرتووە، تەرمی ئەم پێنج هاووڵاتییە پاش گەڕانی بنەماڵەکانیان لە نێوان سەدان تەرم لە ساردخانەکانی تاران وەرگیراونەتەوە.
بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانی کەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە کوژراون کە ١٢ کەس لەوان واتا ٢٥٪ی تەواویی هاووڵاتییانی کوردی گیانبەختکراو لە تاران کوژراون.
