پەیامێکى نوێ لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، عەبدوڵا ئۆجـ.ـەلان رایگەیاندووە، "سەردەمی نكۆڵیكردن لە زمان و نەتەوەی كورد كۆتاییهاتووە، پێویستە راپۆرتی كۆمیسیۆنی ئەنجومەنی نیشتمانیی توركیا لەگەڵ واقیعە كۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەكان یەكبگرێتەوە".

عەبدوڵا ئۆجـ.ـەلان وتوشیەتی:  ئێستا كاتی كۆبوونەوە و پێكەوە ژیانە و سەردەمی نایاسایی كۆتایهاتووە.

شاندی ئیمراڵی لە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦ دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، دیدارەکە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، لە ڕاگەیاندراوێکدا، هەڵسەنگاندنە گرنگەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەم دیدارەدا بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو:

کۆبوونەوەی دەستپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک

"ژیانی من، لە سەرەتای ڕاپەڕینمەوە لەنێو خێزانەکەم تا ئەمڕۆ، بە ڕیتمێکی خێرا دەربازبووە. هێشتاش هەر وایە. ئەم پرۆسەیەی کە تێمانپەڕاند، بەکورتی تێپەڕینە لە سیاسەتی توندوتیژی و جیاکارییەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و ئینتیگراسیۆن، ئەمەش هێز و توانای ئێمەی بۆ دانوستان پشتڕاست کردەوە.

پێویستە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕاستینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا بسازێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئایندەدا. ئەو سیاسەتەی بە لۆژیکی "نەهێشتنی تیرۆریزم" مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات، گوزارشتە لە بنبەست نەوەک چارەسەر.

پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەیەکە کە بەردەوام هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆی دەکات و ستراتیژ و تاکتیکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک کۆبوونەوەی دەسپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هەڵدەسەنگێنم. بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر بەڕێزەوە هەڤاڵ سری سورەیا ئۆندەر بەبیردەهێنمەوە. بەنیسبەت منەوە، ئەو مزگێنی و هەڤاڵێکی هێژا بوو.

ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە

ئەو پرۆسەیەی بەرەو دامەزراندنی کۆمار دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی تورک و کورد دامەزرا. هەرچەند دواتر ئەم ڕاستییە شاردرابێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە هەموو بەڵگەکاندا دەبینرێتەوە. ئەمە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆی، لەکۆنگرەکان و ڕاگەیاندنی کۆماردا پەسەندکراوە. خودی موستەفا کەمال لە ١٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٢١ لە ئەزمیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنەکانی دەربارەی کوردان خستەڕوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە. ئەوانەی نکۆڵی لەمە دەکەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانێکی توند و وێرانکەر دەدوێن. کورد لە بنک و بناغەی کۆماردا ئامادەیە. ئەو دەقە یاساییانەی دواتر ئامادەکران، کوردیان وەدەرنا، ناسنامە و زمانی کوردیان قەدەغەکرد، ئەمەش بووە سەرچاوەی نکۆڵی و سەرهەڵدان. ئەم پرۆسەیەی تێیداین، پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە نکۆڵی و سەرهەڵدان. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە لەنێو ئاشتییدا بژین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار