دەوڵەت باخچەلی: شەرەفی تورک، شەرەفی کوردە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە بارەی پرۆسەی ئاشتی کورد ڕایگەیاند: پرۆسەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لە چوارچێوەیەکی سنووردار بۆ 'لێبووردنی گشتی و بێ سزایی " و ڕێکخستنەوەی یاسایی بە یەکدەنگی هاوبەش بەردەوامە، گوتیشی: تورک چی بێت کورد هەر ئەوەیە، شەرەفی تورک، شەرەفی کوردە، ئابڕووی تورک، ئابڕووی کوردە، کەرامەتی تورک، کەرامەتی کوردە، هەمووی پێکەوە شەرەف و پێگەی تورکیایە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 24ی شووباتی 2026 دەوڵەت باخچەلی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنی "یەکڕیزی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی" کرد و گوتی: ڕاپۆرتەکە گرنگترین بەشی پرۆسەکەی و نابێت هیچ کەسێک کارەکانی ئەو کۆمسیۆنە بە کەم بزانێت.
باخچەلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە هەوڵەکانی گرتووخانەی ئیمڕالی و بەتایبەت عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد، گوتی: "چۆن دەکرێت ئەو ئیمراڵییە کە سوودی بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر هەبوو، دابخرێت".
سەرۆکی مەهەپە، داوی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی دەکرد، ئەمجارە داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان ( کەجەکە) کرد و گوتی: پێویستە چەکدارانی کەجەکە دەستبەجێ چەکەکانییان دابنێن و کەجەکە هەڵبوەشێننەوە".
هاوکات، داوای کرد ئیمرالی ڕۆڵی کارای لەو باریەوە هەبێت و ڕایگەیاند، "ئیمرالی چۆن لە بانگەوازەکەی 27ی شووبات ڕۆڵی کارای هەبوو بۆ چەکدانانی پەکەکە، پێویستە ئاواش ئەمجارە ڕۆڵی هەبێت".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، باخچەلی باسی لە پرسی قەییومەکان کرد و گوتی: پێویستە لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیموکراسیدا پێداچوونەوە بە دانانی قەییومەکاندا بکرێتەوە و دڵنیایی بدرێت کە هەردوو ئەحمەدەکە (ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردن و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت) لە پۆستەکانیان دابنرێنەوە.
