داعش شەڕی دژ بە ئەحمەد شەرع راگەیاند

2 كاتژمێر لەمەوپێش




ترسی گەڕانەوەی داعش بووەتە مۆتەکەی حکومەتە کاتییەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا، رەنگە ئاڵنگاریی ئەمجارەی بەردەم شەرع لە پرسی پێکهاتەکانی وڵاتەکە سەختتر بێت، چوونکە داعش شەڕی دژ بە شەرع و دەسەڵاتەکەی راگەیاندووە و هەڕەشەی روخاندنی دەکات.

شەوی رابردوو، تۆمارێکی دەنگی ئەبو حوزەیفەی ئەنساری، گوتەبێژی داعش بەرەیەکی فراوانی شەڕی بەڕووی کۆماری عەرەبی سوریا کردەوە.

ئەبو حوزەیفەی ئەنساری حکومەتەکەی شەرعی بە حکومەتێکی عەلمانی و سوپاکەشی بە سوپایەکی نەتەوەیی کافر و هەڵگەڕاوە ناوبرد، داوای لە ئەندامانی داعش کرد شەڕ لە دژیان رابگەیەنن.

پەیامەکەی ئەبو حوزەیفە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی جمجوڵەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا، کە نوێترینیان ئەنجامدانی دوو هێرش بوو بۆ سەر هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە ناوچەی دێرەزوور.

لە دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، داعش لانیکەم شەش کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا ئەنجامداوە، بەڵام یەکەمینجارە بەشێوەیەکی فەرمی شەڕ دژ بە دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە رابگەیەنێت.

ترسە گەورەکەی دیمەشق لەوەیە بانگەوازەکەی داعش لێکترازان لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی نێو سوپای سوریا دروستبکات، چوونکە بەشێک لە گرووپەکان و لە سەرو هەموویانەوە دەستەی تەحریری شام کە گرووپەکەی ئەحمەد شەرعە، پاشخانێکی داعشییان هەیە و لە هەناوی ئەو گرووپەوە دروستبوون.

هەروەها رووداوەکانی ماوەی رابردووی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەرفەتی ئازادبوونی بۆ دەیان ئەندامی داعش رەخساند ،کە رەنگە لە دوای ئەم بانگەوازەوە سەرئێشەی گەورە بۆ حکومەتی سوریا دروست بکەن.

هەفتەی رابردوو، نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، داعش پێنج جار هەوڵیداوە ئەحمەد شەرع و دوو وەزیری حکومەتەکەی تیرۆر بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار