ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەیانى ئەمڕۆ شەممە هێزەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لەڕێگەى چەند هێرشێکى ئاسمانیەوە چەند ئامانجێکى جیاوازیان لەشارەکانى ئێران کردە ئامانج و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێن هێرشیان بۆ ئێران دەستپێکردووە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "کەمێک پێش ئێستا هێرشمان کردە سەر ئێران، هێرشەکان بۆ بەرگریکردنە لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دژی گرووپێکی مەترسیدار و دڵڕەق."
لەبارەی گرووپە چەکدارەکانەوە لە ناوچەکە، ترەمپ گوتی: ئەوانە تیرۆریستی راستەقینەن.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردووە و واشنتن لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە لێدانی ئامانجەکان لە نێو ئێران دەکات.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئێستا لە ئارادان و دەستیانپێکردووە.
هاوکات، ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی کردەیی بەشداری لەو هێرشانەدا دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە:" دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە تاران بیستراوە".
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، چەند مووشەکێک لە شەقامی زانکۆ و دەوروبەری شەقامی جمهوری کەوتوونەتە خوارەوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لە ناوچەی سەید خەندانی تاران کەوتوونەتە خوارەوە
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل دەڵێ، ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئارادان بە هاوئاهەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ دەکرێن. فەرماندەیی ناوخۆی ئیسرائیلیش رێنماییە ئەمنییەکانی بۆ هاووڵاتییان نوێکردەوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵات لێدراوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ئەگەری هێرشی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە؛ داواش دەکات خەڵک بچنە پەناگەکان.
