عێراق مانگانه‌ 600 ملیار دینار بۆ كەرتی كارەبا خەرجدەكات

کاتژمێرێک لەمەوپێش



روانگەی ئیكۆ ئاشكرایده‌كات، حكومه‌تى عێراق مانگانە نزیكەی 600 ملیار دینار بۆ كەرتی كارەبا خەرج دەكات، به‌ڵام تەنها یەك ملیار دیناری لەرێگەی پسوڵەی كارەباوە دەستدەكەوێتەوە.

روانگەی ئیكۆی عێراقی رایگەیاند، حكومەت مانگانە 600 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و چاككردنەوەی تۆڕەكان و كڕینی سووتەمەنی بۆ كەرتی كارەبا خەرجدەكات، ئەوەش بودجەیەكی زۆرە و هیچ رەنگدانەوەیەكی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا نییە، بەو پێیەی بەرهەمهێنانی ئێستا 28 هەزار مێگاواتە لەكاتێكدا خواست و پێداویستی وڵات نزیكەی 50 هەزار مێگاواتە.

ئاماژەی بەوەشكرد, داهاتی كۆكراوەی یەك مانگی كارەبای عێراق یەك ملیار دینار تێپەڕناكات، ئەوەش یەكسانە بە رێژەی 0.17%ی ئەو پارەی لەوە كەرتەدا خەرجدەكرێت، ئەم ژمارەیەش رەنگدانەوەی لاوازییەكی مەترسیداری سیستمی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا و نەبوونی سیستمێكی رێكخراوی داراییە بۆ كۆكردنەوەی پارەی كارەبا.

ئەو دامەزراوه‌ عێراقییە رونیكردۆتەوە، كەلێنێكی فراوان لە نێوان خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبا و كۆكردنەوەی داهاتەكەیدا هەیە، ئەمەش بە خوێنبەربوونی بەردەوامی دارایی وەسفدەكات و پێیوایە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان بۆ كورتهێنانی بودجەی گشتیی عێراق و بارگرانییەكی قورسی داهاتی گشتیشی دروستكردووە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوامیدان بەم خەرجیە زۆرە مانای بەردەوامیدانە بە قەیرانیكی درێژخایەن كە باجەكەی هاوڵاتی دەیدات بەبێ‌ ئەوەی خزمەتگوزاریەكی جێگیری دەستبكەوێت.

روانگەكه‌ داوا لە حكومەت دەكات بڕیارێكی بوێرانە دەربكات بۆ چاكسازیكردن لە پەیكەری راستەقینەی ئەو كەرتە، بەشێوەیەك بیداتە كەرتی تایبەت یاخود بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت بەرێوەیببەن، تاوەكو كۆتایی بە به‌فیڕۆدانی پارە بهێنرێت، چونكە پرسی كارەبا بەتەنها لەوەدا كۆنەبۆتەوە كە قەیرانێكی خزمەتگوزارییە بەڵكو گۆڕاوە بۆ قەیرانێكی دارایی و ئابووری كە بەشێویەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر سەقامگیریی وڵات هەیە.

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی کارەبای عێراق، له‌ئێستادا زیاتر لە 28 هەزار و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن و، بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بڕەش پشت بە هاوردەکردنی گازی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبەستێت، لەگەڵ مۆلیدەكانی ناوخۆ كە نزیكەی 10 هەزار مێگاوات بەرهەم دەهێنن، بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێریش بۆ هاووڵاتییان دابینبکرێت، پێویستی بە 55 هەزار مێگاوات کارەبایە، واتە نزیكەی 27 هەزار مێگاوات كورتهێنانی هەیە.

بەوتەی مەزهەر محەمەد ساڵح, راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەدوای ساڵی 2003وە زیاتر لە 120 ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵیی دارایی و ئیدارییەوە سیستمی كارەبای عێراق هیچ باشبوونێكی بەخۆوە نەبینیوە و نەتوانراوە كارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیان دابینبكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار