ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە سوریا دەستپێکردووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وۆڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە سووریا دەستپێکردووە، کە ژمارەیان نزیکەی 1,000 سەربازە. ئەم هەنگاوە بە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دە ساڵە دادەنرێت کە لە خاکی سووریادا بەڕێوەدەچوو.

چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی رابردوودا بنکەی تەنەفیان چۆڵ کردووە، کە پێگەیەکی ستراتیژی گرنگ بوو لەسەر سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا، ئوردن و عێراق. هەروەها کشانەوە لە بنکەی شەددادی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی هاتووە. بڕیار وایە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، تەواوی هێزە ئەمریکییەکان لەو شوێنانەی تریش کە ماونەتەوە، بکشێننەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم بڕیارەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دوای گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوخۆی سووریا دێت. دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2024دا رژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە رووخێنرا، دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرد و رازی بن بە تێکەڵبوونیان لەناو سوپای نیشتمانی سووریادا.

سەرەڕای بڕیاری کشانەوەکە، نیگەرانییەکی زۆر لای هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی و نێودەوڵەتی هەیە. ترسی ئەوە دەکرێت کە چۆڵکردنی سووریا ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی داعش یان شکانی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و کوردەکان. هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای نوێی سووریا کەسانی توندڕەو و لایەنگری قاعیدە و داعشی تێدایە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر سەربازانی ئەمریکی دروست کردبوو؛ بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمدا دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی لەلایەن ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە کوژران.

بەرپرسانی واشنتن جەختیان کردووەتەوە، ئەم کشانەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشی ئەگەری سەر ئێران نییە. ئێستا ئەمریکا هێزێکی دەریایی و ئاسمانی گەورەی لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە، لەوانە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەر شکستهێنانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران.

ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ بڕیاری کشانەوە لە سووریا دەدات. لە ساڵی 2018شدا هەمان بڕیاری دا، کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی جێمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەو کاتە. بەڵام دواتر بەشێک لە هێزەکان بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان مانەوە. ئێستا وادیارە واشنتن بە تەواوی لاپەڕەی ئامادەیی سەربازی لە سووریا دادەخات، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا حکوومەتی نوێی سووریا دەتوانێت سەقامگیری بپارێزێت، یان ناوچەکە جارێکی تر دەکەوێتەوە دەست گروپە توندڕەوەکان؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار