عێراق بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە پەنا بۆ بڕیارێکی بەعس دەبات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چرکردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لەدابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆی دروست بووە، بەو پێیەی رێژەی 90%ی کۆی گشتی بودجە بۆ مووچە دەڕوات، بەگوێرەی ئامارەکانیش زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر لەعێراق هەن، ئەمە جگە لەوەی لەشکرێکی گەورە خانەنشین و سوودمەندان لەچاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە مووچە لەدەوڵەت وەردەگرن.

شارەزایانی دارایی و ئابووری چەند ساڵێکە هۆشداری دەدەنە حکومەت، کەپرسی مووچە قەیرانی گەورە بۆ عیراق دروستدەکات، مانگی رابردووش ئەو قەیرانە بەدیکرا، بەگوێرەی دەرئەنجامەکانیش مووچه‌ی مانگی شوباتیش له‌كاتی خۆیدا دابه‌ش ناكرێ و دواده‌كه‌وێ، به‌ هۆی نه‌بوونی پاره‌ی كاش و نه‌ختینه‌ له‌بانكه‌كان، چونكه‌ لایه‌نە په‌یوه‌ندارەکان پاره‌ی پێویستیان بۆ دابین ناکرێت.

بەگوێرەی میدیاکان، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەڕێگەی گشتاندنێکی نوێوە، بڕیاری ژمارە (770)ی ساڵی 1987ی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە”ی کاراکردەوە، ئەم هەنگاوەش بەئامانجی کەمکردنەوەی فشاری دارایی سەر حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەی “فەرمانبەرانی زیادە” دێت، لەکاتێکدا کەهەموارکردنەوەی یاساکانی خزمەت و خانەنشینی لەپەرلەمان دواکەوتووە.

ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئەوەیە ڕێگە بەدامەزراوەکانی دەوڵەت دەدات ئەو فەرمانبەرانەی وەک “زیادە” (فائچ) پۆلێن دەکرێن، بخرێنە دۆخێکی هاوشێوەی “خانەنشینی کاتی”. ئەمەش وادەکات تێچووی مووچەکانیان لەسەر میلاکی کارا کەم ببێتەوە، بەبێ ئەوەی بە فەرمی دەستکاری یاساکانی ئێستای خانەنشینی بکرێت. 

ئەم گشتاندنە نوێیە ترسی لای فەرمانبەران دروستکردووە، زۆرێک نیگەرانن لەوەی ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی کارەکەیان و گۆڕینی فەرمانبەر بۆ خانەنشینێکی کاتی ڕەنگە هەرگیز نەگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هەروەها گومان هەیە کە ئەم میکانیزمە وەک “کاڵایەکی هەڵبژاردن” یان بۆ مەرامی سیاسی و حزبی بەکاربهێندرێت و تەنها ئەو کەسانە بگەڕێنەوە سەر کار کە پشتگیریی سیاسییان هەیە.

عەلی هادی شەریفی، شارەزای کاروباری سیاسی و یاسایی، دەڵێـت: پەنابردنی حکومەت بۆ ئەم دەقە کۆنانە، بەهۆی بوونی بۆشاییەکی گەورەی یاسایی و کێشە لەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014دا وەیە. ئەو شارەزایە پێی وایە پێویستە ئەم بڕیارە کەرتی سەربازی (بەرگری و ناوخۆ) بگرێتەوە تا یاسایەکی نوێ دەردەچێت.

هاوکات نەبیل مەرسومی، مامۆستای ئابووری لەزانکۆی بەسرە، دان بەگرنگی چاکسازییە ئابوورییەکان دەنێت و دەڵێت "دواکەوتنیی تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، بەڵام پێی وایە چینی سیاسی نایەوێت چاکسازی بکرێت چونکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت، بەڵکو چاکسازییەکی دەوێت کە زیان بەخەڵک بگەیەنێت، وەک لێبڕینی مووچەو زیادکردنی باجی گومرگی.

لەلایەکی ترەوە لێپرسراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرۆژنامەی شەرق ئەوسەتی وتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دووساڵە دژی سیاسەتی دامەزراندنەو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانیشی لەو پرسە ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام ناوبراو راشکاوانە وتوویەتی، یان دەبێت خەڵک لەکەرتی گشتی دابمەزرێنین یان دژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بینەوە کە داوای هەلی کار دەکەن.

ئەو لێپرسراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کەنەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت، تەئکیدیکردۆتەوە، حزب و لایەنە سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ تێکچوونی دۆخی ئابووری، چ لەڕێگەی دامەزراندنی ملیۆنان کەس، تاوەکوە هاوسۆزی سیاسیان هەبێت بۆیان، یان لەڕێگەی سێکتەرە ئابوورییەکانیانی خۆیانەوە کە سامانی گشتی بۆ خۆیان دەبەن، سەرەڕای ئەوانەش ئێستا ئامادەنین سنوورێك بۆ گەندەڵی دابنێین كە هەموو جومگەكانی وڵاتی گرتۆتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار