فەرماندەیەکی پێشووی ئەمریکا: لە چەند کاتژمێرێکدا ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشێنینەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەیەکى پێشووی سەربازی ئەمریکا دەڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئێران لەناوببات و هەڵیبووەشێنینەوە، و بۆردومانى پێگە مووشەک هاوێژەکانى بکات، بۆ ئەوەى سیستمى بەرگى ئەو وڵاتە پەکبخات.
بۆب هارود، جێگری فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە ڕۆژنامەی (زە یۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی وتووە، جێگیرکردنی ئەو کەشتى و ژمارە زۆرە سەربازەی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "تەنها نیشاندانی هێز نییە"، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا توانای هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕژێمی ئێرانی هەیە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا".
ئاماژەى بەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا سەلماندی کە ئەوەی دەیڵێت دەیکات، جەختیشى کردەوە، ئێستا وڵاتەکەى هەموو سەرچاوەیەکى پێویستی بۆ کردەوەی سەربازی ئامادەکردووە.
بۆب هارود، کە تا ساڵی ٢٠١٣ وەک جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بووە، بەو رۆژنامە ئیسرائیلیىەى وتووە، ئەگەر فەرمانی لێدان لە ئێران بدرێت، ئەوا بە پلە بەندى لە زنجیرەیەک ئامانج دەدرێت، سەرەتا بە دیاریکردنى تواناکانی هێرشبردنی ئێران دەستپێدەکات، لەگەڵ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان.
ئەو فەرماندە ئەمریکیە رونیکردۆتەوە، لێدان لە ئامانجەکان "لە خوارەوە بۆ سەرەوە" دەست پێدەکات، بەشێوەیەک هەنگاوى یەکەم پێگەى ستراتیژی مووشەکی و شوێنی هەڵدانی مووشەک دەکرێنە ئامانج، کە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست دەکەن، هەنگاوى دووەم، لێدانە لەو گرووپانەی هاوپەیمانى ئێرانن و لەدەرەوەى ئەو وڵاتەن و تاران پشتیوانییان لێدەکات، بەو پێیەى دەتوانن بە تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل مەترسی دروست بکەن.
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا پێشنیار دەکات، واشنتۆن بارەگای سوپای پاسداران و ئەو ئامرازانەی کە بۆ سەرکوتکردنی گەلی ئێران بەکارهێنراون بکاتە ئامانج و خۆیان لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی نیشتمانی بەدوور بگرن.
ئەوەشى خستەڕوو، توانا سەربازییەکانی واشنتۆن لەوە زیاترە کە لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستاندا بینراون، بەهۆی ئەوەی فێربووین تا ئەو پەڕى تواناى خۆمان لەڕووی تەکنەلۆجییەوە پەرەی پێبدەین، پێشتر دەمانتوانی ڕۆژانە چل تا پەنجا ئامانج بپێکین، بەڵام ئێستا ئەمریکا توانای ئەوەی هەیە ڕۆژانە سەدان ئامانج بپێکێت.
بۆب هارود، کە خۆى ماوەیەک لە ئێران ژیاوە دەڵێت، هەر چالاکیەکی سەربازی دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو ئامانجەی خەڵکی ئێران پشتیوانی لێدەکەن و دەبێتە هۆى بەرتەسککردنەوەی توانای ئەو رژێمە.
ئەو بەرپرسەى ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، هیچ کەسێک لە قەبارەی ڕاستەقینەى تواناکانمان تێنەگەیشتووە، چونکە پێشتر کەس نەیبینیوە، ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوە بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت، تواناکانى ئێمە گەیشتوەتە کوێ، لە ڕووی قەبارە و مەودا و خێرایی و تواناوە، جا بەراورد بە چین یان ڕوسیا بێت.
