وەزارەتی ناوخۆ: بەبێ سەردان سزای هاتووچۆ بدە، مۆڵەتیشت پێ نەبوو ئاساییە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکی نوێی دیجیتاڵی بۆ شوفێران راگەیاند و ئاشکرای کرد، لەمەودوا شوفێران دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە مۆڵەتی شوفێری پیشانی پۆلیسی هاتوچۆ بدەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە روو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنییکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ ئەپڵیکەیشنی (KRDPass) زیادکرا کە تایبەتە بە مۆڵەتی شوفێری.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری "مۆڵەتی نوێی شوفێری دیجیتاڵین"، دەتوانن لە ئێستاوە کۆپی ئەلیکترۆنی و وردەکاریی مۆڵەتەکەیان لە ناو مۆبایلەکانیان ببینن، هەروەها هەموو وردەکارییەکانی مۆڵەتی شوفێری و کۆپییەکی دیجیتاڵی کەوتووەتە بەردەست شوفێران.

سەبارەت بەوەی ئەگەر شوفێرێک مۆڵەتی فیزیکی (پلاستیک)ی لەبیرچووبێت، راگەیەنراوەکە دڵنیایی دەداتە شوفێران و دەڵێت: "لەمەودوا ئەگەر مۆڵەتی نوێی شوفێریت لە لا نەبوو، لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، دەتوانن کۆپی دیجیتاڵی مۆڵەتەکەتان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ئاماژەبۆکراو پیشان بدەن و بێ کێشە تێپەڕ بن".

ئەپڵیکەیشنی KRDPass وەک دەروازەی ئەلیکترۆنی هاووڵاتیانی کوردستان، لەسەر هەردوو سیستمی (Android) و (iOS) بەردەستە و بەشێکە لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار