ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت، هێرش دەکەم
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە حاڵەتی هێرشی ئەمریکا، ئێران کوێ بەئامانج دەگرێت؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی.
خۆپیشاندانەکانی ئێران تادێت فراوانتر دەبێت و ئەگەری هێرشی ئەمریکاش، بەپێی قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە، نزیکە، بەڵام من پێتان دەڵێم ئێران هێرش دەکاتە سەر کوێ ئەگەر واشنتن دەستوەردانی کرد.
تاران کەوتووەتە خۆی و ترسێکی زۆری لە هێرشی ئەمریکا هەیە، هەربۆیە وڵاتانی دراوسێی ئاگادارکردووەتەوە هۆشداری بە واشنتن بدەن هێرش نەکات.
بەگوێرەی ئاماری چەند رێکخراوێک، لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا نزیکەی سێ هەزار کەس کوژراون لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، ترەمپیش داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن و دەست بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا بگرن و یارمەتی لە رێگەیە.
ترەمپ گوتیشی، وەڵامێکی تووندمان دەبێت بۆ بەرپرسانی ئێران ئەگەر بەردەوامبن لە کوشتنی خۆپیشاندەران.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، واشنتن چەند جۆرێکی جیاوازی هێرش و بۆردومان هەڵدەسەنگێنێت و پلانی هەمەجۆر خراوەتە بەردەم ترەمپ تا یەکێکیان هەڵبژێرێت.
بەرپرسێکی ئێران کە ناوی نەهاتووە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، تاران هەریەکە لە سعودیە، ئیمارات و تورکیای ئاگادارکردووەتەوە و پێی گوتوون مەهێڵن ئەمریکا هێرش بکات، ئەگەر نا هێرش دەکەینە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانتان.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، پەیوەندی راستەوخۆی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانەوە هەڵپەسێردراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، عەلی لاریجانی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر کردووە، عەباس عێراقچیش لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەبدوڵا بن زاهید ئەلنەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، گفتوگۆی ئەنجامداوە. عێراقچی بە هاوتا ئیماراتییەکەی گوتووە، ئارامی گەڕاوەتە بۆ ئێران و خەڵکی ئێران سوورن لەسەر بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیان لە دژی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.
بەرپرسانی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی "ئاژەوەگێڕی" و دەڵێن، لە پشت تووندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکانن و "تیرۆریستان"ـی سەر بەو دوو وڵاتە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، مزگەوت و موڵکی گشتی.
ئیسرائیلیش بەتەواوی چاودێری بارودۆخەکە دەکات و دەیەوێت بزانێت ترەمپ چی دەکات، چونکە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی لە حکومەتی وڵاتەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لەبارەی ئەگەرەکانی کەوتنی رژێمی ئێران و دەستوەردانی واشنتن ئاگادارکراوەتەوە.
